کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی چوار کەسایەتی بە ڕەچەڵەک کورد لە نووسینی "لەتیف مەمەد برووکی " چاپ و بڵاو کرایەوە

16:12 - 27 رێبەندان 2721

کتێبی چوار کەسایەتی بە ڕەچەڵەک کورد لە نووسینی "لەتیف مەمەد برووکی " و هەواڵنێرێکی نادیاری ڕۆژنامەی "پال مال" کە لەلایەن دوکتور "کامران ئەمین‌ئاوە" لە زمانی ڕووسی و ئینگلیزییەوە وەرگێڕدرایەوە سەر زمانی کوردی.

ئەو کتێبە لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بنکەی ڕۆشنگەری له ئاڵمان و کوردستانی باشوور بڵاو کرایەوە.

"لەتیف مەمەد برووکی" ساڵی ١٩٥٨ لە ناوچەی "ئاراراتـ"ـی ئەرمەنستان لەدایک بووە.

 ناوبراو لێکۆڵەر، مێژووناس، کوردناس و بەرپرسی ماڵپەڕێک لە "ڕووسیە"یە و ئەندامی یەکیەتیی ڕۆژنامەنووسانی ڕووسیە و فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ژۆرنالیستانەوە بووە.

ناوبراو  پێشتر لە ساڵانی ٢٠٠ هەتا ٢٠٠١، سەرنووسەری گۆڤاری کۆمەڵایەتی- سیاسیی "دروژبا" (دۆستی) لە مۆسکۆ بووە.

وەرگێڕ لەبارەی ئەو کتێبە نووسیویەتی؛ نەتەوەیەک کە دەوڵەت و کەیانی خۆی نەبێ، نەک هەر لە ژیانێکی بەختەوەرانەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی‌ بێبەش دەبێ، بەڵکوو پێناسە فەرهەنگییەکەشی لێ زەوت دەکرێ.

وەرگێر نووسیویەتی زەوتکرانی مافی نووسین بە زمانی زگماکی دەبێتە هۆی ئەوەیکە نووسەر، شاعیر و بەگشتی ڕووناکبیری نەتەوەی ژێردەست بە زمانی نەتەوەی دەستەڵاتدار بنووسن، بیر بکەنەوە و لە جیاتی خزمەتی زمانی خۆیان، یاریدەی گەشەسەندنی زمان و بیر و فەرهەنگی نەتەوەی داگیرکەر بکەن. لە لایەکی دیکەشەوە شۆڤینیزمی دەسەڵاتدار هەوڵ دەدا لە ڕێگەی حاشاکردن لە بوونی ئەم نەتەوانەوە، مێژوو و کەسایەتییەکانیان چەواشە بکا.

وەرگێر نووسیویەتی، کورد یەکێک له گەلانی گەورەی باشووری ڕۆژاوای ئاسیایه که بەهۆی دابەشکرانی نیشتمانەکەی نەک بەشێکی بەرچاو له حەشیمەتی چوار وڵاتی دراوسێ: ئێران، تورکیه،عێراق و سووریه، بەڵکوو به‌شێک لە دانیشتوانی کۆماری ئازەربایجان، ئەرمەنستان، گورجستان و قەزاقستان و ڕووسیەش پێک دەهێنی و لەو سۆنگەیەوە گەلێک کارەساتی تووش بووە.

وەرگێر نووسیویەتی لە سەدەی ١٥ زایینیەوە هەتا سەرەتاکانی سەدەی ١٩ بەشێکی بەرچاو لە کوردی کوردستانی عوسمانی و خوراسانی ئێران بەهۆی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری ناوەبەناوە کۆچیان کردووەتە وڵاتانی ئەوبەری قەفقاز وەکو گورجستان، ئەرمەنستان، تورکەمەنستان و ڕووسیه.

 هەروەها چوونی سەربەخۆ یا ڕاگواستنی به زۆرەملێی بەشێک لە کوردەکانیش بۆ ئەرمەنستان و ئازەربایجان یەک له ئاکامەکانی شەڕی ڕووسیه و ئێران(١٨١٣-١٨٠٤ زایینی) هەتا شەڕی یەکەمی جیهانی (١٩١٨-١٩١٤) بووە.

وەرگێر نووسیویەتی، له سەدەی نۆزدەدا کوردی ئەوبەری قەفقاز کە سەر به هۆزی سیپکی، جەلالی، شکاکی، زیلانی و حەسەنلی بوون، زۆرتر لە ئازەربایجان و ئەرمەنستان نێشتەجی ببوون.

