کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەما نەزەرییەکانی یەکنەگرتوویی و دابڕاوی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان (شیکردنەوەیەک لە دەلاقەی مەعریفی و فەلسەفی ڕا)

14:12 - 5 جۆزەردان 2726

شاهۆ حوسێنی

لێکترازان و نەبوونی تەبایی لە نێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرجار وەک کێشەیەکی تەکنیکی یان ڕێکخراوەیی لێی دەڕوانرێت و خویندنەوەی بۆ دەکرێت؛ وەک ئەوەی قەیرانەکە تەنیا بەرهەمی ملمڵانێی کەسایەتی، جیاوازیی ستراتیژی، ملمڵانێی لەسەر ڕابەرایەتی یان گوشارە دەرەکییەکان بێت. ئەم جۆرە شیکردنەوانە، هەرچەند تا ڕادەیەک بەشێک لە ڕاستییەکان لەخۆدەگرن و دەریدەخەن، بەڵام لە بنەڕەتدا ناتوانن خودی قەیرانەکە وەک دیاردەیەکی مێژوویی و مەعریفی بناسێنن. چونکە ئەگەر ئەم لێکترازانە تەنیا بەرهەمی هۆکارە ڕواڵەتی و ڕووکەشەکان بوایە، ئەوا دەبوو بە گۆڕانی مەرجە سیاسییەکان یان بە دروستبوونی هاوپەیمانییەکی تاکتیکی چارەسەر بکرایە. بەڵام مێژووی سیاسەتی کوردی نیشانی داوە کە دابڕان، نەک دیاردەیەکی کاتی، بەڵکوو جۆرێک لە دووبارەبوونەوەی مەعریفییە؛ ئەم قەیرانە زۆر زیاتر لەوەندەی وەک ئەگەرێکی هەڵکەوتوو، کە وەک شێوازێک لە بوونی زەینی خۆی دەردەخات. لەبەر ئەمە، قەیرانی یەکێتی لە نێوان حیزبەکانی کوردستان، پێویستە لە ئاستێکی ڕادیکاڵتردا بخوێندرێتەوە؛ واتە وەک قەیرانێک لە بەرهەمهێنانی "ئاسۆی مانایی هاوبەش". ئەوەی لە نێوان ئەم حیزبانەدا ون بووە، تەنیا هاوئاهەنگیی کرداری نییە، بەڵکوو نەبوونی چوارچێوەیەکی هزری و مەعریفییە کە بتوانێت جیاوازییە گوتاری و ئایدیۆلۆژیکەکان لە ژێر ئاسۆیەکی هاوبەشدا مانادار بکات. بە مانایەکی تر، قەیرانی یەکێتی پێش ئەوەی قەیرانی ڕێکخراوەیی بێت، قەیرانی "بەینازەینی"یە؛ قەیرانێک لە نەبوونی زمانێکی سیاسیی هاوبەش بۆ تێگەیشتن لە خودی "کورد"، ڕوانگەیەکی فەلسەفی لە مەڕ مانای خەبات، ئامانجی سیاسەت و پێوەندیی نێوان حیزب و نەتەوە.

بێگومان هەر پرۆسەیەکی سیاسی، لە بنەڕەتدا، لەسەر جۆرێک پێناسە بۆ "سوژە"ی خۆی بنیادنراوە؛ ئەو بوونە مێژوویی و سیاسییەی کە خەبات بۆی دەکرێت و مانای سیاسەت لە ئاراستەی ئەودا پێکدێت. بەڵام کێشەی سیاسەتی کوردی ئەوەیە کە هێشتا "سوژەی کورد" خۆی نەبووەتە بابەتی کۆنسێنسوسی مەعریفی. هەر حیزبێک لە ژێر بناغەیەکی ئایدیۆلۆژیک و مێژوویی جیاوازدا، کورد بە شێوەیەکی جیاواز دەخوێنێتەوە؛ جارێک وەک سوژەیەکی نەتەوەیی، جارێک وەک سوژەیەکی چینایەتی، جارێک وەک ناسنامەیەکی کولتووری و ئایینی یان تەنانەت وەک بابەتێک بۆ بەرهەمهێنانی دەسەڵات. لەبەر ئەمە، ئەوەی بە ناوی “یەکێتی” بانگەشەی بۆ دەکرێت، زۆرجار لە بنەڕەتدا داوای یەکخستنی دوو یان چەند تێگەیشتنی جیاوازە بۆ دەستەبەر کردن و دابەشکردنی دەسەڵات. هەروەها، ئەم دابڕاوییە تەنیا بەرهەمی جیاوازیی بیرکردنەوە نییە، بەڵکوو لە ژێر کاریگەریی مێژوویەکی پڕ لە شکستی هاوبەش، گومان، تیرۆر، دووبەرەکی و داڕمانی متمانەی سیاسی دروست بووە. یادەوەریی بەکۆمەڵی سیاسەتی کوردی، زیاتر لەوەی سەرچاوەی خۆئاگاهیی مێژوویی بێت، زۆرجار بووەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نەمامی و دووبارەکردنەوەی دابڕان. لە دۆخێکی ئاوادا، "ئەویتر"ی سیاسی، نەک وەک هاوبەشێکی مومکین، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەکی شاراوە سەیر دەکرێت.

قەیرانی سوژەی کورد

هەر وەک پێشتر باسی لێوەکرا، هەر پرۆسەیەکی سیاسی، بمانەوێ یان نەمانەوێ، لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ "سوژە"ی خۆی بنیاد نراوە. سوژە تەنیا تاکێکی سیاسی نییە، بەڵکوو ئەو بوونە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەیە کە خەبات و مانای سیاسی لەسەر دامەزرێت. لێرەدا گرنگترین کێشە ئەوەیە کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، تێگەیشتنێکی هاوبەشیان بۆ "سوژەی کورد" نییە.

هەندێک لەو حیزبانە، سوژەی کورد وەک سوژەیەکی نەتەوەیی دەبینن کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە دامەزراندنی مافی چارەنووسی نەتەوەیی. هەندێکی تر، سوژەی کورد لە چوارچێوەی ملمڵانێی چینایەتی و شۆڕشگێڕیی کۆمەڵایەتیدا دەخوێننەوە. لایەنێکی تر، سوژەی کورد بە شێوەیەکی کولتووری، ئایینی و ناسنامەیی دەبینێت، نەک تەنیا سیاسی. لەبەر ئەمە، هەر حیزبێک لە بنەڕەتدا لەگەڵ "کوردێکی جیاواز" کار دەکات. ئەم جیاوازییە تەنیا جیاوازیی سیاسی نییە، بەڵکوو جیاوازییەکە لە ئاستی ئۆنتۆلۆژی و مەعریفەدایە؛ واتە لە تێگەیشتن لە خودی بوونی "کورد"دا. لەبەر ئەوەی سوژەی هاوبەش نییە، ئاسۆی سیاسیی هاوبەشیش بەرهەم نایەت. بەم مانایە، قەیرانی یەکێتی پێش هەر شتێک قەیرانی سوژەسازییە.

دابڕانی یادەوەریی مێژوویی

هۆکارێکی تری قووڵی ئەم لێکترازانە، قەیرانی یادەوەریی مێژووییە. یادەوەریی بەکۆمەڵی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، پڕە لە شکستی هاوبەش، دابەشبوون، تیرۆر، ناکۆکیی نێوخۆیی و گێڕانەوە دژبەیەکەکان لەسەر ڕابردوو. لەجیاتی ئەوەی ئەم یادەوەرییانە ببنە بناغەیەک بۆ خۆڕەخنەیی و پێداچوونەوەی مێژوویی، زۆرجار بوونەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی گومان و نەمامی. لە زۆر حاڵەتدا، "ئەویتر"ی سیاسی نەک وەک هاوبەشێکی گونجاو، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەکی نێوخۆیی سەیر دەکرێت. بەم شێوەیە، متمانەی نێوانزەینی، کە بنەمای هەر هاوکارییەکی سیاسییە، لەنێو دەچێت. ئەمە دۆخێکی دروست کردووە کە تێیدا هەر بانگەشەیەک بۆ یەکێتی، پێش ئەوەی ببێتە پرۆسەیەکی سیاسی، دەبێتە بابەتی گومان.

