کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگه‌یه‌ندراوی یه‌کێتیی پیشه‌یی مامۆستایان و کۆمەڵێک ڕێکخراوی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

11:19 - 30 رێبەندان 2721

یه‌کێتیی پیشه‌یی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵێک ڕێکخراو و ئەنجومەنی فێرکاری و فەرهەنگی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

٢١ی فێورییە بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ناودێر کراوە. ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی ڕێکخراوی یوونسکۆ لە توێی کۆبوونەوەیەک بۆ وڵاتانی ئەندام، ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دیاری کرد. دواتر دەبیری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای پشتیوانیی خۆی، ئەم بۆنەیەی بە میراتێکی هەرەمەزنی مرۆیی ناو لێ برد و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە گرینگیدان بە وەها ئەرکێک دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێکڕای خەڵک هەم بە بایەخەوە لە پرسی زمانی یەکترین بڕوانن هەم ساناتر ئاڵوگۆڕی کولتووری بکەن، ئەوەش دەبێتە زامنی ئاسایشی گشتی و پێکەوەژیانی سالمتری لێ‌ دەکەوێتەوە.

شایانی باسە کە یوونسکۆ وەک بەشی کاروباری کولتووری ‌و فێرکاریی‌ نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تێگەیاندنی کۆمەڵگەی وڵاتانی ئەندام لە پرسی بەها کولتوورییەکان، دەبێتە هۆی ڕێزنان لە فرەچەشنیی مرۆیی، بەتایبەت ئاوڕدانەوە لە گەلانی پەڕاوێزخراو، هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەری گەشەی پرۆسەی ئاشتی ‌و سەقامگیری لە کۆمەڵگەی جیهانییە. لە بەر مەترسیی ئەوەی کە لە وڵاتانی فرەگەلی، چۆنیەتیی ڕێزگرتن لە مافی کەمینەکان لە ئاستێکی نزمدایە، یوونسکۆ لەسەر بەرزڕاگرتنی رۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە تێکڕای وڵاتانی ئەندام جەخت دەکاتەوە و داواکارە کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوەیە وەکوو یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانیان وەبیر دەخاتەوە.

یوونسکۆ لە بۆنەی ئەمساڵدا ئاماژەی بە دۆخی خەفەتباری کۆڤید-١٩ بۆ سەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کردووە و لەسەر گرێدانی تێکنۆلۆژی و فرەچەشنیی فەرهەنگی لە ڕێگەی زمانی دایکییەوە پێداگریی کردووەتەوە. ئەو ڕێکخراوەیە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تێکنۆلۆژی لە ڕێگەی زمانی دایکییەوە، وەها پوتانسییەلێکی تێدایە کە دەتوانێت بە گرفتە سەرەکییەکانی ئەمڕۆی جیهانی پەروەردە و فێرکردندا بچێتەوە. هەروەها ئەگەر سیستمی پەروەردە لەسەر بنەمای هەمەلایەنە و یەکسان بۆ هەمووان دابمەزرێت و زمانی دایکی وەکوو شاکلیل لە بەرنامەی دەرسیی قوتابخانەدا بگونجێت، کۆمەڵگەکان لە داهاتوودا شاهیدی هەوڵ ‌و تەقەلای فێرکاریی هەتاهەتایی بە شێوەی عادڵانە و خێرا بەپێی رەوتی سەردەم و بەبێ جیاوازی دەبن.

نابێ ئەو ڕاستییە لەبیر بکەین کە حکوومەتی هەنووکەی ئێران جیا لەوەی ئەندامێکی گرینگی یوونسکۆیە و لەوێدا نوێنەری داییمیی هەیە، بڕیارنامەی دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیشی واژۆ کردووە. کەوایە ئەو دەسەڵاتە بەنیسبەت بەڕێوەبردنی هەموو خاڵەکان و ناوەڕۆکی بڕیارنامە و پێشنیارەکانی ساڵانەی ئەو ڕێکخراوەیە بەرپرسیارە و دەبێ بە ئەنجامیان بگەیەنێت. کەچی بە پێچەوانە، نەتەنیا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لە ئاست ڕاسپاردە و پەسەندکراوەکانی یوونسکۆ هەڵناگرن، بەڵکوو وەک پیشەی جارانی خۆیان، بەنیسبەت کەمینە نەتەوەیییەکانی ئێران، لەسەر ڕێبازی نژادپەرستانەی هەڵاواردن‌ و دووچاوگی ڕوانین سوورن و لە بەرژەوەندیی گەلی باڵادەستدا پەنا بۆ چەمکی زاڵمانەی ئاسیمیلاسیۆن دەبەن.

مامۆستایانی دەروەست و مافخوازی کوردستان!

بۆ هەموو لایەکمان ڕوون بۆتەوە کە ڕێژیمی ئێران جیا لەوەی لەهەمبەر خزمەتگوزارییەکانی نیشتمانی ئێمە خۆی بە بەرپرس نازانێت، بەڵکوو ڕۆڵی داگیرکەری ‌و کۆلۆنیالیستیی گرتۆتەبەر. هەر بۆیە لە جیاتیی ئاوەدانکردنەوە، هەوڵی سووتاندنی سروشت و تاڵانی سامان و کوێرکردنەوەی شوێنەوارە فەرهەنگی و مێژوو‌ییەکانی گەلەکەمان دەدا و لەو نێوەدا بەداخەوە زمانی کوردیش گەورەترین هەڕەشەی لە سەرە. نوێترین نموونەی ئەو ئیدیعایە بریتین لە سزادانی زارا موحەممەدی وەک وانەبێژی سەرکەوتووی زمانی کوردی بە ٥ ساڵ زیندان، گوشارهێنان بۆ سەر مامۆستایانی مافخوازی کوردستان، کردنەوەی دۆسیەی ئەمنییەتی بۆ چالاکانی ناوەندە فێرکارییەکان، هەوڵی چەواشەکارانەی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد لەناو میدیا پاوانکراوەکانی ڕێژیم و بە ئەمنییەتیکردنی داخوازییە مەدەنییەکان. دیارە ئەم کردەوەگەلەی ڕێژیمی ئێران جیا لەوەی کە هیچ خزمەتێک بە تەبایی و پێکەوە ژیانی سەردەمیانەی گەلانی ئێران ناکەن، ڕاست بە پێچەوانە، هەوێنی ئاڵۆزی و ناتەبایین و زەمینەی جیاخوازی ‌و لێکدابڕان لە داهاتوودا پێک دێنن.

بەپێی زانیارییە ستاتیستیکییەکان، زیاتر لە ٦٠ لەسەدی منداڵانی ئێران لە خوێندن بە زمانی دایکی بێبەش کراون. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە یاسای بنەڕەتیی دەسەڵاتی ئێران لە چەند بڕگەدا بە ڕوونی ڕێگەی خوێندنی بە زمانی دایکی، وێڕای دابینکردنی خەرج ‌و پێداویستییەکان بۆ منداڵانی ئێران بەبێ‌ جیاوازی ئاوەڵا هێشتۆتەوە. کەچی بەو حاڵەش دەسەڵاتداران بە هیچ جۆر پێملی ئەو ڕاستییە نابن کە زمان میراتێکی سروشتی و مەعنەویی مرۆڤە و نابێ هیچ یاسا و ڕێسایەکی ئاسمانی و ئینسانی ڕێگە بدەن کە مرۆڤ لەو نێعمەتە بێبەش بکرێت. یان ئەگەر داگیرکەران پێیان وایە کە وەدیهاتنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد دەبێتە هۆی تەفروتوونابوونی کۆشکی دەسەڵاتەکەیان، بە دڵنیایی هەتا ڕێگری زیاتر بکەن، مەودای گەیشتن بەو ڕۆژەیان لێ ‌کورتتر دەبێتەوە.

قوتابییان! بنەماڵە بەڕێزەکان!

