کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردپا: کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی فەریناز خوسرەوانی پێش مردنی، لە مەهاباد بڵاو بووەتەوە

23:23 - 19 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: هەواڵەکان لە مەهابادەوە باس لەوە دەکەن کە یەک هەزار و ٥٠٠ سی‌دیی فەریناز خوسرەوانی پێش لە مردنی، لەلایەن کوڕی خاوەن هۆتێلەکەوە لەنێو خەڵکدا بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ئاژانسی کوردپا، نزیک بە یەک هەزار و ٥٠٠ سی‌دی کە هاتوچۆکانی فەریناز خوسرەوانی پێش مردنی لە هۆتێل تارای شاری مەهابادی لە خۆوە گرتووە، لەلایەن خاوەن هۆتێلەکەوە بە مەبەستی روونکردنەوەی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئەو شارە بڵاوە کراوەتەوە.

لەو پێوەندییەدا ئەندامێكی بنەماڵەی کارگێڕ و خاوەنی هۆتێلەکە بەم سەرچاوەیەی وتووە: هاردی کامپیۆتێری ئەو هۆتێلە لەلایەن ناڕازییانەوە دزراوە و گرتە ڤیدیۆیی‌یەکان لە رێگەی بلووتووسەوە لەنێو هاووڵاتییانی شاری مەهابادا بڵاو کراوەتەوە.

ئەم سەرچاوە لە زاری شایەتحاڵانی ناڕەزایەتییەکانی مەهابادەوە نووسیویەتی: هیچ هەوڵێک لەمەڕ دزینی کەلوپەلەکانی نێو هۆتێل تارای مەهاباد لەلایەن ناڕازییانەوە نەدراوە و لە شوێنی ناڕەزایەتییەکاندا وەها دەرفەتێک نەرەخساوە.

لەو پێوەندییەدا، ئەندامێکی بنەماڵەی مەولوودی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی‌یەکانی پێوەندیدار بە مەرگی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\'ی لە ئاستی شاری مەهاباددا پژڕاست کردووەتەوە.

خاوەنی هۆتێلەکە و بەتایبەت کوڕی \'\'نادر مەولوودی\'\' ئەو گرتە ڤیدیۆیی‌یانەیان بڵاو کردووەتەوە.

هاووڵاتییانی شاری مەهاباد دوو رۆژ پێش ئێستا بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر مەرگی گوماناویی کچە کارمەندێکی هۆتێل تارا و پێڕانەگەیشتنی خێرای ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەت و هەروەها بە گومانی دەست تێدابوونی بەرەپرسی ئەو هۆتێلە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە بەردەم ئەو هۆتێلەدا بەڕێوە برد.