وەرگێر نووسیویەتی، به گشتیی کۆچی کورد بۆ ئەو وڵاتانه بوو بەهۆی گرێدانی ژیان و چارەنووسی کورد لەگەڵ ڕووداوە سیاسی و هەوراز و نشێوەکانی ئەو وڵاتانەی کە لە ژێر فەرمانڕەوایی "ڕووسیە"ی تێزاریدا بوون و پاشان بوون به به‌شێک لە یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو.

وەرگێر نووسیویەتی کورد وەکو هەموو شارۆمەندانی ئەو وڵاتانه بەشداری لە تەواوی ڕووداوە مێژووییەکان وەکو شۆڕشی ئۆکتۆبر، شەڕی نێوخۆیی دژ به لایەنگرانی سپای سپی سەر به حکوومەتی ڕووخاوی تێزار له پێناوی پاراستنی حکوومەتی سۆڤییەتی و درووستکردنی بینای سۆسیالیستی، هەروەها شەڕی نیشتمانی بۆ ڕزگاریی لە دەست سپای داگیرکەری "فاشیستی هیتلێر"ی لە شەڕی دووهەمی جیهانی و هتددا کرد. دەیان کورد بۆ بەشداریکردن لە ڕەوتی درووستکردنی بینای سۆسیالیزم یان شەڕەکانی ناوبراو، مێدالی جۆراوجۆر وەکو "کاری سۆسیالیستی" یان "لێنینـ"ـ‌یان وەرگرت.

وەرگێر نووسیویەتی، هەر چەند لە ساڵانی سەرەتای پاش شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ هەتا کۆتاییەکانی دەیەی ٣٠ی سەدەی ڕابردوو، بایەخێکی به‌رچاو به زمان و کولتووری کوردی له ئازەربایجانی سۆڤییەتی درا و تەنانەت به بڕیاری کوۆمیتەی ڕاپەڕاندنی ناوەندیی کۆماری ئازەربایجان ناوچەیەکی تایبەتیشیان به ناوی کوردستانی سوور  بۆ دیاری کرا کە پێکهاتبوو له کەلبەجار، لاچین، قوبادلی، زەنگلیان و هتد، بەڵام پاشتر زۆربەی ئەم دەرفەتانەیان لێ زەوت کرا و کەوتنه بەر پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی سۆڤییەتی.

وەرگێر نووسیویەتی، کۆماری سووری کوردستان هەڵوەشایەوە و له ساڵی ١٩٣٧ دا دوورخستنەوەی کوردی ئازەربایجان و ئەرمەنستان بۆ ئاسیای نێوەڕاست و قەزاقستان دەستی پێ کرد.

وەرگێر نووسیویەتی، مخابن لە ساڵانی دواییشدا هەلومەرجێک له کۆماری ئازەربایجانی سۆڤییەتی خوڵقا کە تا ئێستاش ئاسەوارەکەی دیارە و بەردەوام حاشا لە ڕەگەزی بەشێک لە کەسایەتییە کوردەکانی ئەم وڵاتە دەکرێ و مێژوونووسە ئەدەبی- سیاسییەکانی ئەو وڵاتە نکۆڵی لە کوردبوونی شاعیر و نووسەری بەناوبانگی وڵاتەکە وەکوو "نیزامیی گەنجەیی"، "سلێمان ڕەحیمۆف"، "شامۆ عارف"، "عەلی وەلیۆف"، "سەمەد وەرغون"، "حوسێن کوردئۆغڵوو"، "شامیل عەسکەرۆف" یان قارەمانی نەتەوەیی وەک "کوێرئۆغڵوو" و "قاچاغ نەبی" و شاعیری بە ناو بانگ "محەمەد فزوولی" و هتد دەکەن و بەم چەشنه، بەشێک لە مێژووی کورد چەواشە دەبێ ‌و هەوڵ دەدرێ کولتووری ئەم خەڵکه لەو کەسایەتییە ناودارانە کە هێمای ئازادی، دادپەروەری، فیداکاری و لەخۆ بوردوویی لە پێناوی گەلەکەیاندان، بێبەش بکرێ.

وەرگێر نووسیویەتی، به داخەوە لەم ساڵانەدا به‌هۆگەڵی جۆراوجۆر ئەم دەرفەتە بۆ ئێمەی کورد نەڕەخساوە هەتا زانایان و پسپۆڕانمان لەم بوارانەدا چالاک بن و هەوڵ بدەن ڕووناکی بخەنە سەر خاڵە نادیار و شاراوەکانی مێژووی ئەدەبیی کورد و ئەم چەشنە کەسایەتییانە بە کۆمەڵانی خەڵک بناسێنن.

