کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگەی زرێبار مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە

23:56 - 26 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: لە ناوچوونی گوماناویی بێچووە ماسییەکانی گۆلی زرێبار، نیگەرانیی خەڵک و بەتایبەت ژینگەپارێزانی شاری مەریوانی لێکەوتووەتەوە.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەیەکە سەدان بێچووە ماسیی نێو گۆلی زرێبار بە شێوەیەکی گوماناوی لەناوچوون و بەردەوامیی ئەو رەوتە، نیگەرانیی هاووڵاتییان و بەتایبەت چالاکانی ژینگەپارێزیی بەدواوە بووە.
چالاکانی ژینگەپارێزی لەو بڕوایە دان، هۆکارگەلێکی وەکوو رژانی ئاوەڕۆی گوندەکانی دەوروبەری گۆلی رزێبار و پێگە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نزیک ئەو گۆلە، گرتنەوەی بەنداو لەبەر گۆلی رزێبار بە شێوەیەکی ناکارامە و ناشارەزایانە، راوی لە رادەبەدەر و نەبوونی یاسای پێشگیری لە راوەماسی کردن، رژاندنی ژەهر لە نێو ئاوی زرێبار و کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەکان، هۆکارگەلێکن کە بووەتە هۆی لەناوچوون ئەو بێچووە ماسییانە.
گۆلی زرێبار لە ٣ کیلۆمیتریی رۆژئاوای شاری مەریوان هەڵکەوتووە و وەکوو شوێنێکی گەشتیاری، ناوی لە نێو گۆلە نێودەوڵەتییەکاندا تۆمار کراوە.
ماسیی رەشی خاڵدار، بووکەڵە ماسی، ماسیی گامبۆزیا، ماسیی ئامووری سپی، ماسیی کەپووری ئاوێنەیی و ئاسایی، ماسیی کەپووری سەرزل و فیتۆفاک، جۆرە ماسیگەلێکن کەلە نێو گۆلی زرێباردا ژیاون، بەڵام هەنووکە بەشێکی زۆریان لەناو چوون.
جگە لەم جۆرە ماسییانە، کۆمەڵێک گیانلەبەری ژێر ئاوی، باڵندە و مەمکدار لە دەوروبەری گۆلی زرێباردا دەژین کە راوی لەرادەبەدەر و کەمتەرخەمیی لێپرسراوانی ژینگەپارێزی لەو پێوەندییەدا، ژیانی ئەو جۆرانەشی خستووەتە مەترسییەوە.
سەگی ئاوی، رێوی، بەرازی وەحشی، کەروێشک و پشیلەی وەشی، ژمارەیەک لەو مەمکدارانەن کەلە گۆلی زرێباردا ژیاون، کە ئێستا مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.