کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ٥ گێچەڵی گەورەی جیهانە

14:54 - 12 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ئاشتۆن کارتێر کۆماری ئیسلامی ئێرانی هاوتەراز لەگەڵ داعش بە یەکێک لە ٥ گێچەڵی جیهانی ئەمڕۆ ناوزەد کرد کە دەبێ لە بەرامبەریاندا هەڵوێست بگیرێت.

وەزیری بەرگری ئامریکا لە میانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەواڵنێران لە پێنتاگۆن وێڕای پێداگری دووبارە لەسەر مەترسیدار بوون و هەڕەشەئامێزبوونی سیستمی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچە و ئەمنییەتی جیهانی، ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران هاوتەریب لەگەڵ داعش و کۆریای باکور چەند گێچەڵی گەورەی جیهانین کە ئامریکا دەبێ لە بەرامبەریاندا ڕابوەستێ.

کارتێر هەروەها وتوویەتی ئەگەرچی ئێمە ڕێگر بووین لە دەست پێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی، بەڵام نابێ لەوە خافڵ بین کە هێشتا ڕێژیمی تاران یەکێک لە مەترسییەکانی ناوچەیە و بە هەڕەشەیەک بۆ سەر هاوپەیمانەکانمان لە ناوچە بە ئەژمار دێت.

ماوەیەک پێش ئێستاش ، جێمز کەلپێر سەرۆکی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەتەوەیی ئامریکا ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە کە پشتیوانی لە تیرۆریزم دەکەن.
جێمز کەلپێر لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ئەگەرچی ڕێککەوتنی ناوکی شەفافیەتێکی زیاتری لە نێوەڕۆکی بەرنامەی ناوکی ئێراندا ئاشکرا کرد، بەڵام ئێران بەردەوام پشتیوانی لە تیرۆریزم دەکات و بووەتە هۆی نانەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا و لە ڕێگای پشتیوانی لە گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە قەیرانی سووریە و یەمەن و باقی وڵاتانی ناوچەدا هەبووە.