وەرگێر نووسیویەتی، لەنێو کورداندا چەند دڵسۆزێکی ئەدەب و کولتووری کورد جێ پەنجەیان بە ناساندن و بە خاوەنکردنەوەی بەشێک لەو قارەمانانەوە دیارە.

مامۆستا "لەتیف مەمەد برووکی" لەدایکبووی ئەرمەنستان خاوەنی ئەم وتارانەیە: "دەربارەی کەسایەتیی ''کوێر‌ئۆغڵوو'' لە بزووتنەوەی نەتەویی - ڕزگاریخوازانەی کورددا"؛ "سەبارەت بە ڕۆڵەی بەناوبانگی کورد "قاچاغ نەبی"؛ "لێکدانەوەیەک لەسەر ڕەچەڵەکی کوردیی ''محەمەد فزوولیـ''ـی شاعیر". تاهیر سلێمان لەدایکبووی کۆماری ئازەربایجان نووسەری ''نامەی سەرئاوەڵا بۆ ئاکادێمیای زانستیی ئازەربایجان: "نیزامیی گەنجەیی کورد بووە و بە زمانی کوردیش نووسیویەتی''. و "ئەنوەری سوڵتانی" لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە "ئایا کوێرئۆغڵوو کورد بووە؟ لەو توێژەر و نووسەرانەن کە لە پێناوی دۆزینەوە و ناساندنی ئەم کەسایەتییانەدا هەوڵیان داوە و زەحمەتیان کێشاوە کە جێگای ڕێز و پێزانینە.

وەرگێر نووسیویەتی، بێ‌گومان پێداگری لەسەر کوردبوونی ئەو کەسایەتییانە بۆ دژایەتیکردنی گەلی ئازەربایجان و هیچ گەلێکی دیکە نییە کە بە درێژایی مێژوو بە هێمنی و خۆشی لەگەڵ کورد لە ناوچەیەکدا پێکەوە ژیاون و گەلێک بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، بەڵکوو تیشک خستنە سەر لایەنێکی تەم و مژاویی مێژووی گەلی کوردە کە بەداخەوە لەلایەن خودی کوردیشەوە کەمتر بایەخی پێدراوە یان هەر بەگشتی ئاوڕی لێنەدراوەتەوە. دەنا ئەوە شتێکی ڕوونە کە تەنانەت زۆربەی گەڵانی باشووری قەفقاز خۆیان بە خاوەنی بەشێک لەم کەسایەتییانە دەزانن و گەلێک چیرۆک، هەڵبەست، گۆرانی، فیلم، شانۆ و ئۆپێرا و بالەیان سەبارەت بەوان هەیە و شانازییان پێوە دەکەن. هاوکات لەگەڵ ئەوە، ڕوونکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکان لە ڕوانگەی کوردییەوە و گەڕاندنەوەی پاڵەوان و کەسایەتییە بە ناوبانگەکانی کورد بۆ ماڵی کوردیش، مافی هەموو تاکێکی کوردە.

بابەتی "قەرە فاتمە، شیرە ژن" بە زمانی ئینگلیزی لە ڕۆژنامەی "پال مال" ڕێکەوتی ٨ی نوامبری ١٨٨٧ لە لەندەن چاپ کراوە بەڵام بەداخەوە ناوی نووسەرەکەی نادیارە.

 سێ بابەتی دیکەی ئەم کتێبە، لەتیف مەمەد برووکی بە ڕووسی نووسیونی و لەسەر سایتەکەی خۆی www.kurdist.ru و گۆڤارەکانی ڕووسیە و کازاخستان و ... هتددا بڵاوی کردوونەتەوە. "لەتیف مەمەد برووکی" (لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٨ لە ناوچەی ئاڕاڕاتی ئەرمەنستان) کوردێکی لێکۆڵەر، مێژووناس، کوردناس و بەرپرسی سایتی ناوبراو، لە ڕووسیە و ئەندامی یەکیەتیی ڕۆژنامەنووسانی ڕووسیە و فدراسیۆنی نێونەتەوەیی ژۆرنالیستانە. لەتیف مەمەد پێشتر لە ساڵانی ٢٠٠١/٢٠٠٠دا سەرنووسەری گۆڤاری کۆمەلایەتی- سیاسیی "دروژبا" (دۆستی) لە مۆسکۆ بووە.

"ئەنوەر سوڵتانی" نووسینی سەرەتا و خوێندنەوەی بابەتەکانی ئەم کتێبەی گرتووەتە ئەستۆ. هەروەها "عەتا حەواری‌نەسەب" پێداچوونەوەی ئەم کتێبە کردووە.