کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی مەئمووریەتی پشکێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەڵوێستی وڵاتان لەسەر قەیرانی سووریە

23:35 - 7 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: ئەمریکا و هاوپەیمانەکان هەنووکە لە بیری هێرشی نیزامی بۆسەر وڵاتی سووریە دان و وڵاتانی لوبنان، ئوردون، ئێران، میسر و عێراق دژایەتیی خۆیان دەربڕیوە.


بان کی‌مۆن، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٧ی خەرمانان رایگەیاند: مەئمووریەتی پشکنێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەتا ئێوارەی رۆژی هەینی رێکەوتی ٨ی خەرمانان کۆتایی پێ دێت و سەرلە بەیانیی رۆژی دواتریشی دیمەشق بەجێ دێڵن.
سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند: پێشکێنەران پاش بەجێ هێشتنی سووریە، خێرا راپۆرتی خۆیان رادەست دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە پشکنینی مەئموورانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەوروبەری دیمەشق بەردەوام بوو. بەشێک لەو ناوچانە لە پشکنینی تێدا ئەنجام دراوە لەژێر دەستی دژبەرانی رێژیمی بەشار ئەسەد دایە.
تیمی پشکێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە بە هەڵگرتنەوەی نموونە لەو ناوچانەی کە چەکی کیمیایی‌یان بەر کەوتبوو کاری خۆی دەست پێکرد. پشکێنەران لە رەوتی کارەکەیاندا، لەگەڵ شایەتحاڵان و بەرکەوتووان دیداریان کردووە و هەروەها نموونەشیان لە قوربانیان هەڵگرتووەتەوە.
زۆربەی خاوەن هەڵوێستەکان لەو بڕوایە دان، هەتا پشکێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریەدا بن، ئەگەری هێرشی نیزامی بۆسەر ئەو وڵاتە کز و لاوازە، بەڵام ئەزموونی دەستێوەردانە نیزامییەکان دەرخەری ئەوەیە کە ئەم بابەتە بۆ دەسپێکردنی هێرشەکان یەکلاییکەرەوە نابێت.

6386.jpg


ناردنی پاپۆڕی شەڕکەری رووسی بۆ قەراخ‌ئاوەکانی سووریە


دەوڵەتی رووسیە دژەناوێکی بەناوی \'\'مسکوا\'\' رەوانەی ئاوەکانی سووریە لە رۆژهەڵاتی دەریای مەدیتەرانە کردووە و کە توانایی هاویشتنی مووشەکی هەیە و هەروەها ژێردەریایی‌یەکیش بە مەبەستی پاراستنی پێگەی دەریایی رووسیه لە تەرتووس ناردووە.
وتەبێژی هێزی دەریایی رووسیە رایگەیاندووە: ئەم وڵاتە دژناوێکی دیکەش بەناوی \'\'واریاگ\'\' رەوانەی ناوچەکە دەکات و وتیشی، نالەباریی بارودۆخی ناوچەکە حوزوورمان پێویست دەکات.
راوێژکاری حقووقیی پارلمانی بریتانیا: هێرشی نیزامی بۆسەر سووریە رەوایه


بریتانیا لانی‌کەم ٦ شەڕکەری \'\'تایفۆن\'\'ی بۆ پێگە نیزامییەکانی خۆی لە قوبرێس رەوانە کردووە. پێگەی \'\'ئاکرۆتیری\'\' پێگەی نیزامیی بەهێزی بریتانیایە کە رۆڵێکی گرینگ لە هێرشی نیزامی بۆسەر سووریە دەبینێت.
میدیاکانی تورکیەش بڵاویان کردووەتەوە، ئەرتشی ئەو وڵاتە سەرقاڵی رێکخستن و بەهێز کردنی یەکە جەنگییەکانی لە سنووری سووریە دایە و لە خاڵە سنوورییەکان رێڕەوی نوێی پەدافەندی هەوایی جێگیر کردووە.

لانیکەم ٢٠ فڕۆکەی شەڕکەری تورکیە لە دیاربەکر جێگیر کراون.
دەوڵەتی تورکیە پێشتر رایگەیاندبوو: لە هەر هاوپەیمانییەک کە بە دژی رێژیمی سووریە بێت، پاڵپشتی دەکات.
تورکیە نزیکەی ٩٠٠ کیلۆ میتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریە هەیە و چەندین رێڕەوی پەدافەندی مووشکیی \'\'پاتریۆت\'\' لە وڵاتانی ئاڵمان، هولەند و ئەمریکا لەو ناوچە سنوورییانەدا جێگیر کراون.
رێکخراوی هاوکاریی وڵاتانی ئیسلامی خوازیاریی پەرچەکرداری جیدییە
رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بە سەرنجدان بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە نزیک پایتەختی سووریە، خوازیاری \'\'پەرچەکرداری جیدی\'\' لەهەمبەر دەوڵەتی سووریە دایە و سکرتاریەتی ئەو رێکخراوەیە کە ٥٧ وڵاتی ئیسلامی لەخۆ دەگرێ، رۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دەوڵەتی رێژیمی سووریه لە روانگەی \'\'حقووقی و ئەخلاقی\'\'یەوە بەرپرسیاری ئەو تاوانە قیزەونەیە و دەبێ وەڵامدەر بێت.
رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لەو بەیاننامەیەدا دوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ئەرکی خۆی لە بەرگریی و تەناهی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی بەجێ بێنێت و بە یەکهەڵوێستییەوە لەهەمبەر ئەو تاوانە، داوای وەڵامدانەوە لە لێپرسراوان بکات.