کوردستان میدیا

هەینی 9ی جۆزەردان 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی كوردستانی ئێران بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكی

10:50 - 1 رەشەمه 2719

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە ناوەندی هاوکاری داوا لە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەکات بۆ پاراستنی زمانی دایکی و پەرەپێدانی فەرهەنگ و شوناسی خۆیان، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و زیاتر لە ڕابردوو شانبەشانی یەکتر بەرەنگاری پیلانە یەک لە دوای یەکەکانی ڕیژیم بۆ لەنێوبردنی زمانی دایکی و شوناسی نەتەوەیی خۆیان ببنەوە.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

زمان، سەرەکیترین ئامرازی پێوە‌ندیی نێوان تاكە‌كانی كۆمە‌ڵگا و یە‌كێک لە‌ سە‌رە‌كیترین كۆڵەكەكانی پێكهێنەری كەسایەتی و شوناسی مرۆڤە‌ و ئاخاوتن و فێربوون بە زمانی دایکی یەكێک لە سەرەتاییترین مافەكانی هەر تاكێك لە كۆمەڵگای مرۆییدایە.

لە‌ بواری سیاسیشەوە زمان، یەکێک لە بناغەکانی ناسنامەی‌ نە‌تە‌وە‌یی و‌ گەورەترین سەرمایەی کولتووری و  پردی پێوەندیی نێوان تاکەکانی هە‌ر نە‌تە‌وە‌یە‌ك و هێڵی جیاکەرەوەی لە نەتەوەکانی دیکەیە‌.‌

ئێران وڵاتێکی فرەکولتوور و فرەنەتەوەیە کە هەرکام لە نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەم وڵاتە خاوەنی زمان و شوناسی جیاوازی خۆیانن. بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ، ئاخێوەرانی هەر زمانێک مافی خۆیانە کە بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن و پەرەی پێ بدەن. ئەو مافە لە‌ زۆربەی بە‌ڵگە‌نامە نێونە‌تە‌وە‌ییەكانی وەك بڵاوكراوە‌ی زمانی دایكی، راگە‌یەندراوی جیهانیی مافی زمان، خاڵە‌كانی ٣ و ٤ی ڕاگە‌یەندراوی كە‌سانی سە‌ر بە‌ كە‌مایە‌تییە‌ نە‌تە‌وە‌ییە‌كان، گە‌لان، كە‌مایە‌تییە‌ زمانی و مە‌زهە‌بییە‌كان، مادە‌ی ٣٠ی كۆنڤانسیونی مافی منداڵ و مادە‌ی ٢٧ی رێككە‌وتنامە‌ی نێونە‌تە‌وە‌یی مافە‌ سیاسی و مە‌دە‌نییە‌كاندا بە ڕوونی ئاماژەی پێ كراوە‌.

لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكاندا هاتووە: "هەموو مرۆڤێك لەو كاتەوە كە لە دایك دەبێ مافی ئەوەی هەیە كە بە شێوەیەكی سروشتی بە زمانی دایكی خۆی بخوێنێت، بیر بكاتەوە و پەروەردە ببێت".

بەپێی لێكۆڵینەوە زانستییەكان، خوێندن بە‌ زمانی دایكی یارمە‌تیدەری منداڵ  بۆ تێگەیشتنی ئاسانتر لە وانە‌كانی خوێندن و راستە‌وخۆ بیركردنەوەیە. منداڵێك كە پەروەردەی بە زمانی دایكیی خۆی بێت، خێراتر بە‌ سە‌ر كۆسپەكاندا زال دەبێ، زیاتر هە‌ست بە‌ كە‌سایە‌تی و كەرامەتی خۆی دە‌كا و متمانە‌ی زیاتری بە‌ خۆی هە‌یە‌، شانازی بە‌ خۆیە‌وە‌ دە‌كا كە‌ كە‌سایە‌تییە‌كی سە‌ربە‌خۆی هە‌یە‌، دە‌رفە‌تی لەبارتری بۆ گە‌شەی هزری و پێشكەوتن دەبێ و تەنانەت خێراتریش فێری زمانی دیكە‌ دەبێ.