زمانی کوردی وەک زمانی دایکیی ئێمەی کورد، یەکێکە لەو زمانانەی کە بە درێژایی مێژوو لەلایەن داگیرکەرە جۆراوجۆرەکانەوە هەوڵی بێڕیزیکردن و بێهێزکردنی دراوە. ئەوان باش زانیویانە پەنجە لەسەر چی دابنێن و لە کامە بنەما بدەن. ئەوان باش دەزانن، زمانی کوردی یەکێکە لەو گرنگترین ئامرازانەی کە رۆڵی هەیە لە دروستکردنی هەستی هاوپێوەندی و ڕۆحی هاوبەشی مێژوویی. ئەوان باشیان زانیوە کە بەهێزبوونی زمان واتە بەهێزبوونی توانای داهێنان و پەروەردەکردنی کەسایەتیی بەهێز. ئەمەش واتە خۆبەدەستەوەنەدان و خۆ بەکەم نەگرتن. بە درێژایی مێژوو بەشێکی پرۆژە و پلانی داگیرکەران بریتی بووە لە لەناوبردنی ئەم زمانە، بەڵام بە خۆشییەوە، سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و زۆر و ڕێگرییانە، کەچی هێشتا گەلەکەمان قورس و قایم لە پشتی ڕاوەستاوە و وەک زمانێکی بەبڕشت، لە توێی ئەدەب و زانستە جۆراوجۆرەکاندا دەربڕین، داهێنان، ئارەزوو، ویست و هەستە جوانەکانی خۆیانی پێ ‌دەردەبڕن. ئەمەش بێگومان بەرهەمی دەرەنجامی شەونخوونی و خەباتی بێ وچانی هەموو تاکە خەباتگێڕەکانی ئەم نەتەوەیەیە. لەم ناوەدا نابێ نەخشی مامۆستایانی شوڕشگێڕ لەبیر بکەین کە بە هەوڵی بێ وچانی خۆیان پارێزەرانی ڕاستەقینەی زمانی دایکیی خۆیان بوون لە ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانەکاندا سەریان بۆ پیلانە نێگریسەکانی دەسەڵاتی زاڵم و داگیرکەر نەوی نەکردووە.

هەروەک دەبینین، ئەم ڕۆژانە ڕاپۆرت و هەواڵی چالاکییەکانی مامۆستایانی مافخوازی کوردستان لە سەرتۆپکی میدیاکاندا وەک بزووتنەوەیەکی بەهێزی مەدەنی دەبێنرێن. ئەوان هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە داوای مافەکانی خۆیان لە دژوارترین بارودۆخدا دەکەن و لەو میانەدا ڕووبەڕووی گەلێک گوشاری جۆراوجۆری دەسەڵاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهـ بوونەتەوە، کەچی لەناو داواکارییەکانیاندا مافی قوتابییان و بنەماڵەکانیان لەبیر نەکردووە و بە بەرزکردنەوەی دروشمگەلێکی وەک: "خوێندن بە زمانی دایکی، خوێندنی بەخۆڕایی، دروستکردنی قوتابخانەی سالم، بەرابەریی ڕەگەزی، نا بۆ قوتابخانەی تایبەتی" پێداگرییان لە مافەکانی قوتابی و کۆمەڵگە کردووە. هەر بۆیە ئەرکی سەرەکیی قوتابی و بنەماڵەکانیانە کە بە جیددی و لە مەیدانی کردەوەدا پشتگیری لە پرۆسەی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایانی خۆیان لە کوردستان بکەن.

لە کۆتاییدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، پیرۆزبایی لە هەموو ئاخێوەرانی زمانی کوردی و هەموو زمانە جیاوازەکانی دیکە دەکەین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو تێکۆشەرانە دادەنەوێنین کە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک و لە دژوارترین هەلومەرجەکاندا، بە ورەیەکی بەرز و بە ئیمان بە بەرابەری و یەکسانی، خزمەتیان بە زمانی کوردی کردووە.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

کۆمەڵیک ڕێکخراو و ئەنجوومەنی فیرکاری و فەرهەنگی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢٧٢١ی کوردی