کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی کەمیی ئاو بەرۆکی دانیشتوانی ٧٢ گوندی شاری بانەی گرتۆتەوە

14:01 - 11 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە و سەرچاوە ئاوییەکان لە گوندەکانی شارستانی بانە، گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی و هیچ بوودجەیەک لەمەڕ چارەسەریی ئەو گرفتە تەرخان نەکراوە.
هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان بڵاویان کردووەتەوە، دانیشتوانی ٧٢ گوندی شارستانی بانە کە زیاتر لەسەدا ٢٥ی گوندەکانی ئەو شارستانە پێک دێنێن، لە کەمیی ئاوی خواردنەوە وەزاڵە هاتوون.
سەرەڕای ئەوی کە ٧٢ گوندی شاری بانە چەند ساڵە کێشەی کەم ئاوییان هەیە، بەڵام هەتا ئێستاش هیچ بوودجەیەک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە تەرخان نەراوە.
لەو پێوەندییەدا هاوینی ساڵی رابردوو بەهۆی هەڵکەندنی \'\'بیری قووڵی ئاو\'\' لەلایەن ئەندامێکی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، ئاوی دوو گوندی رەحیم خان و وەزنێی قشڵاق پچڕا.
کەمیی ئاوی خواردنەوە و سامانە ئاوییەکان لە گوندەکانی کوردستان، کۆچی هاووڵاتییانی گوندنشینی بۆ شارەکانی دەوروبەر و لەئەنجامدا دابەزینی ئاستی حەشیمەتی گوندەکان و چوونە سەر رێژەی حەشیمەتی شارەکانی لێ کەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەران و بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەمیشە لەهەمبەر کێشەی کەمیی ئاوی خوارنەوەی هاووڵاتییان و بەتایبەت لە کوردستان کەمتەرخەم بوون و هەنووکە زۆربەی شار و گوندەکانی ئێران لە دەستی کەمیی ئاوی خواردنەوە وەزاڵە هاتوون.