بە‌ پێچە‌وانە‌وە‌ ئە‌گە‌ر منداڵ بە‌ زمانی دایكی نە‌خوێنێ، لە‌گە‌ڵ زمانێكی دیكە‌دا ڕووبە‌ڕوویە‌ كە‌ هەر لە یەكەم ڕۆژەوە بۆی نامۆیە و كاتی زیاتری دە‌وێ تا گوێی بە بیستنی دە‌نگەكانەوە خوو بگرێت، مێشكی بۆ وە‌رگرتن و زمانی بۆ وتن ئامادە‌ بكات و دە‌ستە‌كانی بۆ نووسین رابێنێ. سە‌رە‌ڕای ئە‌م هە‌موو كۆششە تێگە‌یشتن لە‌ وانە‌كان بۆی دژوار دە‌بێ، بیری پرش و بڵاوە‌ و كاتی زۆری بۆ بیركردنە‌وە‌ و تێگە‌یشتن پێویستە‌. دە‌بێ لە مێشكی خۆیدا وشەكان وە‌رگێڕێ و ڕستە‌كان دروست بكات. لە‌ كاتی تێنە‌گە‌یشتندا هە‌ست بە‌ لاوازی و سەرشۆڕی دە‌كا، زۆربە‌ی كات دوو دڵە‌، منداڵێک كە‌ بە‌ سە‌ر زمانی دایكیی خۆیدا زاڵ نە‌بێ، لە‌ فێر بوونی زمانێكی دیكەشدا‌ پێشكەوتنی ئەستەم دەبێت.

بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە و لە یەك سەدەی ڕابردوودا حكوومەت لە‌ ڕێگای جۆراوجۆرە‌وە‌ سیاسە‌تی ئاسیمیلاسیۆن و سە‌ركوت و لە‌نێوبردنی زمانی نە‌تە‌وە‌ ژێردەستەكانی ئێرانی بەڕێوە بردووە‌. لە‌وانە‌ قە‌دە‌غە‌كردنی خوێندن بە‌ زمانی دایكی لە‌ قوتابخانە‌كاندا، قەدەغەكردنی ئاخاوتن بە‌ زمانی نەتەوە ژێردەستەكان لە‌ ڕەوتی كاری خوێندنگا و ئۆرگانە‌ دە‌وڵە‌تییە‌كاندا، بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ی ڕۆڵی ئەو زمانانە لە‌ كاری ڕۆژانە‌ی خە‌ڵكدا، بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ی بە‌رنامە‌كانی ڕادیۆ و تە‌لە‌ڤیزیۆن بە‌ زمانی گە‌لانی ژێردەست‌ و تێكدانی شێوەزارەكانیان لە ڕێگەی تێكە‌ڵكردنی نەگونجاوی وشەكانی زمانی نەتەوەی باڵادەستەوە، قە‌دە‌غە‌كردنی قسە‌كردن لە‌ قوتابخانە‌كاندا بە‌ زمانی دایكی، سووكایە‌تی بە‌ زمانی گە‌لانی دیكە‌ و پڕوپاگە‌ندە‌ی لەو چەشنە كە گوایە زمانی دایكیی ئەوان لە ڕووی زانستییەوە لاوازە و‌ وە‌ڵامدە‌ری داهاتووی پێشەییان نییە‌، هێنانی پەروە‌ردە‌ی ئایینی لە‌ باتی پەروە‌ردە‌ی نە‌تە‌وە‌یی لە‌ قوتابخانە‌كان، تە‌رخانكردنی بە‌رنامە‌كانی دە‌نگ و ڕە‌نگی كۆماری ئیسلامی بۆ زمانی فارسی و پەرەپێدانی هەرچی زیاتری ئەو زمانە لە ناوچەكانی نەتەوە بندەستەكاندا، دروستكردنی هە‌موو بە‌رنامە‌كانی منداڵان بە‌ زمانی فارسی بۆ ئە‌وە‌ی منداڵان هە‌ر لە‌ منداڵییە‌وە‌ بە‌ زمانی فارسی خوو بگرن و بەم دواییانەش گەڵاڵەی ڕووخێنەری "بەسەندەگیی زمانی فارسی" بۆ ئەو منداڵانەی کە دەیانەوێ بچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی، كۆمەڵێك لەو سیاسە‌تانە‌ن كە‌ بۆ بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ و لاوازكردن و لە‌نێوبردنی زمانی دایكیی گە‌لانی بندەست و بۆ وە‌دە‌رنانیان لە‌ مە‌یدانی ركە‌بە‌رایە‌تیی زمانی فارسی لە‌ پێش گیراون.

