کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەك هاووڵاتیی عەرەبی ئەهوازی لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەكانەوە بریندار و دەستبەسەر كران

17:35 - 18 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا، لە ئەنجامی تێكهەڵچوون لە نێوان هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران و هاووڵاتییانی عەرەب، ژمارەیەك هاووڵاتی بریندار بوون و چەند كەسێكیش دەستبەسەر كران.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێكەوتی ١٥ی خەرمانان هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران ویستوویانە ماڵی هاووڵاتییەكی عەرەب لە شاری شیبان هەڵكەوتوو لە باكووری ئەهواز برووخێنن که لەگەڵ بەرگریی هاووڵاتییانی عەرەب بەرەوڕوو بوونەتەوە.
ئەو هێزە ئەمنیەتییانە بە بولدزێر و لۆدێر چووبوونە بەردەرگای ماڵی جاسم زاهیری و دەیانهەویست بیناكەی تێك بدەن و لە ئەنجامدا تێكهەڵچوون هاتبووە ئاراوە.

بەوتەی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهوازی، ٨ كەس لەئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە بریندار كران و هەنووكە لە نەخۆشخانەیەكی شاری ئەهوازن و هێزە ئەمنیەتییەكانیش لەوێ‌ حوزوریان هەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا سێ‌ كەسی دیكەی ئەو بنەماڵەیش رۆژی شەممە رێكەوتی ١٦ی خەرمانان دەستبەسەر كراون.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران پێشتریش چەندین هەوڵی لەو چەشنەی داوە و ویستوویەتی زەوی و زاری هاووڵاتیانی عەرەب زەوت بكات و تەرحەكانی پەرەی نەیشەكەر بەخێوكردنی ماسی و ناوچەی ئازادی تجاری و دروست كردنی ناوەندە ئەمنیەتییەكان لە نێو زەوی و زاری هاووڵاتیانی عەرەبدا نموونەی ژمارەیەك لە زەوت كارییەكانی رێژیمن.