کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیکەرەی ئارووس و ئافرۆدیت لە چاوی ڕووحانی شاردرانەوە

22:32 - 10 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: سەفەری حەسەن ڕووحانی سەرۆک‏کۆماری ئێران، بۆ ئیتالیا، شاردنەوەی پەیکەرەی ئارووس و ئافرۆدیت لە کۆشکی کاپیتۆل و ناڕەزایەتیی هونەرمەندان و مێژوو نووسانی بەدواوە بوو.

بەپێی دەقی ئیلیاد، بەرهەمی شاعیرە ناوازە و نابیناکەی یوونان واتە هۆمێر، ئافرۆدیت کچی زێئووس و پەرییەکی دەریایی بە نێوی دیۆنێ‏یە، ئەم پەرییە دەریاییە گەلێک جوان و باوەڕێکی قووڵی بە عەشق و خۆشەویستی هەبووە. ئارووسیش خوداوەندێکی گەنج و بەپیی گێڕانەوەیەک، کوڕی ئافرۆدیت بە ئەژمار دێت. ئارووس بەپیی گێڕانەوەکە، لە هونەر و ئەدەبیاتی کلاسیکدا، بە داکۆکی‏کار و لایەنگری عەشقی هاوڕەگەز گەرایانەی نێوان پیاوان دەناسرێت و وەکوو خوداوەندی زاووزێ‏یش ناسراوە.

ئێستا پاس هەزاران ساڵ، وڵاتی ئیتالیا کۆمەڵێک لە پەیکەرە ڕووتەکانی ئەو کۆشکە و لەوانە پەیکەرەی ئەم دوو خوداوەندەی خستە بەر تیغی سانسۆڕ و بە هۆی سەردانی حەسەن ڕووحانی لە کۆشکی کاپیتۆل، جەستەی ڕووت و بەردینی هەزاران ساڵەیانی لە چاوی ڕووحانی شاردەوە، بەو هیوایەی حیجابی زۆرەملەی ئافرۆدیت ببیتە هۆی واژۆ کردنی چەند ڕێککەوتنێکی تیجاری لە نێوان ئەو دوو وڵاتە‏دا.

لەو پەیوەندییەدا، ئازادییە ژێربەژێرەکانی ئێران دەنووسێت؛وڵاتی ئیتالیا پەیکەرە ڕووتەکانی لە چاوی ڕووحانی دەشارێتەوە و کۆماری ئێسلامییش خانمە سیاسەتمەدارەکانی ئێتالیا لە کاتی سەفەریاندا بۆ ئێران، ناچار بە پۆشینی حیجاب دەکات و ئەمە ڕێزگرتنێکی یەک لایەنەیە.

دەرئەنجامی ئەم سانسۆڕە هۆنەرییە، واژۆ کردنی ١٧ رێککەوتننامەی تیجاری لە بواری وزە، گواستنەوە، تەندرووستی و کشتوکاڵی بوو لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بوو.

ئەم ساتوسەودایە بەدوور لە چاوی خودایانی ئارووس و ئافرۆدیت، ناڕەزایەتیی مێژوونووسان و هونەرمەندانی جیهانیی لێ‏کەوتەوە؛ کە وڵاتی کولتووریی ئیتالیا بەهێچ شێوەیەک نەدەبوو لەبەر میوانداریی ڕووحانی پەیکەرە کەوناراکانی خۆی داپۆشیبا.

ساڵی ١٩٩٩، محەممەد خاتەمی، سەرۆک‏کۆماری ئەو کاتی ئێران، لە سەفەری خۆیدا بۆ فەڕانسە، مەرجی دانەنانی شەراب لە سەر میزی نانخواردنی دانا، کە مەرجەکەی لە لایەن ئەو وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و لە کۆتاییدا تەنیا سەرۆک‏کۆماری فەڕانسە، ئێوارەخوانێکی سادەی لەگەل خاتەمی خوارد.

هەر لەو پێوەندییەدا، ساڵی ڕابردووش، کۆشکی ئێلیزە داخوازییەکی هاوشێوەی ڕووحانیی ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاند کە؛ لەبەر دڵی سەرۆک‏کۆماری ئێران، ئامادە نین چاوپۆشی لە نەریتی خواردنەوەی شەراب لەسەر میزی نان خواردن لە وڵاتەکەماندا بێنین.