کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن ٩٢ ــ ٩٣

15:33 - 31 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی دەسپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن و کرانەوەی قوتابخانە و خوێندگاکان، یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، پەیامێکی بڵاو کردەوە.


دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

مامۆستایانی تێکۆشەر!
قوتابییان و خوێندکارانی رووناکبیر!
خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان!
هەروەک هەموومان ئاگادارین زانست و فێربوونی زانست لەو چەمک و بەها پیرۆزانەیە کە لەناو هەموو کولتوور و ئایین و بیر و بۆچوونێکدا رێزی لێگیراوە و بە حورمەتەوە سەیری کراوە. زانست و فێربوون و فێرکردن هەموو كات بەردەوام بووە و هەموو کات لەلایەن کۆمەڵگاوە رێز لە خوێندکاران و توێژی پێنووس بەدەست گیراوە، لەلایەکی ترەوە زانست و پەروەردەکردنی توێژی زانا بە‌هەموو پێوەرە زانستییەکانی سەردەم وەک هێما و بنەمای سەرەکی بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا دێتە ئەژمار و هەموو کۆمەڵگایەک هەوڵ دەدات کە بە باشترین شێوە ئەم پرۆسەیە لەناو تاکەکانی کۆمەڵگاکەی برەو پێ بدات تا لە هەموو بارێکەوە کۆمەڵگایەکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو پەروەردە بکات. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، دەسپێکی وەرزی پاییز هاوکاتە لەگەڵ کرانەوەی دەرگای قوتابخانە و زانستگا و ناوەندە فێرکارییەکان بەڕووی خوازیارانی فێربووندا‌، لە وڵاتی ئێمەشدا ئەم وەرزە هاوکاتە لەگەڵ چوونی بە میلیۆنان قوتابی و خوێندکار بۆسەر پۆلەکانی خوێندن و خۆتەیارکردن بە چەکی بەهێزی زانست و فێربوون.
لە گشت وڵاتانی جیهان بواری پەروەردە و بارهێنان وەک بەشێکی تایبەت چاوی لێ دەکرێت و دەسەڵاتداران ئیزنی تێکەڵاوکردنی ئەم بەشە گرینگە لەگەڵ کایە و مڵملانە سیاسییەکانی ناو بازنەی دەسەڵاتییان نییە، بەڵام بە داخەوە لە وڵاتی ئێمەدا بواری خوێندنیش وەک باقی بەشەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ کۆمەڵێک ئایدئۆلۆژی و بیری تەسکی دەسەڵاتداران لێڵ کراوە و هەر لە قوتابییەوە بگرە تا مامۆستا و بەرپرسانی خوێندنگاکان بە پێی پێوەرە ئیدئۆلۆژیكەكانی رێژیم هەڵدەسەنگێندرێن و گۆڕەپانی پیرۆزی قوتابخانە و زانستگاکان ئاخندراوە لە کۆمەڵێک بیر و باوەڕی سەدە ناوەڕاستی و خوێندن و بارهێنانی ناو قوتابخانەکان بە پێچەوانەی ئامانجە پیرۆزەکانی کە پەروەردە کردنی مرۆڤی تێگەیشتوو و رووناکبیر و مرۆڤدۆسته،‌گۆڕانی بەسەردا هاتووە و رێژیم لەم ناوەندەانە بەدوای پەروەردە کردنی هزری ترس و تێرۆر و دوژمنایەتی لەناو گەل و مرۆڤەکان و پەرەپێدان بە بیری تەسک و نەگونجاوی لەگەڵ دنیای سەردەم دایە. مامۆستایانی تێکۆشەر لە وەها کەشوهەوایەکدا، باس کردنی رێژیم لە هەرچەشنە گۆڕان و پێش خستنی بواری پەروەردە و بارهێنان جگە لە پڕوپاگەندایەک بۆ پۆست و مەقامی خۆیان و چەواشە کردنی راستییەكان مەبەستێكی دیكەی لە پشتەوە نییە، لە لایەکی ترەوە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، رێژیم هەموو کات لەگەڵ چەمکی خوێندن و پەروەردەی نەتەوەکانی ئێران کێشەی بووە و هەردەم دژی سەرەتایی‌ترین مافی گەلانی ئێران بۆ خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکیان بووە و تەنانەت لەگەڵ قسە کردنی ئەو گەلانە بە زمانی خۆیان لە پۆلەکانیشدا دژایەتیی نواندوە، لەم رەوشە ناڵەبارەدا ئێمە وەک یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە هەموو مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابییان، دەستی ماندوویەتی هەموو ئێوە مامۆستایانی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دەگووشین کە وێڕای هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمە و نەبوونییانە پێشمەرگەئاسا لە سەنگەری دژایەتی لەگەڵ بیری تەسک و بناژۆخوازیی رێژیمدا وەستاون و ئیزن نادەن کە مێشکی نەوەی داهاتوو بە هزری داخراوی تاریکی پەرەستان بئاخندرێت و لە هەمان کاتدا رادەگەیەنین کە قورس و قایم لەسەر داواکار مافە رەواکانی گەڵەکەمان بۆ دەستەبەربوونی سەرەتایی‌ترین مافەکان کە خوێندن و نووسین بە زمانی دایكی یەكێك لەوانە راوەستاوین و جەخت دەکەینەوە کە بێ دابین بوونی ئەم مافە سەرەتایی‌یانەی گەلانی ئێران باس کردن لە هەرچەشنە بەرەو پێش چوونی بواری پەروەردە و ‌هەوڵدان بۆ ئەم مەبەستە سەرکەوتوو نابێت. لە کۆتاییدا جارێکی تر وێڕای پیرۆزبایی گەرم بە بۆنەی دەسپێکی سەری ساڵی خوێندن لە هەموو ئەویندارانی خوێندن و زانست، ئاواتەخوازین کە ساڵێکی پڕدەسکەوت و بەرهەم بێت بۆ هەموو ئەویندارانی ئەو مەکۆیە پیرۆزە و هەرچی زووتر شنەبای ئازادیخوازی هەوری رەشی بێدادی و جەهل و نەزانی لە ئاسمانی وڵاتەکەمان راماڵێت.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران