کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی ڕازیی کرماشان

21:44 - 5 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: ڕێژەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی ڕازیی کرماشان بەرامبەر سێلف سێرویسی ناوەندیی زانکۆی ڕازیی کرماشان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک‏هێنا.

بەپیی ئەو هەواڵانای بڵاو بوونەتەوە، ڕۆژی سێ‏شەممە سێی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی ڕازیی کرماشان لە پەیوەندی لەگەڵ کەمیی پێداویستییەکانیان و هەروەها چەندایەتی و چۆنایەتیی خۆراکیان بووە.

لەو پێوەندییەدا هێزە ئەمنیەتییەکان هێرشیان کردۆتە سەر خوێندکاران و مۆبایلی هەندێکیان شکاندوون و هەندێکیشیان بانگهێشت کردوون و هەڕەشەیان لێ کردوون.

زانکۆی ڕازیی کرماشان یەکیک لە گەورەترین زانکۆکانی پارێزگاکانی کوردستانە کە لە ئێستادا نزیکەی ١٥ هەزار خوێندکاری هەیە، بەڵام لە پێداویستیی سەرەتایی حەوانەوە بێ‏بەرین، کەموکووڕیگەلێک وەکوو ژووری نووستن و چەندایەتی و چۆنایەتیی خۆراکەکەیان.

ئەمە بۆ چەندەمین جارە کە خوێندکارانی زانکۆی ڕازی لە پێوەندی لەگەڵ پێداویستیی حەوانەوەیان دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی گشتی، بەڵام تا ئێستا هێچ ئاوڕێک لە داخوازە سەرەتایی و بەرهەقەکانیان نەدراوەتەوە.