کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەك كرێكار لە سەرپێڵ‌ زەهاو بەهۆی هەڵكەندنی چاڵی نەوتەوە باری تەندروستییان تێكچووە

14:44 - 10 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: ژمارەیەك كرێكار لە ناوچەی زەهاو بەهۆی هەڵكەندنی چاڵی نەوتەوە و بوونی مادەی شیمیایی، باری تەندروستییان تێكچووە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران ماوەیەكە لە نزیك ئاوایی كوچگار چەرمووی سەربە دەشتی سەرپێڵ زەهاو، سەرقاڵی هەڵكەندنی چاڵی نەوتە و بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەك كرێكار بێ بوونی‌ هیچ كەلوپەلێكی ئیمەنی لەوێدا كار دەكەن.

لەو پێوەنییەدا بەهۆی بوونی مادەی شیمیایی و ژەهراوی لەناو چاڵەكەدا ژمارەیەك كرێكار باری تەندروستییان تێكچووە و رەوانەی نەخۆشخانەكانی شاری زەهاو و پارێزگای كرماشان كراون.

بە وتەی دانیشتوانی خەڵكی ناوچەی دەشتی زەهاو، ژمارەیەك لەو كرێكارانە بە هۆی كاریگەریی مادە ژەهراوییەكان لەژێر چاوەدێریی وردی پزیشكی دان.

پزیشكەكان هۆكاری تێكچوونی باری تەندروستیی ئەو كرێكارانەیان بۆ بوونی مادەی شیمیایی و ژەهراوی لە ناو چاڵەكەدا گەڕاندووەتەوە.