کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترومای بەکۆمەڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ئەو برینانەی نەوە دوای نەوە دەگوازرێنەوە

13:36 - 4 جۆزەردان 2726

ڕۆژهات موکری

گێڕانەوەیەک لە ڕەنگدانەوەی ترس لە نێوان نەوەکاندا

ژنێکی تەمەن پەنجا و چەند ساڵەی دانیشتووی شارۆچکەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دەگێڕێتەوە هەر کاتێک مۆبایلەکەی لە شەودا زەنگ دەخوات، بە توندی دڵەکوتێ دایدەگرێ. دەڵێت ساڵانێکی درێژە بارودۆخی بەم شێوەیەیە؛ ڕێک لەو شەوەوە کە براکەیان برد و چیتر نەگەڕایەوە. ئەم ژنە نە لە زینداندا بووە و نە لە گرتنگەیەکدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، بەڵام هێشتا لە نێو واقیعی ئەو شەوەدا دەژی.

کچەکەشی بە هەمان شێوەیە؛ کچێک کە ئەو شەوەی نەبینیوە، بەڵام لە منداڵییەوە فێربووە لە زرینگەی زەنگی تەلەفۆن لە شەودا بترسێت. کەس ئەم ترسەی فێر نەکردووە، بەڵام ئەو ترسە لە کەشی ماڵەکەدا باڵکێش بووە و ئەویش وەک ئۆکسێژن هەڵیمیژیوە.

لە دەروونناسیی هاوچەرخدا، یەکێک لە باس‌وخواسە گرنگەکان ئەوەیە کە تروما (Trauma) تەنیا لە مێشکدا نامێنێتەوە، بەڵکوو لە جەستەشدا ڕەگ دادەکوتێ. لەم چوارچێوەیەدا، تێڕوانینی دەروونپزیشکی ناودار بێسڵ ڤان دێر کۆڵک (Bessel van der Kolk) گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە لەش تەنیا لەگەڵ زەین نییە، بەڵکوو خۆی یادەوەریی تروما هەڵدەگرێت؛ جەستە هەموو شتێکی لەبیرە. ئەو ترومایەی کە نەهێنرێتە سەر زمان و دەرنەبڕدرێت، لە ماسوولکەکان، سیستمی بەرگری، ڕیتمی دڵ و شێوازەکانی هەناسەداندا دەمێنێتەوە.

لەو شوێنەی ترس دەبێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە، ئەم شوێنەوارانە تەنیا دەروونی نین، بەڵکوو خۆیان لە جەستەشدا دەردەخەن؛ وەک سەرئێشەی درێژخایەن، ئازاری لەخۆڕای ماسوولکەکان، شڵەژانی خەو، کێشەکانی کۆئەندامی هەرەس و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە تەمەنی خوارووشدا. ئەم نیشانانە زۆرجار ڕەنگدانەوەی ئەو ئازارەن کە دەرفەتی دەربڕینی بۆ نەڕەخساوە. لە دۆخێکی وەهادا، پزیشکێک کە تەنیا سەیری جەستە بکات و لە مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نەخۆشەکە بێئاگا بێت، ناتوانێت بەتەواوی و دروست لە واقیعی نەخۆشییەکە تێ‌بگات.

لە ترومای تاکەکەسییەوە بۆ ترومای بەکۆمەڵ

کاتێک باس لە تروما دەکرێت، بیری زۆربەی خەڵک یەکسەر بۆ ڕووداوێکی تاکەکەسی دەچێت؛ وەک وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل، گیانلەدەستدانی ئازیزان یان ئەزموونی ئەشکەنجە. بەڵام لە پاڵ ترومای تاکەکەسیدا، جۆرێکی قووڵتر لە برینی دەروونی هەیە کە تەنیا تاکێک ناگرێتەوە. هەندێک جار نەتەوەیەک هەر هەمووی تووشی برینێک دەبێت کە ساڵانێکی درێژ لە یادەوەریی بەکۆمەڵدا دەمێنێتەوە و هێدی هێدی دەگوازرێتەوە بۆ نەوەی داهاتوو؛ شتێک کە بە ترومای بەکۆمەڵ (Collective Trauma) دادەنرێت.

