کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوەستانی كوشتوبڕی خەڵكی سووریە، ڕاوێژكاری خامنەیی نیگەران كردووە

20:33 - 12 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: ڕاوێژكاری باڵای خامنەیی لە كاروباری نێودەوڵەتیدا، ئاگربەسی سووریەی بە بیانوویەك بۆ گۆڕینی حكوومەتی بەشار ئەسەد لە قەڵەم دا و نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە ڕاوەستانی ڕەوتی كوشتوبڕی خەڵكی سووریە دەربڕی. ئاگربەس لە سووریە پاش پێنج ساڵ شەڕی نێوخۆیی لەو وڵاتەدا ڕاگەیەندراوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی دیگەربان، عەلی ئەكبەر ویلایەتی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەو پێوەندییەدا وتی: ئاگربەس لە سووریە بیانوویەك بۆ لابردنی بەشار ئەسەدە.

ئەو هەروەها وتی: ڕۆژئاواییەكان و ئەمریكا دەڵێن بەشار ئەسەد كە پێنج ساڵ لە بەرانبەر هێرشی ڕۆژئاوادا خۆی ڕاگرتووە، لە دەسەڵات بكشێتەوە و بەكرێگیراوێكی ئەمریكایی بێتە ئەو وڵاتە.

یەكێك لە ئامانجەكانی وتوێژەكانی ئاشتیی سووریە كە ڕێژیمی سووریەش تێیدا بەشدارە، پێكهێنانی حكوومەتی كاتی و كشانەوەی بەشار ئەسەد بەپێی خشتەیەكی زەمەنیی دیاریكراوە كە ویلایەتی بە بێ ئاماژەكردن بە دەستكراوەیی بەشار ئەسەد لە ڕەتكردن یان قبووڵكردنی وەها پێشنیارێكدا گوتی: بێگومان ئەو بابەتە لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە قبووڵ ناكرێت.

كۆماری ئیسلامی كە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بە هەر نرخێك، دەستی لە هیچ تاوانێكی دژەمرۆیی لە سووریەدا نەپاراستووە، بانگەشەی ئەوە دەكات كە لەو وڵاتەدا تەنیا ڕۆڵی ڕاوێژكاری دەگێڕێت.