کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی ژینگەپارێزی لە کوردستان بەردەوامە

15:49 - 18 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لە شارەکانی مەریوان، سەردەشت و بۆکان بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکیی ژینگەپارێزی بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، منداڵانی ژینگەپارێز لە مەریوان و ئەدیبانی ژینگەپارێز لە بۆکان بەرەو پیری سروشتی کوردستانەوە چوون و لە هەڵمەتێکی خۆڕسکی ژینگەپارێزیدا ئەمەگ و وەفادارییان بۆ نیشتمان دووپات کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: کۆمیتەی منداڵانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، دەستیان دایە پاک و خاوێن کردنەوەی گۆلی زرێبار و دەوروبەری و تێکڕای زبڵ و زاڵەکانی ئەو گۆلەیان کۆکردەوە.

منداڵانی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە کۆتایی ئەو هەڵمەتە ژینگەپارێزییەدا سروودێکیان لەژێر ناوی \'\'خوایە وەتەن ئاوا کەی\'\' خوێند کە شادیی خستە نێو دڵی گەشتیاران و هاووڵاتییان.

بەپێی ئەم راپۆرتە، نزیک بە ٣٠ منداڵ لەو چالاکییە ژینگەپارێزییەدا بەشدار بوون.

لەلایەکی دیکەوە و لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک لە ئەندامانی کەمپەینی کۆمەڵایەتی ــ فەرهەنگیی سروشتی شارەکەم، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە هەوڵێکی ژینگەپارێزیدا بە بەشداریی ژمارەیەک چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبیی شاری بۆکان، تێکڕای زبڵ و خاشاکەکانی ناوچەی گەشتیاریی \'\'پردی خۆلاماڵی\'\' خڕ کریەوە.

مستەفا ئیلخانیزادە، ئەمین گردیگلانی، حوسێن شێربەگی، سەلاح نساری، مونیرە فەیزە و بێهرووز ئەسراری ناوی کۆمەڵێک لەو چالاکانەی شاری بۆکانە کە لەو چالاکییە ژینگەپارێزگییەدا بەشدارییان کردووە.

لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی کەمپەینی ژینگەپارێزانی شاری سەردەشت لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٥ی جۆزردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژینگە، زبڵ و زاڵی دەوروبەری \'\'تاڤگەی شەڵماش\'\'یان خاوێن کردەوە.