کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی ئاو دانیشتوانی گوندەکانی ناوچەی ئورمیەی وەزاڵە هێناوە

18:05 - 2 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: دانیشتوانی گوندی لۆربالاجۆق لە ئورمیە لە کەمیی ئاوی خواردنەوەی خاوێن و تەندروست دەناڵێنن و بەرپرسانی رێژیم گوێی خۆیان لەو کشێەگەلە خەواندووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە لە گوندەکانی پارێزگای ئورمیە و بەتایبەت گوندی لۆربالاجۆق، بووەتە کێشەیەکی بەردەوام و هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و تەندروستی خۆیان روو لە کانیاوەکانی دەوروبەر دەکەن.
دابینکردنی ئاو لە کانییەکانی دەوروبەر سەرەڕای تەرخانکردنی هێزێکی زۆری مرۆیی، لەباری کات و تێچووەوە کێشە و گرفتی بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات.
کەمیی ئاوی خواردنەوە لەو گوندانە، هاووڵاتییان بە خواردنەوە ئاوی پیس ناچار دەکات و ئەمەش تووشبوونی هاووڵاتییان بە کۆمەڵێک نەخۆشیی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتەوە.
لەو پێوەندییەدا، دانیشتوانی ٧٢ گوندی سەربە شارستانی بانە لەگەڵ کێشە و گرفتی کەمی بەرەوڕوون و سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەو کێشەیەدا و بەدواداچوونی هاووڵاتییان، هیچ هەوڵێک لەلایەن بەرپرسانی رێژیمەوە لەمەڕ چارەسەریی ئەو کێشەیە نەدراوە.