کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆرانیبێژێکی ناسراوی کورد لە سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد

19:00 - 6 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: مەلێ دۆم هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناوبە دەرەوەی کوردی خەڵکی شاری سنە، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، محەممەد مەلیک محەممەدی ناسراو بە مەلێ دۆم هونەرمەندی ناسراوی مۆسیقای ئەردەڵانی، پاش چەندین ساڵ کاری فولکلۆری گۆرانی و مۆسیقای کوردی، لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان و هونەری کوردی کرد.
مۆسیقای ئەردەڵانی، کە سێ بەشی بان لەیلاخ، چەم شار و ناوشاری سنە لەخۆ دەگرێت، لەلایەن ئەو هونەرمەندە کوردەوە زیندوو کراوەتەوە.
مەلێ دۆم بەهۆی چالاکی لە بواری هونەری گۆرانیبێژیدا لەلایەن ناوەندە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانەوە رێزی لێگیراوە.
لەو پێوەندییەدا مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ ئەنجومەنی رێزلێنان لە ناودارانی کورد لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، رێزیان لە تەمەنێک تێکۆشانی هونەریی مەلێ دۆم گرت.
مەلێ دۆم پاش تەمەنێک چڕینی گۆرانیی ئەردەڵانی فۆلکلۆری کوردی، رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رێبەندان لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان و هونەر و مۆسیقای کوردی کرد.