کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژان مارک ئیرۆ: هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئەسەد

19:42 - 11 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕایگەیاند کە بەپێی بەڵگە و دێکیۆمێنتەکان، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەوی ڕێژیمی ئەسەد.

ژان مارک ئیرۆ، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە؛ هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەوی ئەسەد و بۆ سەلماندنی ئەو ئیدعایەش، ئێمە بەڵگەمان لە بەردەستدایە.

لەو پێوەندییەدا، وڵاتی فەڕانسە داوای دانیشتنێکی بە پەلەی بۆ هێزە تایبەتییەکانی سووریە کرد، تا پرسی پێشێلکردنی ئاگربەس بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

هەروەها سەرتیپ ئەسعەد ئەلزەعبی، سەرۆکی هەیئەتی دانووستانکاری دژبەرانی ئەسەد گوتی کە؛ ئاگربەست پێش ئەوەیکە جێبەجێ بێت، پێشێل کراوە و هێرش کراوەتە سەر دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد.

ئەلزەعبی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە؛ ڕێژیمی بەشار ئەسەد جارێکی دیکە لە گازی ژەهراویی کلۆرین، دژی دژبەرانی کەڵکی وەرگرتووە.

ناوبراو هەرەها باسی لەوە کرد کە؛ وڵاتی ڕووسیه گەورەترین دوژمنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریەیە و ئەو وڵاتە ناتوانێت ڕۆڵێکی باش بگێڕێت و ڕێژیمی ئێران و ڕووسیەش نایانهەوی ئاگربەست لەو وڵاتەدا جێبەجێ بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەسعەد ئەلزەعبی باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئەسەد ٦٠٠ تۆن گازی ژەهراویی هەیە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش نەیتوانیوە دەستی بەسەردا بگرێت.

ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەردوو وڵاتی ئەمریكا و ڕووسیە، لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕۆژی ٨ی ڕەشەمە لە سووریە ڕێككەوتن و بەپێی ڕێکكەوتنەكەش، ئاگربەست هەردوو گرووپی تیرۆریستیی داعش و جەبهەتولنوسرە ناگرێتەوە و هەموو لایەنەكان لە لێدانی ئەو دوو گرووپە بەردەوام دەبن.

ئەو ئاگربەستە دواتر لە لایەن ڕێژیمی ئەسەد و ڕووسیه‏وە پێشێل کرا.