کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەتەر پێدانی ١٢ میلیارد دۆلار بە تاران بۆ مسۆگەرکردنی ڕێککەوتنی ڕەت کردەوە

14:59 - 5 جۆزەردان 2726

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە گوایە دۆحە بڕی ١٢ میلیارد دۆلاری بۆ سەرگرتنی ڕێککەوتنی نوێ پێشکەشی تاران کردووە.

ماجد ئەلئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند کە ئەم ئیدیعایانە لەلایەن تاقمێکەوە بڵاو دەکرێنەوە کە دەیانەوێت هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کەمکردنەوەی گرژی ناوچەکە تێک بدەن و پێگەی قەتەر وەک نێوبژیوانێکی جێی متمانە لاواز بکەن.

هاوکات، هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای پاسداران ئاشکرای کرد کە سەردانی محەممەدباقر قاڵیباف هاوڕێ لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ قەتەر، بە مەبەستی "ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکانی تاران بووە لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئەگەریدا"، چونکە کۆماری ئیسلامی پێداگری لەسەر وەرگرتنی ئەو پارانە دەکاتەوە.

ئەم گەشەسەندنانە لە کاتێکدا دێن کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەرگیز ڕێککەوتنێکی خراپ هاوشێوەی ڕێککەوتنەکەی باراک ئۆباما واژۆ ناکات، کە تێیدا بڕێکی زۆر پارە ڕادەستی تاران کرا و ڕێگەی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی خۆش کرد. ترامپ جەختی کردووەتەوە کە تەنها لەگەڵ ڕێککەوتنێکی گەورە و واتاداردایە.