کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی کەسێکی دیکەی بە تۆمەتی سیخوڕی لە سێدارەدا

11:26 - 5 جۆزەردان 2726

بەربەیانی ڕۆژی سێشەممە، ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، حوکمی سێدارەی غولامڕەزا خانی شێکەرئاب، تەمەن ٣٤ ساڵ، قارەمانی پێشووی وەرزشی MMA و ڕاهینەر و داوەری نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ مافی دوایین دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە گرتووخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی سیناریۆسازی، تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"ی خستووەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی ئەردەبێڵ. 

غولامڕەزا خانی پێشتر لە تورکیە نیشتەجێ بوو، بەڵام ساڵی ڕابردوو لە گەشتێکیدا بۆ عێراق، لەلایەن هێزە تێرۆریستییەکانی دەرەوەی سنووری ڕێژیمەوە ڕفێندرا و بۆ نێوخۆی ئێران گوازرایەوە.

ئەم وەرزشوانە دوای چەندین مانگ ئەشکەنجە لە ژووری تاکەکەسی، لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا لەلایەن دادوەر "سەڵواتی"یەوە حوکمی لە سێدارەی بەسەردا سەپا. 

ناوبراو لە تەواوی پڕۆسەی دادگاییکردنەکەدا لە مافی پارێزەر بێبەش بوو و حوکمەکەی تەنیا لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ دەرکراوە. جێی ئاماژەیە کە براکەشی بە ناوی ئیسماعیل خانی بەهۆی ئەم دۆسییەوە دەسبەسەر کراوە و ئێستا لە گرتووخانەی ئەردەبێڵدایە.

بە لەسێدارەدانی غوڵامڕەزا، ژمارەی ئەو بەندکراوانەی کە لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوییەوە تا ئێستا بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی لە ئێران لە سێدارە دراون، لە ماوەی کەمتر لە ٧٠ ڕۆژدا گەیشتە لانیکەم ٣٩ کەس.