لێرەدا گرنگە تێبینی ئەوە بکرێت کە یادەوەریی مێژوویی، تەنیا یادکردنەوەی ڕابردوو نییە؛ بەڵکوو میکانیزمێکە بۆ دروستکردنی ناسنامە و مانا. کاتێک ئەم یادەوەرییە دابڕاو و پڕ لە زامە مێژووییەکان بێت، ناتوانرێت ناسنامەیەکی سیاسیی هاوبەش بەرهەم بهێنرێت.

سەرەوژێربوونی پێوەندیی نێوان ئامراز و ئامانج

لە لۆژیکی سیاسیی نەتەوەییدا، چاوەڕوانی دەکرێت حیزب ببێتە ئامرازێک بۆ وەدیهێنانی پڕۆژەیەکی گەورەتر؛ واتە نەتەوە، ئازادی و مافی چارەنووس. بەڵام لە زۆر حاڵەتدا، هێژمۆنی، مانەوە و پاراستنی خودی ڕێکخراو بووەتە ئامانجی سەرەکی. بەم شێوەیە، جۆرێک سەرەوژێربوون لە پێوەندیی نێوان "ئامراز" و "ئامانج"دا دروست بووە. واتە، حیزب کە دەبوو خزمەت بە پرۆسەی نەتەوەیی بکات، خۆی بووەتە مەبەست. لە ئەنجامدا، هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ یەکخستن، وەک هەڕەشەیەک بۆ سنووری شوناسیی ڕێکخراوەیی سەیر دەکرێت. لێرەدا شوناسیی حیزبی بەسەر شوناسیی نەتەوەییدا زاڵ بووە. ئەم دیاردەیە تەنیا تایبەت بە حیزبەکانی کوردستان نییە. زۆرێک لە بزووتنەوە نەتەوەییەکانی جیهان تووشی هەمان قەیران بوون. بەڵام جیاوازیی دۆخی کوردستان ئەوەیە کە نەبوونی دەوڵەت و دابەشبوونی جوگرافیا، ئەم ملمڵانێیەی قووڵتر کردووە.

قەیرانی "یەکگرتوویی" وەک بەهایەکی ڕەها

بابەتێکی گرنگی تر ئەوەیە کە زۆرجار "یەکگرتوویی" وەک بەهایەکی ڕەها و بێ ڕەخنە باس دەکرێت. بەڵام دەبێت پرسیار بکرێت: ئایا هەموو جیاوازییەکی سیاسی نەرێنییە؟ ئایا فرەیی سیاسی ناتوانێت نیشانەی زیندوویی سیاسی بێت؟ لە ڕاستیدا، جیاوازیی ئایدیۆلۆژیک لە خۆیدا کێشە نییە. کێشەکە کاتێک دەست پێدەکات کە ئەم جیاوازییانە نەگونجێندرێن لە ژێر ئاسۆیەکی هاوبەشی نەتەوەییدا. بەم مانایە، پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان: یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی، هاوبەشیی ستراتیژی و ئاسۆی مانایی هاوبەش. ئەمانە یەک شت نین. ڕەنگە حیزبەکان هەرگیز لە ڕێکخراوێکی یەکگرتوودا کۆ نەبنەوە، بەڵام دەتوانن لەسەر ئاسۆ و ستراتیژییەکی هاوبەش ڕێکبکەون. قەیران لە خودی فرەیی سیاسی نییە؛ قەیران لە نەبوونی زمان و مانای هاوبەشە.

