کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوە کلتوورییەکانی دیاسپۆرای کورد لە فەرانسە بەبۆنەی سەدەمین ساڵوەگەڕی پەیمانی سیڤەر نامەیەکیان بۆ سەرکۆماری فەڕانسە ناردووە

13:46 - 20 گەلاوێژ 2720

بەبۆنەی سەدەمین ساڵوەگەڕی واژۆکردنی پەیمانی (Sèvres)، کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە کلتوورییەکانی دیاسپۆرای کورد لە فەرانسە، نامەیەکیان بە زمانی فەرانسەیی بۆ سەرکۆمار "ئیمانوئێل ماکرۆن" ناردووە.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز سەرکۆماری فەرانسە

مژار: یادی سەد ساڵەی پەیمانی

بەڕێز سەرکۆمار،

سەد ساڵ لەمەوبەر، واتە ١٠ی ئووتی ١٩٢٠، پەیمانی سیڤەر لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتانی زلهێزی جیهان یەک لەوان دەوڵەتی فەرانسە، لە شاری سیڤەر ( Sèvres) هەڵکەوتوو لە نزیک پاریس واژۆ کرا.

بەپێی ئەو پەیمانە، لە مادەی ٦٢دا بەمجۆرە بە مافی ئۆتۆنۆمی ئاماژە کرابوو: "کۆمیسیۆنێک لە نوێنەرانی فەرانسە، ئیتالیا و بریتانیا پێک‌ بێت و لە ماوەی ٦ مانگدا ئامادەکاری بۆ ساخکردنەوەی هەرێمێکی کوردی لە نێوان ئەرمەنستان، تورکیە، ڕۆژهەڵاتی فورات و لاسەرووی سووریە بکرێت".

لە مادەی ٦٤دا، لە نەتیجەی واژۆکردنی پەیمانەکە، دروستکرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دیاری کراوە، بەپێی ئەو ئاماژەیە، ئەگەر کوردەکان خوازیاری دەوڵەتی خۆیانن و دەیانهەوێ لە تورکیە جیا ببنەوە، ماوەی ساڵێک کە لە ڕۆژی واژۆکردنی پەیمانەکەوە دەست پێدەکا، دەرفەتیان هەیە بۆ ئەو مەبەستە نوێنەرەکانی خۆیان بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بناسێنن. ئەگەر شورای ئاسایش هەستی بەوە کرد کە کوردەکان توانای دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە و ئەوەش دەخوازن، ڕێگەیان پێدەدرێ و ئەوان دەوڵەتی تورکیە ناچار دەکەن کە لە هەرێمی دیاریکراوی کوردستان بکشێتەوە".

دەوڵەتی فەرانسە هەم وەک ئەندامێکی سەرەکی بەهێزی بەرەی پێوەندیدارو هەم وەک خانەخوێ، یەکێک لە کاراکتەرە پاڵنەرەکانی ئەم مادەیە بووە.

پەیمانی سیڤەر ئەگەرچی هیچ کات جێبەجێ نەبوو، بەڵکوو پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی ژووئیەی ١٩٢٣ جێگەی ئەوی گرتەوە. پەیمانێک کە لەودا پرۆژەی  پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی سڕدرایەوە. وەک دەبینین لەو دەمەوە کوردەکان لە بارودۆخێکدا دەژین کە بۆ داوای تەنیا مافە سەرەتاییەکانیان ڕووبەڕووی ئینکار دەبنەوە و ڕۆژانە بە شێوەی خوێناوی سەرکوت و قەڵاچۆ دەکرێن.

فەرانسە دۆستێکی لە مێژینەی گەلی کوردە و ئێمە بەوە پێدەزانین بۆ وێنە، پشتیوانی لە کوردەکانی عێراق، لە ئاستی نێونەتەوەییدا، بە تایبەت لە شورای ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کە ڕێگەی دا دۆخی فیدراڵی دروست بێ.