ئەم جۆرە ترومایە بە شێوەیەکی گشتی لەو ژینگەیەدا سەر هەڵدەدات کە توندوتیژی، سەرکوتکاری، سووکایەتی، هەڵاواردن و نائەمنی دەبنە بەشێکی هەمیشەیی لە پێکهاتەی ژیانی ڕۆژانەدا. لە کەشێکی ئاوهادا، بابەتەکە تەنیا چەند ڕووداوێکی دابڕاو نییە؛ بەڵکوو خودی ژیانی ڕۆژانە دەبێتە سەرچاوەی دڵەڕاوکێ، و مرۆڤەکان کەم کەم فێر دەبن هەمیشە چاوەڕوانی هەواڵێکی خراپ بن، تەنانەت کاتێک ڕواڵەتی ژیانیش ئارام و بێدەنگە. بەمجۆرە بەرەبەرە جەستە و مێشک دەکەونە دۆخی ئامادەباشیی هەمیشەییەوە؛ دۆخێک کە تێیدا ئاسایش چیتر ئەزموونێکی ڕاستەقینە و جێگیر نییە.

دۆخی ئامادەباشیی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت، گوشاری سیاسی و ئەمنییەتی ساڵانێکی درێژە تەنیا لە ئاستی ڕووداوەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکوو بە ڕوونی شوێنپێی لە دەروونی بەکۆمەڵدا دەبینرێت؛ لە دڵەڕاوکێی بەردەوام، لە تووڕەیی سەرکوتکراو و لەو هەستی بێ‌پەناییەی لە دەمارەکانی ژیانی ڕۆژانەدا دەگەڕێ.

لەو ژینگەیەی ڕۆژانە هەواڵەکانی وەک: گرتن، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، بێسەروشوێنبوونی دەستبەسەرکراوان، کوژرانی کۆڵبەران، کۆچی زۆرەملێ، و هەڵاواردنی ئابووری و ئایینی، سەرکوت و گوشاری چڕی ئەمنییەتی بەردەوام دووپاتە و چەندپاتە دەبنەوە، مێشک و جەستە بەرەبەرە هاوسەنگیی خۆیان لەدەست دەدەن و دەچنە نێو دۆخی ئامادەباشییەکی بەردەوامەوە، بەجۆرێک کە تەنانەت چرکەساتەکانی بێدەنگییش لە ناخەوە لێوانلێون لە گرژی.

گواستنەوەی بێدەنگ و پەروەردەی ترس

منداڵێک کە لە کەشێکی ئاوادا گەورە دەبێت، بە شێوەیەکی نەخوازراو و نەویستراو لەگەڵ ئەم فەزایەدا پەروەردە دەبێت و ڕادێت. وشەکانی وەک زیندان، لێکۆڵینەوە، هەژاری، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، تەقەکردن و سووکایەتیکردن بە ناسنامە دەبنە بەشێک لە فەرهەنگ و یادەوەریی سەرەتایی ئەو. تەنانەت ئەگەر بۆخۆیشی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ توندوتیژیی ئەزموون نەکردبێت، دڵەڕاوکێ لە دەوروبەرییەکانیەوە فێر دەبێت؛ لە بێدەنگیی قورسی باوک، لە نیگەرانیی بەردەوامی دایک و لە کەشی خنکێنەری ماڵێکەوە کە زۆر شتی تێدا ناگوترێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو ئەوانەی فام کردووە. کەواتە ترس هەمیشە بە دەنگ و هاوار ناگوازرێتەوە؛ هەندێک جار لە بێدەنگیدا لانە دەکات و هەر لەوێشدا گەشە دەکات.

لە دۆخێکی وەهادا، بێدەنگی دەبێتە خاڵی چەق و ڕۆڵێکی ناوەندی دەگێڕێت: دایکێک کە بە چرپە و هێواشی قسە دەکات، باوکێک کە سیمای هەمیشە نیگەرانیی پێوە دیارە، و نەوەیەک کە فێربووە هەستەکانی بە تەواوی کپ بکات و دەرینەبڕێت؛ ئەوانە هەموویان بەیەکەوە خەریکی گواستنەوەی دڵەڕاوکێیەکی خامۆشن؛ دڵەڕاوکێیەک کە ڕەنگە هیچ ناوێکی فەرمیی نەبێت، بەڵام ئامادەیی و سێبەرەکەی لە ڕەفتار و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بە تەواوی بەرجەستە و هەست‌پێکراوە. دەرەنجامی ئەم هاوکێشەیەش، خولقانی ترسێکی درێژخایەنە کە بێ ئەوەی بە دەنگ گوزارشتی لێ بکرێت، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە.

ئاساییبوونەوەی دۆخی ئازار و داڕمانی دەروونی

یەکێک لە مەترسیدارترین لێکەوتەکانی ئەم دۆخە، ئاساییبوونەوەی ئازارە. کۆمەڵگە بەرەبەرە لەگەڵ دەنگی تەقە، مردن، بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ، سەرکوت، کەشی ئەمنییەتیی توند و هەواڵە تاڵەکان ڕادێت. ڕاهاتنێک کە هەرگیز نیشانەی چاکبوونەوە نییە؛ چونکە ئەو برینەی قسەی لەسەر نەکرێت و دەرنەبڕدرێت، تیمار نابێت، بەڵکوو تەنیا دەگوازرێتەوە بۆ چینە قووڵەکانی دەروون و لەوێدا بە شێوەی داخورانێکی هێدی هێدی و بەردەوام پەرە دەستێنێت. هەر بەم هۆیەشەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتدا لەگەڵ نیشانەکانی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، داڕمان و داهێزانی دەروونی، خووگرتوویی و ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و تووڕەیی شاراوە بەرەوڕوو دەبینەوە.

لە پاڵ هەموو ئەم گوشارە سیاسییانەدا، سووکایەتیکردن بە ناسنامە تێکدەرانەترین ڕۆڵی هەیە. مرۆڤێک کە بە بەردەوامی هەست بکات دەبێت زمان، کولتوور، مێژوو، ئایین، جلوبەرگ یان مۆسیقاکەی بشارێتەوە، بەرەبەرە تووشی داڕووخانی دەروونی دەبێت؛ کەلێنێک بەدی دێت لە نێوان خودی ڕاستەقینە و ئەو خودەی بۆی هەیە خۆی پێ دەربخات. ئەم درزە بە هێمنی و بێدەنگی پێش دەکەوێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت بۆ ماندوێتیی دەروونی، دڵەڕاوکێی درێژخایەن و هەستی ڕەگ و ڕیشە و ناسنامەیی. ئەو کەسانەی ساڵانێکی درێژ ناچار دەکرێن بەشێک لە خۆیان بشارنەوە، زۆرجار لەگەڵ جۆرێک لە دووکەرتبوونی دەروونیدا (دووفاقیی دەروونی) دەژین کە بەدایمە پێکەوە لە گرژی‌دان و ململانێی یەکتر دەکەن.

بەهێزبوونی بەرگری لە ناخی تروماوە

لە لایەکی دیکەش، ترومای بەکۆمەڵ تەنیا ئازار و مەینەتی بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو لە دڵی ئەم ئەزموونە قورسانەدا، بەرگری و خۆڕاگرییش شکڵ دەگرێت. یادەوەریی مێژوویی بەهێز، پاراستنی زمان، مۆسیقا، گێڕانەوەکان و نەریتەکان، هەموویان شێوازگەلێکن بۆ زیندوو ڕاگرتنی ناسنامە. ئەم بەرگرییە تەنیا ڕەهەندێکی سیاسی نییە، بەڵکوو دەروونییشە؛ جۆرێکە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی مرۆڤ لەژێر گوشاری ڕەهادا تێکنەشکێت و شتێک لە پێناسەی خۆی بپارێزێت.

ترومای بەکۆمەڵ هەندێک جار بە شێوازێکی پارادۆکسیکاڵ دەبێتە سەرچاوەی ناسنامەش. لە مێژووی کوردستاندا، ئازاری هاوبەش بووەتە یەکێک لە ڕەگەزەکانی یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی بەکۆمەڵ. زمان، مۆسیقا، شێعر و گێڕانەوەکان هەڵگری ئەم یادەوەرییەن. ئەم جۆرە لە بەرگریی کولتووری، خۆی شێوازێکە لە مانەوە؛ جۆرێکە لە ڕاگەیاندنی ئامادەیی لە هەمبەر فەرامۆشکردن و بیرچوونەوەدا.

بەڵام ئەم دۆخە مەترسییەکیشی هەیە: کاتێک ئازار دەبێتە بەشێک لە ناسنامە، خولی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەشی دەتوانێت بەردەوام بێت. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە نەوەی نوێ لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکی دووفاقەدا ڕووبەڕووە؛ هەم دەبێت یادەوەریی مێژوویی خۆی بپارێزێت، هەمیش دەبێت دەرفەتی چوونەدەرەوە لە بازنەی تروما بخوڵقێنێت.

قۆناغەکانی ساڕێژبوونی برینە کۆمەڵایەتییەکان

ساڕێژکردنی ئەم برینانە نە خێرایە و نە ساکار. ئەم ڕێڕەوە لە ناسینی برینەکەوە دەست پێ دەکات، بە گێڕانەوە دەگات، لە ماتەمگێڕان و شینگێڕی تێدەپەڕێت و لە کۆتاییدا بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی هیوا و هۆمێد کۆتایی دێت. لادانی هیچ کام لەم قۆناغە یەک‌بەدوای ‌یەکانە کارێکی مەحاڵە.

لەم بارودۆخەدا شکاندنی بێدەنگی خاڵی دەستپێکە. ئەو بێدەنگییەی ساڵانێکی درێژ ئازاری لە ناخی خۆیدا حەشار داوە. کۆمەڵگەیەک کە باس لە برینەکانی نەکات، دەرفەتی تێپەڕینیشی لێ زەوت دەبێت. لەم نێوەندەدا ڕۆڵی نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، دەروونناسان و هونەرمەندان تەنیا شرۆڤەکردنی دۆخەکە نییە، بەڵکوو گەواهیدانە؛ گەواهیدان لەسەر ئەوەی کە ئەم ئازارە ڕاستەقینەیە و دەبینرێت. هەنگاوی دواتر خولقاندنی ژینگەی ئارامە. کەش و ژینگەیەکی پارێزراو بۆ گێڕانەوە کە تێیدا قسەکردن لەسەر دڵەڕاوکێ، ماتەم و تووڕەیی بە لاوازی دانەندرێ. پاشان دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گرینگیی خۆی دەردەخات. بێگومان هیچ ساڕێژبوونێک بێ هەستکردن بە دادپەروەری مسۆگەر نابێت؛ دادپەروەری نە بە واتای تۆڵەسەندنەوە، بەڵکوو بە واتای بەفەرمی ناسینی ئازارەکە، قبووڵکردنی بەرپرسیارێتی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەمان بازنەی چەقبەستوو.

نەوەی نوێ و گۆڕینی ئاڕاستەی مێژوو

نەوەی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی لە پێگەیەکدا وەستاوە کە هەم باری قورسی یادەوەرییەکی بریندار هەڵدەگرێت، هەمیش بۆ یەکەمین جار ئامرازی زانستیی تێگەیشتن و گێڕانەوەی ئەو یادەوەرییەی لەبەردەست‌دایە. شکاندنی بازنەی ترومای نێوان نەوەکان بێگومان سادە نییە، بەڵکوو کارێکی کردەنییە؛ ئەویش کاتێک مرۆڤ بڕیار دەدات ئازارەکە بناسێت، بێ ئەوەی ڕێگە بدات تەواوی داهاتووی ئەو پێناسە بکات و ئاڕاستە بکات.

له کۆتاییدا، کۆمەڵگەیەک کە لە برینەکانی خۆی تێ بگات و شرۆڤەیان بکات لاواز نابێت؛ بەپێچەوانەوە، بۆ یەکەمین جار هەلێکی ڕاستەقینە بەدەست دەهێنێت بۆ ئەوەی لە ناخەوە و بە شێوەیەکی بنەڕەتی خۆی ساڕێژ بکاتەوە.