نەبوونی خۆئاگاهی ڕەخنەگرانە

لە کۆتاییدا، ڕەنگە قووڵترین و بنەڕەتیترین کێشەی سیاسەتی کوردی، بۆ دەرکەوتنی یەکێتی، نەبوونی "خۆئاگاهیی ڕەخنەگرانە" بێت؛ ئەو توانایەی کە بتوانێت خودی خۆی وەک بابەتی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە بخاتە بەردەم خۆی. زۆرێک لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، لە ماوەی مێژووی خەباتیاندا، زیاتر پەرژاونەتە سەر بەرهەمهێنانی گێڕانەوەیەکی پیرۆز لەسەر خۆیان تا دروستکردنی ئاگاییەکی ڕەخنەگرانە لە بناغە هزری و مێژووییەکانیان. بەم مانایە، ڕێکخراو نە تەنیا وەک ئامرازێکی سیاسی، بەڵکوو وەک جۆرێک لە "خودی پیرۆزکراو" خۆی نواندووە؛ خودێک کە نابێت بخرێتە ژێر پرسیار. هەر بۆیەش لە زۆر حاڵەتدا، شکست و لێکترازانەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی خراونەتە ئەستۆی "ئەویتر"؛ ئەو ئەویترە دەوڵەتانی ناوچە بن، ستراتیژیی نێودەوڵەتی بێت، حیزبی دیکە بێت یان خیانەتی تاکەکان. بێگومان، هێزە دەرەکییەکان و پێکهاتە جیوپۆلیتیکییەکان ڕۆڵی خۆیان هەیە، بەڵام کێشەکە لەوێدایە کە زۆرجار "ئەویتر" بووەتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی قەیرانی نێوخۆیی. واتە، بەجێی ئەوەی حیزبەکان خۆیان وەک بەشێک لە کێشەکە بناسن، خۆیان لە دەرەوەی قەیرانەکە وەستاندووە؛ وەک ئەوەی قەیران هەمیشە لە دەرەوەی ئەواندا بەرهەم هاتبێت. ئەمە نیشانەی جۆرێک لە غیابی "ئاگاییی دیالێکتیکی"یە؛ واتە ناتوانرێت ببینرێت کە ڕێکخراو خۆیشی بەرهەمهێنەری ئەو پێکهاتەیەیە کە پاشان سکاڵای لێ دەکات. بەم مانایە، حیزب تەنیا قوربانیی مێژوو نییە، بەڵکوو بەشدارە لە بەرهەمهێنانی ئەو مێژووەشدا. کاتێک ئەم تێگەیشتنە ون دەبێت، سیاسەت دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵە بە ناوی "خەبات".

لێرەدا پرسیارە گرنگەکان ئەمانەن: کام مۆدێلی هزری و ڕێکخراوەیی، خۆی بەرهەمهێنەری ئەم دابڕاوییە بووە؟ کام جۆرە لە سوژەسازی، تاکە سیاسییەکان لەسەر بناغەی ململانێی نێوخۆیی دروست کردووە؟ و کام تێگەیشتن لە دەسەڵات، ڕێگای لە دروستبوونی بوارێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و فرەیی سیاسی گرتووە؟

لە ڕاستیدا، زۆرێک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، هێشتا دەسەڵات لە "قۆرخکردنی ڕاستی"دا دەبینن، نەک بە مانای دروستکردنی بوارێک بۆ بوونی جیاوازی. بەم پێیە، هەر ڕەخنەیەک زۆرجار وەک هەڕەشەیەک بۆ بوونی ڕێکخراو سەیر دەکرێت، نەک وەک مەرجێک بۆ نوێبوونەوەی. لە دۆخێکی ئاوادا، ڕێکخراو بە جێی ئەوەی خۆی بکاتە بوارێک بۆ بەرهەمهێنانی ئاگایی، دەبێتە ئامرازێک بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی. ئەمەش واتای ئەوەیە کە "مانەوەی ڕێکخراو" جێگەی "واقیع" دەگرێتەوە. لە لایەکی ترەوە، زۆرێک لە حیزبەکان، لە ئاستی نێوخۆدا، میکانیزمێکی ڕەخنەیی بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی خۆیان دروست نەکردووە. لەبەر ئەمە، ڕابردوو نەبووەتە بابەتی فێربوون، بەڵکوو بووەتە بابەتی دووبارە پیرۆزکردنەوە. کاتێک مێژوو تەنیا بە شێوەی یادەوەریی قوربانی و قارەمانێتی بخوێندرێتەوە، ناتوانرێت ببێتە سەرچاوەی خۆئاگاهی. خۆئاگاهی لەو کاتەدا دروست دەبێت کە ڕێکخراو بتوانێت خۆی وەک "بابەتی ڕەخنە" ببینێت، نەک تەنیا وەک "خاوەنی ڕاستی".

