کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار گوندی بۆکان بۆ خۆیان رێگای هاتوچۆیان نۆژەن دەکەنەوە

15:07 - 23 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: کەمتەرخەمیی بەرپرسان و گرینگی نەدان بە بواری ئاوەدانی لە کوردستانی ئێران، خەڵکی وەزاڵە هێناوە و خەڵک لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن رێژیمەوە، بێ هیوا بوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ رێگای هاتوچۆی چوار گوندی شارستانی بۆکان بەناوەکانی \'\'ئاڵی کەند، ئەسپۆغە، هەباس ئاوا و مەڵا لەر\'\' بە مەودای ٢٠ کیلۆمیتر، ماوەی زیاتر چوار ساڵە چاوەڕێی نۆژەنکردنەوەیە و هەموو ساڵێک بەرپرسانی رێژیمی ئێران بەڵێنیی چاک کردنەوەی دەدەن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵناگرن.
هاووڵاتییەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: بەرپرسانی رێژیم هەموو ساڵێک لە بۆنەکانی تایبەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیدا بەڵێنیی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو ٢٠ کیلۆمیتر رێگایەمان پێ دەدەن، بەڵام نەک هەر جێ‌بەجێی ناکەن، لە کاتی بەدواداچوونیشدا هیچ وەڵامێک نادەنەوە.
ئەو هاووڵاتییە وتی: ئێستا خەڵکی ئەو چوار گوندە بۆ خۆیان بە کۆکردنەوەی پارە و بە کرێ گرتنی لۆدێر و گریدێر دەستیان داوەتە نۆژەنکردنەوەی رێگاکە و خیزڕێژیان کردووە.
ئەو هەڵمەتەی نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانی گوندەکانی ئەسپۆغە، ئاڵی کەند، هەباس ئاوا و مەڵا لەر، ٣ رۆژ لە رێکەوتی ٢٠ هەتا ٢٣ی خایاندووە.