لەلایەکی دیکەوە، لە ساڵی ٢٠١٥وە  فەرانسە زۆر چالاکانە لە ڕۆژئاوا (باکووری سووریە)  حوزووری هەیە و لە بەرانبەر ڕێکخراوی تێرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامیدا شەڕ دەکات،  ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە گەلی کورد و فەرانسە گەلێک ئێش ‌و ئازاریان لە دەست ئەو ڕێکخراوە دیوە.

بەم حاڵە نابێ کە پشتیوانی فەرانسە لە کوردەکان تەنیا لە ململانێ بە دژی داعش کورت بکرێتەوە، خەباتی کوردەکان بۆ وەدەستهێنانی ماف ‌و مەجودییەتی قانوونی خۆیان، بەر لە دەرکەوتنی داعش هەر لە ئارادا بووە و دوای تێکشانیشی هەر بەردەوام دەبێت.

بەبۆنەی سەدەمین ساڵی پەیمانی سیڤەر، ئێمە وەک کۆمەڵەی کلتووری و پارتە سیاسییە کوردییەکانی فەرانسە، هاووڵاتیانی کورد-فەرانسی، کوردانی دیاسپۆرای و دۆستانی گەلی کورد، بانگ لە دەوڵەتی فەرانسە وەکوو یەکێک لە گەورە هێزەکانی جیهان دەکەین کە هەموو هێزو توانای خۆی لە ئاستی نێونەتەوەیی دا بە کار بهێنێ هەتا ئەو مافانەی کە لە پەیمانی سیڤەردا بۆ کوردەکان پارێزراوە، جێبەجێ بکات و بە پەیمانێکی ئەرێنی نوێی نێونەتەوەیی، لە ژێر سێبەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا مافی دیاریکردن بۆ چارەنووسی کوردەکان قەبووڵ بکرێت.

لەم دۆخەدا، بۆ ئەوەی بارودۆخی کوردەکان باشتر بێت، فەرانسە دەتوانێ هەنگاوی جیددی بهاوێژێ.

لە سووریە، ئێمە داواکارین کە فەرانسە هەوڵ بدا کە نوێنەری کورد لە هەموو دانیشتنەکانی سووریەی داهاتوودا بەشدار بێت و مافی کورد بپارێزرێت.

لە تورکیە، ئێمە داوا لە فەرانسە و یەکیەتیی ئورووپا دەکەین کە گوشار بخەنە سەر تورکیە هەتا پێملی وتووێژ و دانیشتنێکی ڕاستەقینە لەگەڵ کوردەکان بێت.

لە عێراق، بەهۆی لە ئارادابوونی پێوەندی‌یەکی گونجاو لە نێوان دەوڵەتی فەرانسە و حکومەتی ناوەندی عێراق، ئێمە داواکارین کە فەرانسە لە نێوان دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی نێوبژیوانی بگێڕێ و چارەسەرییەکی یاسایی بۆ گیروگرفتەکان بدۆزێتەوە.

لە ئێران، ئێمە لە فەرانسە داوا دەکەین کە مەسەلەی پێدانی مافی ڕەوای گەلی کورد بە دۆسیەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران زیاد بکرێ و داوا لە دەسەلاتی ئێران بکەن کە ڕێز لە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد بگرێ؛ هەروەها هەڵپەساردنی ڕەوتی لە سێدارەدانی ناسەردەمیانەی ژنان و کوڕانی کورد کە بە تاوانی بچووک و هندێ جار مێرمنداڵانیش دەگرێتەوە دەمودەست ڕابگیردرێ.

داخوازیەکانی ئێمە گشتیان ڕەوا و هەقن، هەر بۆیە هەتا گەلی کورد  لە ناوچە بە مافە سەرەتاییەکانی نەگات، ناتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان تەنانەت جیهان ڕووی ئاشتی و ئارامی درێژخایەن و پایدار بە خۆیەوە ببینێ.

بەرێز سەرکۆمار، تکایە رێزو حورمەتی ئێمە قەبوول بفەرموون.