لەبەر ئەمە، قەیرانی سیاسەتی کوردی، تەنیا قەیرانی ستراتیژی یان تاکتیک نییە؛ بەڵکوو قەیرانی پێوەندییە لەگەڵ خودی "واقیع". واتە، کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە حیزبەکان یەک ناگرن؛ بەڵکوو ئەوەیە کە هەر یەکێکیان خۆی بە ناوەندی مانا و ڕاستی دەزانێت. لە دۆخێکی ئاوادا، گفتوگۆ ناکرێت، چونکە گفتوگۆ پێویستی بە داننان بە ناتەواوی خۆی هەیە. ئەو ڕێکخراوەی خۆی بە خاوەنی تەواوی ڕاستی بزانێت، لە بنەڕەتدا پێویستی بە گفتوگۆ نابینێت. تا ئەم بناغە هزرییانە نەخرێنە ژێر ڕەخنە، بانگەشە بۆ یەکێتی زۆرجار لە ئاستی دروشم و هەستیاریدا دەمێنێتەوە. چونکە یەکێتی، پێش ئەوەی پرسی ڕێکخراوەیی بێت، پرسی توانای خۆڕەخنەکردنە. ئەو کاتەی ڕێکخراو بتوانێت خۆی وەک بەشێک لە کێشەکە ببینێت، تەنیا ئەوکاتە دەرگای گۆڕانکاریی مێژوویی دەکرێتەوە.

دەرئەنجام

لەم ڕوانگەیەوە، لێکترازانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان تەنیا دیاردەیەکی ڕێکخراوەیی یان ناکۆکیی ستراتیژی نییە؛ بەڵکوو نیشانەی قەیرانێکی قووڵتر و بنەڕەتیترە لە شێوازی خودی بوونی سیاسەت لە نێو ئەم کۆنتێکستەدا. ئەم قەیرانە بریتییە لە شکستی بەرهەمهێنانی "ئاسۆیەکی مانایی و حەقیقەتێکی هاوبەش"؛ واتە ئەو چوارچێوەیەی کە تێیدا جیاوازییەکان نەک وەک هەڕەشە، بەڵکوو وەک پێکهاتەیەکی نێوخۆیی و کارا لە پڕۆژەیەکی گەورەتردا ڕێکبخرێن.

لە ڕاستیدا، ئەوەی ڕوو دەدات لە سیاسەتی کوردیدا تەنیا کێشەی "یەک نەبوون" نییە، بەڵکوو کێشەی نەبوونی ئەو بوارەیە کە یەکێتی لە نێویدا مومکین بێت. یەکێتی وەک ئەنجامێکی تەکنیکی یان ڕێکخراوەیی سادە ناتوانێت چێ بکرێت، چونکە بناغەکەی پێشتر لە ئاستی مانا تێکشکاوە؛ واتە لە ئاستی ئەوەی کە "کورد"، "نەتەوە"، "سیاسەت" و "خەبات" لە ئاستی هزر و زەیندا چییە. کاتێک ئەم چەمکانە لە نێو خۆیاندا هاوڕێک و هاوبەش نەبن، هەر هاوپەیمانییەک تەنیا ڕێککەوتنێکی کاتی دەبێت لەسەر بەرژەوەندییە گۆڕاوەکان، نەک دروستبوونی یەک بەرەی مێژوویی.

بەگشتی لە بنەڕەتدا، قەیرانەکە قەیرانی "بەرهەمهێنانی مانا و حەقیقەت"ە. سیاسەت لێرەدا تەنیا بە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات یان پاراستنی بوونە سیاسییەکان ناسراوە، نەک وەک مەیدانێک بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی مەعریفی لەسەر مانای بوون و چارەنووس. ئەم جیاوازییە لە نێوان "سیاسەت وەک ئامراز" و "سیاسەت وەک بەرهەمهێنانی مانا" خۆی یەکێک لە بنەڕەتیترین خاڵەکانی قەیرانەکەیە. هەروەها، ئەم شکستانە پەیوەستن بە شێوازی تێگەیشتن لە سوژەی سیاسی. تا کاتێک "سوژەی کورد" نەبێتە بابەتی کۆنسێنسوسی مەعریفی، یان لانیکەم بواری هاوڕاییی قووڵی تیۆریی لەسەر نەدرێت، هەر حیزبێک ناچار دەبێت کورد بە شێوەیەکی تایبەت و جیاواز بخوێنێتەوە. ئەم خوێندنەوە جیاوازانە، لە کۆتاییدا دەبنە سەرچاوەی بەردەوامیی دابڕان، چونکە هیچ "کوردێکی هاوبەش" لە ئاستی تیۆریدا دروست نەکراوە کە جیاوازییەکان لە ژێریدا مانادار بن. بەم پێیە، قەیرانەکە پێش هەموو شتێک قەیرانی ناتەواوی خۆئاگاهی دێت. حیزبە سیاسییەکان زۆرجار خۆیان وەک ئەنجام دەبینن، نەک وەک هۆکار؛ و شکستەکان لە دەرەوەی خۆیان دەبینن، نەک وەک بەرهەمی پەیوەندیی نێوان خود و پێکهاتە. ئەم نەبینینی ڕەخنەگرانەی ڕۆڵی خۆ، دەبێت هۆی دووبارەبوونەوەی هەمان پێکهاتەی قەیران.

دەرئەنجامی ئەم ڕەوتە ئەوەیە؛ کە هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ یەکێتی، ئەگەر تەنیا لە ئاستی هاوپەیمانیی تاکتیکی یان لۆجستیکیدا بمێنێتەوە، ناتوانێت جێگیر بێت. چونکە قەیرانەکە لە بنەڕەتدا لە ئاستی "مەرجگەلی مومکینبوونی یەکێتی"دایە، نەک تەنیا لە ئاستی "شێوازی پێکهاتنی یەکێتی".

بەم پێیە، ئەو کاتەی کە ئاسۆیەکی هاوبەشی زەینی لەسەر سوژە، نەتەوە و مانای سیاسەت دووبارە بەرهەم نەهێندرێتەوە، هەر یەکگرتووییەک، ئەگەر هەبێت، دەبێتە کاتی، ناتەواو و بەستراو بە مەرجە گۆڕاوەکان. بەڵام ئەو کاتەی ئەم ئاسۆیە دروست بکرێت، جیاوازییە سیاسییەکان لە جێی ئەوەی ببنە هۆی دابڕان، دەبنە شێوازێکی پێویست بۆ پێکهێنانی یەک پڕۆژەی مێژوویی.

لە کۆتاییدا، چارەسەری قەیرانەکە نە لە سادەکردنەوەی جیاوازییەکان دایە و نە لە سڕینەوەیاندا، بەڵکوو لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی مەعریفی و سیاسییە کە بتوانێت ئەم جیاوازییانە بخاتە نێو یەک مانای هاوبەشەوە. بەبێ ئەم گۆڕانکارییە لە ئاستی بنەڕەتیدا، سیاسەت لە نێو کوردستاندا هەر دەبێتە گەڕانەوەیەکی بەردەوام بۆ هەمان دابڕان و لێکترازانەکە بە شێوازێکی نوێ.

· کۆنسێنسوس (Consensus) چەمکێکی فەلسەفی و سیاسییە، بە مانای: ڕێکەوتنی گشتی، هاوڕاییی بنەڕەتی، هاوبەشیی لەسەر بناغەیەک، یان بوونی تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر بابەتێک.