کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٢ی ئاگۆست رۆژی جیهانی لاوان

16:42 - 22 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: كومیتەی بەڕێوەبەری گشتی یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٢ی ئاگۆست رۆژی جیهانی لاوان، پەیامێكی بڵاو كردەوە.


دەقی پەیامەكە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانە بەرێزەكان

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان

لاوانی خۆراگر و دەروەستی نەتەوەی كورد

لە لایەن كومیتەی بەرێوەبەری گشتی یەكیەتیی لاوانەوە گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییەكانی خۆمان بە بۆنەی ١٢ی ئاگۆست ، رۆژی جیهانی لاوان، پێشكەش بە سەرجەم لاوانی ئازادیخوازی جیهان بەگشتی و لاوانی شۆرشگێر و ماندووی نەناسی ئێران و كوردستان بە تایبەتی دەكەین.
لاوان هێزی گۆڕان و پێكهاتەشكێنی هەر كۆمەڵگایەكن و لە كۆمەڵگای ئێران و كوردستان یشدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توانا و پوتانسێڵەی كە توێژی لاو هەیەتی دەتوانن رۆڵێكی بەرچاو لە كۆمەڵگا دا بگێڕن.
بەڵام باسكردن لە چارەسەری كێشە و گرفتەكانی لاوان بە بێ بوونی ئازادییە سەرەتاییەكان لە كۆمەڵگا دا ئیمكانی نییە. و دەبێ ئەو راستییە قەبووڵ بكرێ كە تاكوو كۆمەڵگایەكی ئازاد و دێموكراتیك نەبێ، خواست و ویستەكانی لاوان و دابینكردنی، شتێكی مەحاڵە.
یەكێك لە سەرەتاییترین خواستەكانی لاوێك، ئازادبوونیەتی لە هەڵبژاردن بە ویستی خۆی و جۆری بەشداری و چالاك بوونی بە پێی حەز و ئارەزووكانییەتی لە ناو كۆمەڵگا دایە ، بەڵام سیستمی حاكمیەتیی ئەورۆی ئێران و زاڵ بووونی بیرێكی سەدەناوراستی لە لایەن دەسەڵاتدارانییەوە مەجاڵی دەرخستن و رەننگدانەوەی ئەو خواستانە هیچ مانایەك نادات.
هەر رۆژ دەیان لاو بە هۆی بەیانكردنی خواستەكانیان دەكەونە بەر ئەشكەنجە و ئیعدام و زیندانی كردن. هەڵاتنی مێشكەكان لە ئێرانی ئەمڕۆ دا بۆتە یەكێك لەو دیاردانە كە رۆژ بە رۆژ روو لە پەرەسەندن دەكات.
دیاردە كۆمەڵایەتییەكان لە ژێر سایەی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، نەك ئەوەی هەنگاو بۆ چارەسەری هەڵناگیردرێت، بەڵكوو خودی سیستمی حاكم، یەكێكە لە هۆكارەكانی گەشەپێدانی دیاردە دزێوەكان بە تایبەت لە نێو لاوان و بە تایبەتی تر لە ناو لاوانی نەتەوە بندەستەكان لە قەوارەی سیاسی ئێراندایە.
واقعیەتیی كۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران و زاڵبوونی ئەو سیستمە سەرەڕۆ و نادێموكراتیكە كە لە ئەسڵ و بنەڕەت دا دژە لاو و خواستەكانیەتیی، هەر رۆژ كۆمەڵگای ئێران بەرەو دواتر دەبات و كەڵەكە بوونی خواست و ویستەكانی توێژی لاو بۆتە یەكێ لە دیاردە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگای ئێران، و لە سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا هیچ پێناسەیەكی بۆ نەكراوە و لەو سیستمە دا هیچ هەنگاوێكی جیدی و بنەڕەتی لەراستای دەرك كردنی خواستی لاو دا هەڵناگیردرێت و قەدیش باوەڕی پێ نەبوو و ئەو ئیدئۆڵۆژیەش كە كۆماری ئیسلامی پێڕەوی لێ دەكات هیچكات ئیجازە نادات لەو راستایەدا هەنگاوی ئەرێنی هەڵبگرێت .
لە كاتێكدا یادی رۆژی جیهانی لاوان دەكەینەوە كە لە ئێرانی ئەمڕۆدا هێشتا شتێك بە ناوی مافی لاو و هەنگاونان لە راستای دابینكردنی خواست و ئارەزووەكانی لاوان، پێناسەیەكی نیە.
ئێمە وەكوو یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بەهەستكردن بە ئەو واقعیەتەی كە بوونی ئەو سیستمە رۆژ بە رۆژ كۆمەڵگاكەمان بە تایبەت لە كوردستان بەو مەحدوودیەتە سیاسی و كۆمەڵایەتییە كە ڕچاو دەكرێ، كۆمەڵگای كوردستان زیاتر بەرەو هەڵدێر و فەوتان دەبات. بۆیە باوەڕمان ئەوەیە كە ئەو سیستمە لە نێوەرۆك و زاتی خۆی دا لەگەل تاكی كورد و كوردستان نامۆیە و مانەوەی خەسارە فەرهەنگی، سیاسی، كۆمەڵایەتی یەكان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەكات . پێویستە لاوی كورد بە بەیان كردن و كاناڵیزە كردنی خواستەكانیان ، هەنگاوی جیدی بۆ نەمانی ئەو سیستمە هەڵگرن. تواناكانیان بۆ وەدیهێنانی كۆمەڵگایەكی ئازاد و دەموكراتیك كە لەویدا خواست و ویستەكانی لاوی كوردی تێدا مسۆگەر بكرێ، وەگەڕ بخەن. لەو باوەرش دایەن هەتاكوو مافە نەتەوەییەكانی لاوی كورد و لاوانی سەربە نەتەوەبندەستەكانی ئێران دابین نەكرێت ، دابین بوونی مافی سینفی و رێكخراوەیی ئەوان ئەستەمە.
جارێكی دیكە پیرۆزە 12ی ئاگۆست رۆژی جیهانی لاوان

كۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی