کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی كوژراوانی شەڕی سووریە سنووری ١٠٠ هەزار كەسی تێپەڕاند

23:17 - 6 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: گرووپی چاوەدێری بۆ سەر كاروباری مافی مرۆڤی سووریە رایگەیاند، لەماوەی دەسپێكی نائارامییەكانی سووریەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەس كوژراون.
هەواڵدەریی ئاسۆشێتێد پرێس بڵاوی كردەوە، لە كۆی گشتیی كوژراوەكان ٤٣ هەزار كەسیان سەر بە هێزەكانی رێژیمی سووریەن و ١٦٩كەسیش سەر بە گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانن.
حیزبوڵڵای لوبنان، بەوتەی كەسی یەكەمی ئەو گرووپە بە شێوەی راستەوخۆ لە شەڕی سووریەدا حوزووی نیزامی هەیە.
لەلایەكی دیكەوە زیاتر لە ٣٦ هەزار كەس لە كوژراوەكان پێك هاتوون لە هاووڵاتیانی مەدەنیی و زۆربەشیان بە هۆی بوردومانەوە گیانیان لەدەست داوە.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار و ئەو هەواڵانەی كە بڵاو بوونەتەوە، نزیك بە ١٨هەزار كەسیش لە ئەرتشی ئازادی سووریە كوژراون.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ لەشەڕی سووریە هێشتاكە هیچ لایەنێكی بیانی نەیتوانیوە ئەو شەڕە رابگرێت، بەڵام هێندێ‌دەستی دەرەكیی توانیویانە ئاوری شەڕەكە زیاتر خۆش بكەن.
ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە و ئەرتشی ئازاد بەبەردەوامی رێژیمی ئێرانیان بە دەستێوەردان لەكاروباری ناوخۆیی سووریە و یارمەتی دان بە بەشار ئەسەد تاوانبار كردووە.