کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەر لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد

19:33 - 8 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: حاجی هەمزه محەممەدیان کوڕی حاجی عەبدوڵڵا ئەسپەمێزە کەسایەتیی خۆشناوی شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، حاجی هەمزە محەممەدیان کەسایەتی نیشتمانپەروەری شاری سەردەشت، کوڕی پێشمەرگەی سەردەمی کۆمار، حاجی عەبدوڵڵا ئەسپەمێزە لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا کوچی دوایی کرد.

کاک هه‌مزە کەسیکی دڵسوز و کوردپەروەر بوو، و یارمەتیدەری یێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو.

کاک هەمزه خاوەن کەسایەتی تایبەتی بوو، مرۆڤێکی یەکجار هێدی و لەسەرخۆ و هاوکات وردبین و دووربین، به هه‌ڵوێست و به جوورئه‌ت، به مشوور و خەمخۆری هەموو لایەک بوو.

کاک هەمزه هاوکاری تێکۆشەرانی ساڵانی ٤٦-٤٧ بوو، به تایبەت که لەگەڵ شەهید مەلا ئاواره یار و هاوسەنگەری بەوەفای یەکتری بوون.

کتێبە مێژووییەکانی سەردەشت، لە وەسفی حاجی عەبدوڵڵادا، زۆر وتەی بەنرخیان نووسیوە کە چۆن ناوبراو، پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە، لە شۆڕشی ئەمەر حەمە سوور(ئەمەر پاشا) لە ساڵانی ١٣١٧ـی هەتاوی، یەکێک لە فەرماندە چاو نەترسەکانی چەکدارەکانی ئەو شۆڕشە خەڵکییە نەتەوەییە بووە، لە تافی سەرهەڵدانی شۆڕشە مەزەهەبی- نەتەوەییەکەی خوالێخۆشبوو مەلا خەلیلی گۆرەمەر، سەرپەلی یەکێک لە هێزەکان بووە، و هەروەها پێشتریش لە باشووری کوردستان، بۆ ماوە ی ٦ مانگ لە داری کەلی، پێشمەرگە بووە لەگەڵ نەمر شێخ مەحموودی حەفید.

حاجی عەبدوڵڵا هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە ڕێگای کوردایەتی و مەردایەتیدا تەرخان کرد، و هەروەها برازایەکی بە ناوی کاک محەممەد محەممەدیان یەکێک لە سیما ناسراو و دیارەکانی شاری سەردەشت، واتە کوڕی حاجی ئۆمەری ئەسپەمێزەیە، کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، بە دژی حکوومەتی پاشایەتی ڕاسایەوە و لە ١٤ـی سەرماوەزی ساڵی ١٣٥٧دا شەهید بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، پرسه و سەرەخۆشیی خۆی له بنەماڵه و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی به شەریکی خەمیان دەزانێت.