کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٥ کۆڵبەری کورد لە \'\'قەسری شیرین\'\' دەسبەسەر کران

22:01 - 8 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: لە سنووری \'\'قەسری شیرین\'\' هێزە ئینزامییەکانی رێژیمی ئێران، ٥٥ کۆڵبەری کوردیان دەسبەسەر و ٦٤ دەزگا ماشینی کاسبکارانیان زەوت کردووە.


هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران لە شارستانی قەسری شیرین دەستیان بەسەر کۆمەڵێکی زۆر لە بار و شتومەکی کاسبکاران و کۆڵبەراندا گرتووە و هاوکاتیش ٥٥ کۆڵبەریان دەسبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.
لەنێو ئەو شتومەکانەدا \'\'٤٥١ دەزگا ماهوارە و ٦٤ دەزگا ماشین\'\'یش لەلایەن ئەو هێزانەوە زەوت کراون.
لەلایەکی دیکەشەوە \'\'ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا\'\' بڵاوی کردەوە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٧ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \'\'فەتاح میکاییلی\'\' کوڕی \'\'لوقمان\'\' تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی گوندی \'\'مەنسوور ئاوای\'\'ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێنرا.
فەتاح خاوەنی ژن و منداڵ بووە و بەناچاری و بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی رووی لە کاری پڕمەترسیی کۆڵبەری کردبوو.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردوەوە، لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا ٢٧ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ئێراندا بریندار بوون.