کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامی هەژاری لە ئێران بەرهەم دێنێ

21:13 - 29 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: بە وتەی بەرپرسی کومیتەی ئیمدادی خومەینی، ڕێژەی هەژاری و لێقەوماوی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئێران لە حاڵی بەرزبوونەوەدایە و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکان نەیانتوانیوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

پەرویز فەتاحی لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی کاری ئێران ئیلنا ڕایگەیاند: هەوڵەکانی مەجلیس و دەوڵەتی کابینەی ڕووحانی وەکوو دەوڵەت و مەجلیسەکانی پێشوو نەیانتوانی پێش بە بەرزبوونەوەی هەژاری و دەستکورتی لە ئێراندا بگرن.

ئەو بەرپرسەی کومیتەی ئیمدادی خومەینی لە درێژەدا دەڵێت: بەشێکی زۆر لە هەژاران و لێقەوماوانی وڵات، چ ئەوانەی لە ژێر هێلی هەژاری‏دان و چ ئەوانەی بەرەو ئەو هێڵە دەڕۆن، یەکجار زۆرن لە ئێران.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەردەوام لە حاڵی بەرهەم هێنانی هەژاریدایە و بەنیسبەتی ئەو هەژارییەش، ڕێژەی داواکاری و هارێکاریی خەڵکی لێقەوماو، ڕوو لە پەرەسەندنە.

بەرپرسی کومیتەی ئیمدادی خومەینی، دەوڵەت و مەجلیسەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بێ‏کیفایەت ناوزەد کرد کە ناتوانن پێش بە بڵاوبوونەوەی هەژاری لە ئێراندا بگرن.

بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە بڵاوکردنەوەی ئامار و ڕەقەمێک کە پەیوەندی بە هێڵی هەژاریی و دەستکورتییەوە بێت لە ئێران، خۆدەبوێرن، بەڵام بەپێی هێندێک ڕاپۆرت کە لە ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی‏دا، بەشێوەی نێونجی داهاتی ساڵانەی کەسە کەمداهاتەکان، ٤میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن بووە، لە کاتێکدا کە داهاتی سەرمایەدارەکان ساڵانە ٤٣ میلیۆن و ٥٨٠ هەزار تمەن خەمڵێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ئاماری کومیسیونی کۆڕی ڕاوێژکاریی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نیزام بڵاوکراوەتەوە، لە سەدا ٢٥ی بنەماڵە هەژارەکان لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، گوڵستان، خۆراسانی باکوور و باشوور نیشتەجێن.