کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سەرچڵی تێرۆریزم لە جیهاندا

14:39 - 10 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ڕێکخراوە حقووقییە نێودەوڵەتی و عەرەبییەکان داویان کرد، دانیشتنێک لە ژنێڤ لە سەر تاوتوێکردنی ئێران پێتەختی تێرۆریزم بەڕێوە بچێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێکخراوە حقووقییە نێودەوڵەتی و عەرەبییەکان، داوایان لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە شاری ژنێڤ کرد کە دانیشتنێک لە سەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە وڵاتانی عەرەبی‌دا، بەڕێوە ببات.

ئەو ڕێکخراوانە، لە پەیامێک‏دا داوایان لە کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران تاوتوێ بکەن.

ئەو ڕێکخراوانە داوایان کردووە کە ئەو دانیشتنە لە ٣١ـەمین خولی ئاسایی شوورای مافی مرۆڤ بەڕێوە بچێت و سەبارەت بە ئێران وەکوو پێتەختی تێرۆریزم لە جیهاندا، وتووێژ بکەن.

هەروەها، ئەو ڕێکخراوە حقووقییە نێودەوڵەتی و عەرەبیانە لەو پەیامەدا بۆ کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ لە ژنێڤ، ڕێژیمی ئێرانیان بەوە تاوانبار کرد کە ئەو ڕێژیمە تێرۆریزم بۆ جیهان هەناردە دەکات و ئاژاوە لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەنێتەوە.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، ئاشکرای کردووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە توندی پشتگیری لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی لە هەموو جیهاندا کردووە و تەنانەت بوونی خۆی لە ئەفریقا بەهێزتر کردووە.

هەروەها، فیلیپ هاموند، وەزیری دەرەوەی بریتانیا هۆشداری بە رێژیمی ئێران دا کە؛ لە ئەگەری درێژەدان بە پشتیوانی لە تیرۆریزم، بوار بۆ وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی هەڵگرتنی هەنگاوی سەربەخۆ لەبار دەبێت.