کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان سەری لە ڕەحیم سەفەوی شێواندووە

21:06 - 17 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری پلەبەرزی خامنەیی لە لێدوانێکی سەیروسەمەرە و وەهماویدا سەبارەت به ناردنی چەک و چۆڵ بۆ ئۆپۆزئسیۆنی کورد لە لایەن کۆنسولگەریی سعوودی لە باشووری عیراق، هۆشداری بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دا.

هەواڵدەریی فارس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووە کە؛ سەرلەشکری پاسدار یەحیا ڕەحیم سەفەوی هاوکار و ڕاوێژکاری پلەبەرزی نیزامیی خامنەیی، لە پرێس‌کۆنفڕانسێکدا لە گردبوونەوەی نێونەتەوەیی قەیرانە ژێئۆپۆلیتیکیەکانی جیهانی ئیسلام، کە سەر لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر بەڕێوەچوو، وێڕای جەختکردنەوە لە سەر سیاسەتە ستراتژیکەکانی ڕێژیمی ئێران که لە سەر پرسەکانی ناوچە و جیهان کاریگەریی هەیە، بانگەشەی ئەوەی کرد: سەرچاوەی دەرەکیی قەیرانەکانی ناوچە، سیاسەتەکانی ئامریکا و سەهیۆنیستەکان و ئینگلیسییەکان و هەندێک لە عەرەبەکان، بە تایبەت سعوودیەکانن.

سەفەوی هەروەها باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران دژی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، دابەشبوونی ئەفغانستان و ڕووخانی دەوڵەتی عێراق و ڕێژیمی سووریەیه.

ئەو پاسدارە ترس لێ نیشتووە باسی لەوەش کرد کە، پێوەندی ئێران لەگەڵ تاڵەبانی باشه، بەڵام لەگەڵ بارزانی بەپێچەوانەیە و دیسان دووپاتی کردەوە کە؛ ئێمە نیگەرانین کە هەریمی کوردستان خۆی لە بەرانبەر دەوڵەتی ناوەندیی‌دا سەربەخۆ بکات، چوونکه ڕێکەوتنیان لەگەڵ سەهیۆنیستەکان هەیە.

سەفەوی لە لێدوانێکی وەهماویدا وێڕای دەرخستنی ترس و تۆقین لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات، گوتی؛ بارزانییەکان ڕێگە بە کۆنسولگەریی سعوودییەکان دەدەن چەکوچۆڵ بە دژە شۆڕشەکان بدەن و لەو پێوەندییەدا هۆشداریان پێدەدەین.

ناوبراو وێڕای دووپاتکردنەوەی بانگەشەی بێ بنەما و توندڕەوانە، باسی لەوە کرد: کوردەکانی عێراق ئاریاینە و بنەچەکەیان ئێرانیە و ئۆگرییان بە ئێران هەیە، بەڵام دەبێ بزانن ئەگەر پێ بنێنە ئەو کایە سیاسییەوە، پێناچێت ئێران یارمەتییان بکات.