کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی ئینتێرنێت ٢٠٨٨ کاتژمێری تێپەڕاند

15:01 - 5 جۆزەردان 2726

بەپێی داتاکانی نێت بلاکس، پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران بەردەوامە و ئەم پچڕانە تاکوو ئێستا ٢٠٨٨ کاتژمێری تێپەراندووە.

لە کاتێکدا کە پچڕانی ئینتێرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێراندا پێی ناوەتە ٨٨ـەمین ڕۆژی خۆیەوە، شانۆگەریی نوێی باڵەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بێدەسەڵاتیی ڕەهای دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیان و قووڵیی دژایەتیی ڕێژیمەکەی لەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی خەڵک نیشان دەدات.

بەڵام ئەم پرۆپاگەندەییە زۆر لە لایەن ناوەندە ئەمنیی و قەزاییەکانی سەر بە عەلی خامنەییەوە تێک درا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کاربەدەستانی دەوڵەتی چواردەهەم بە زنجیرەیەک بەڵێنی درۆیین، باسیان لە گەڕانەوەی ئینتێرنێت بۆ دۆخی پێش بەفرانباری ڕابردوو کرد.

ئیحسان چیت‌ساز، جێگری وەزارەتی پەیوەندییەکان و فاتمە موهاجرانی وتەبێژی دەوڵەت بە شانازییەوە ڕایانگەیاندبوو کە بە فەرمانی پزشکیان "ستادی تایبەتی ڕێکخستنی فەزای مەجازی" پێکهاتووە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئینتێرنێت دەکرێتەوە.

نێت بلاکس لە ئاخرین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە سەرەڕای فەرمانی دوێنیی پزیشکیان بۆ گەڕاندنەوەی ئینتێرنێت، هێشتا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە و خەڵک لە ئینتێرنێت بێبەری کراون.