کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان/ لە یەک حەفتەی رابردوودا ٣١ هاووڵاتی بە رووداوی هاتوچۆ بوونەتە قوربانی

22:37 - 14 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی ناستانداردیی رێگاوبانەکان و جاددەکان و هەروەها ناستانداردیی ئۆتۆمبێلەکان، لە نیمەی دووهەمی پشووی نەورزۆی ٩٣ زیادی کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە چەند رووداوی هاتوچۆدا بەهۆی ناستانداردیی رێگەوبان و ئۆتۆمبێلەکەکان، لە نیوەی دووهەمی پشووی نەورۆزی ئەمساڵدا، لانیکەم ٣١ هاووڵاتی لە کوردستان گیانیان لە دەست داوە، یان بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتەکان، لە حەفتەی دووهەمی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، لانی‌کەم ١٠ رووداوی هاتوچۆ لە کوردستان و رێگاوبانەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئورمیە هاتووەتە ئاراوە و بەهۆی ئەم رووداوانەوە ١٢ هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە لانی‌کەم ١٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ناوچەی دزەی مەرگەوەڕ سەربە ئورمیە، رێگای قەرەبڵاغ ــ سەرپێڵ زەهاو، ناوچەی لاجانی پیرانشار، چیای تەتە سەربە ناوچەی هەورامان، رێگای سەقز ــ مەریوان، رێگای شنۆ ــ نەغەدە، جاددەی چاڵدوران و رێگا سەرەکییەکان بۆکان و کامیاران، ناوی ئەو شوێنانەیە کە لە حەفتەی رابردوودا رووداوی هاتوچۆ تێیدا رووی داوە.
کارناسانی رێگاوبان، هۆکاری زۆربوونی رێژەی رووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان بۆ خراپی و ناستانداریی رێگاکان و ئۆتۆمبێلەکان دەگەڕێننەوە.