کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی یازدە ساڵەی دامەزرانی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە ڕێوە چوو

14:09 - 24 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی یازدەهەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕێ کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکاران، ڕێوڕەسمێك بە بەشداریی سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ، ئەندامانی ڕێبەرایەتی و بەشێك لە ئەندامانی حیزبی دێموكرات و ژمارەیەک لە میوانان لە بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكرات بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەكێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و بزووتنەوەی خوێندكاری دەستی پێكرد.

پاشان پەیامی هەیئەتی ئیجرایی یەكیەتیی خوێندكاران لە لایەن جەمال فەتحی، ئەندامی هەیئەتی ئیجراییەوە خوێندرایەوە.

پاشان، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەو بۆنەیەوە لە لایەن محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبەوە پێشكەش كرا كە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پشتگیریی حیزبی دێموكرات لە خەبات و چالاكییەكانی خوێندكارانی كورد لە ئێران و بە تایبەتی یەكیەتیی خوێندكاران وەكوو بەشێك لە بزووتنەوی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی كورد كرابوو.

لە بەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمەکەدا، حیسام دەست‌پیش، مامۆستای زانستە سیاسییەكان باسێكی زانستیی لە سەر پێگە و تایبەتمەندییەكانی بزووتنەوی خوێندكاری و ئەركی خوێندكاران لە خەباتی ئێستا و داهاتووی كوردستانی ئێراندا پێشكەش كرد.

هەروەها لە دوو بڕگەی جیاوازدا، پەیامی یەكیەتییەكانی ژنان و لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە لایەن ڕۆژین بەهرامی و موحەممەد خوسرەوی، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو دوو ڕێكخراوەوە پێشكەش كرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا، كۆمەڵێك لە كەسایەتی و ڕێكخراوە زانستی و خوێندكارییەكانیش بە ناردنی پەیامی پیرۆزبایی بەشداریی ئەو ڕێوڕەسمەیان كردبوو كە لە لایەن پێشكەشكاری ڕێوڕەسمەكەوە ئاماژە بە ناوەكانیان كرا.

هەروەها دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش بە پێشكەشكردنی چەپكەگوڵێك پیرۆزبایی ئەو بۆنەیەی لە یەكیەتیی خوێندكاران كرد.

لە بەشی كۆتایی ڕێوڕەسمەكەشدا كاروان شەرەفی، سكرتێری یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەوحی ڕێزلێنانی پێشكەش بە كۆمەڵێك لەو مۆزیسیەن و هونەرمەندانە كرد كە هاوكاریی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەكەیان كردبوو.

لە نێوئاخنی كۆڕیادی یازدەهەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا، هونەرمەندانی كۆڕی مووزیكی كۆمیسیۆنی پەروەردی حیزبی دێموكرات چندین كۆپلە گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانەیان پێشكەش كرد كە لەگەڵ پێشوازیی بەشداربوان بەرەوڕوو بوو.

13687.JPG

13686.JPG

13685.JPG

13684.JPG

13688.JPG

13683.JPG

13689.JPG

13690.JPG

13691.JPG

13692.JPG