لە ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەرەتیی كۆماری ئیسلامیدا هاتووە كە زمانی فەرمیی خوێندن و نووسین زمانی فارسییە و هەموو بەڵگە و نووسراوە فەرمییەكان و پەرتووکی وانەکان دەبێ بە زمانی فارسی بێت، بەڵام كەڵك وەرگرتن لە زمانە ناوچەیی و قەومییەکانی دیكەی لە بڵاڤۆك و میدیاكان و وتنەوەی وانەی ئەو زمانانە لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە.

 بە پێچەوانەی تەبلیغاتی درۆیینی ڕێژیم، دەبێ بڵێین ئەو ئەسڵە هیچ پێوەندییەكی بە مافی خوێندن بە زمانی دایكییەوە نیە و تەنیا باس لە فێربوونی زمانی دایكی وەكوو وانەیەک لە تەنیشت وانەكانی دیكەدا دەكات نەک ئەوەی کە زمانی دایکی ببێتە زمانی وانەگوتنەوە. هەڵبەت تەنانەت حكوومەتیش لەو پێوەندییەدا ئەركدار نەكراوە و تەنیا باس لە ئازادبوونی زمانی دایكی كراوە.

بەڵام لە كردەوەدا ڕێژیمی ئێران تا ئیستا نەك هەر پشتیوانیی لە ئازادیی فێربوونی زمانی دایكیش نەكردووە، بەڵكوو باسكردن لە زمانی دایكی وەكوو هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، پڕۆپاگەندە دژی نیزام و پارچەپارچەكردنی وڵات چاوی لێ كراوە و  سزای قورسی بە سەر چالاكانی ئەو بوارەدا سەپاندووە.

لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا، كاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە تەنیا لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا بۆ فریودانی خەڵك و گەرمكردنی تەنووری هەڵبژاردن باسی لە دانی هێندێك وردە ماف بە نەتەوەكانی ئێران، بۆ نموونە باس لە جێبەجێكردنی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی دەکەن كە چی دواتر وەك هەموو بەڵێنییەكانی دیكەیان، ئەوەش بە ناڕاست دەردەچێت. کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا تەنانەت لەو پرسە گرینگەش بۆ نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی یەکڕیزیی گەلی کورد کەڵک وەردەگرێت و هەوڵ دەدا ئاخێوەرانی شێوەزارەکانی زمانی کوردی بە گژ یەکتردا بدات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پێداگری لەسەر پێویستیی خێرای بەفەرمیکردنی زمانی کوردی لە سیستمی بەڕێوەبەری و پەروەردەی کوردستانی ئێران و خوێندن بە زمانی دایکی وەکوو مافێکی سروشتیی و پێویستییەکی سەرەتایی ژیانی تاک و گەلی کورد، داوا لە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەکات بۆ پاراستنی زمانی دایکی و پەرەپێدانی فەرهەنگ و شوناسی خۆیان، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و زیاتر لە ڕابردوو شانبەشانی یەکتر بەرەنگاری پیلانە یەک لە دوای یەکەکانی ڕیژیم بۆ لەنێوبردنی زمانی دایکی و شوناسی نەتەوەیی خۆیان ببنەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی

٢٠ی فێڤریەی ٢٠٢٠ میلادی