کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان ڕاناوەستێت

22:06 - 15 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەنگۆی كشانەوەی هێزەكانی خۆی لە سنوورەكانی نێوان كوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور بە تەواوی ڕەت دەكاتەوە.

پاش ئەوەی كە لە هێندێك لە میدیاكاندا بە شێوەیەكی ئامانجدار، هەواڵی كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات لە ناوچە سنوورییەكان بڵاو بووەوە، بەرپرسانی پێوەندیدار لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا ئەو هەواڵەیان بە تەواوی ڕەت كردەوە.

لەو پێوەندییەدا ڕۆستەم جەهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی شۆرای نیزامیی حیزبی دێموكرات لە وتووێژێكدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی تیشك، ڕایگەیاند: كشانەوەمان ئەسڵ و ئەساسی نیە و لە هیچ كۆڕ و كۆبوونەوەیەكدا شتی ئاوامان باس نەكردووە و ناچینە ژێر باری هیچ گوشارێكیش و من بە مەسئوولیەتەوە ئەمە ڕەت دەكەمەوە.

بەرپرسی شۆرای نیزامیی حیزب لەو وتووێژەدا ڕایگەیاند: كاتێك بڕیارمان دا كە قۆناغێكی نوێ لە خەبات و تێكۆشانمان لە ڕۆژهەڵات دەست پێ‌بكەین، هەموو لایەنەكانی ئەو خەباتەمان لێك داوەتەوە و دەستمان بۆ هەموو دۆست و ڕۆڵەكانی نەتەوەی كوردیش درێژ كردووە كە هاوكار و یارمەتیدەرمان بن لەم خەباتەدا و چاوەڕوانیمان لە براكانمان لە باشوور هەبووە و هەیە كە لانیكەم ئەگەر هاوكاریمان ناكەن، با ئاستەنگیشمان بۆ دروست نەكەن، چوونكە ئەو خەباتەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات دوژمنی وەلەرزە خستووە، دەبێتە پاڵپشتێكی باش بۆ هەرێمی كوردستان و حیزبەكانی، كە چی دیكە ئیزن بە ڕێژیم نەدەن كە گوشار بخاتە سەر هەرێم یان ناوچەكە بكاتە مەیدانی ڕمبازێنی خۆی.

بەڕێز جەهانگیری لە پێوەندی لەگەڵ گوشارەكاندا بۆ ڕاگرتنی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموكرات گوتی: ئەو گوشارانە لە لایەن هەر لایەكەوە بێت بۆ ڕاگرتنی ئەو خەبات و بەرخودانەمان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتدا، لە لایەن ئێمەوە بە تەواوی مەردوودە و قبووڵی ناكەین. ڕۆژی یەكەمیش كە ڕێبەریی حیزب بڕیاری لەسەر داوە، لە سەر ئەساسی لێكدانەوە و خوێندنەوەی واقیعی سیاسیی ناوچەكە و ئێران بووە و چەندین ساڵە كە هەوڵمان بۆ ئەمە داوە و كۆسپ و ئاستەنگەكانی سەر ڕێی ئەو خەباتەش كە تەنیا لە لایەن باشوورەوە نەبووە، لێكمان داونەتەوە و هەروەها باج و هەزینەی ئەو خەباتەشمان لە بەرچاو گرتووە، بۆیە لە پێناو سەرخستنی ئەو خەباتەدا ئامادەی هەر چەشنە قوربانیدانێك بووین و دەبین.

ناوبراو هەروەها ئەوەشی زیاد كرد: ئەو نرخەی كە ئەمساڵ بە خوێنی باشترین ڕۆڵەكانمان درا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە ئامادەین بۆ هەموو نرخ‌دانێك.

بەڕێز جەهانگیری لە درێژەدا وێڕای پێداگری لە سەر ئەوەی كە پێویستە پارچەكانی كوردستان قووڵایی ئیستراتژیكی یەكتر بن، ڕایگەیاند: خەباتی ئێمە پشتیوانێكی گەورەیە بۆ باشوور و فاكتەرێكە بۆ دابینكردنی سەقامگیری و ئاسایشی باشوور. بۆیە حكوومەتی باشوور نابێ هەمان گوشار كە دەوڵەتانی زاڵ بە سەر كوردستاندا بۆ خەباتگێڕانی پارچەكانی دیكەی دەهێنن دووپات بكاتەوە، چوونكە ئێمە یەك نەتەوەین و قازانج و بەرژەوەندیمان پێكەوە گرێ دراون. بە كورتی فەلسەفەی خەباتمان ئەوەیە كە ئیتر ئیزن نەدەین كە ڕۆژهەڵات ئیزۆلە بكرێت و گەلەكەمان لەوە زیاتر بچەوسێندرێتەوە.