کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی کارخانەی فوولادی زاگرۆس کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا

23:03 - 10 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک کرێکاری کارخانەی فوولادی زاگرۆس بەهۆی بەدوادانەچوونی ئیدارەی کار بە دەخوازی و سکاڵاکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵێک کە هەواڵدەریی \'\'ئیلنا\'\' بڵاوی کردووەتەوە، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، زیاتر لە ١٥٠ کرێکاری \'\'کارخانەی فوولادی زاگرۆس\'\' لەهەمبەر لاساریی بەرپرسانی ئیدارەی گشتیی کاری پارێزگای کوردستان لەمەڕ دانی حەقدەست و مافەکانیان بە دوادانەچوون بە ویست و داخوازییەکانیان، بە کۆبوونەوە لە بەرانبەر بینای ئەو ئیدارەیە، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

ئەو ١٥٠ کرێکارە نوێنەرایەتیی ٢٣٥ کرێکاری دەرکراوی ئەو شیرکەتەیان کردووە، کە ماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی زیاد بوونی کێشە ماڵییەکانی کارخانەی فوولادی زاگرۆس، لەسەر کارەکانیان دەرکرابوون.

ئەو یەکە بەرهەمهێنەرە لە تێکڕای ٢٨٥ کرێکار، ٢٣٥ کرێکاری کە هەرکامیان پێشینەی ١٠ هەتا ٢٣ ساڵ کارکردنیان هەبوو لەسەر کار دەرکرد.

نوێنەرانی ئەو کرێکارە دەرکراوانە بە کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی جۆراوجۆر لە بەرانبەر ناوەندە دەوڵەتییەکانی رێژیمی ئێران، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکی روونیان وەرنەگرتووەتەوە.

ئەو کرێکارانە بەهۆی بێ‌وەڵام ماونەوەی داواکارییەکانیان کەلە رێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە بەرانبەر مەجلیسی رێژیمی ئێراندا، خستبوویانە روو، دیسان بڕیاریان داوە جارێکی دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەنەوە.