کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدانی هەزار کەس بە هۆی رووداوەکانی کار لە ئێراندا

21:01 - 10 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: ساڵانە زیاتر لە هەزار کەس لە شارو شارۆچکەکانی ئێران بە هۆی رووداوەکانی کار و لەبەرچاو نەگرتنی ستاندارەکان لە کاتی کارکردندا گیانیان لە دەست دەدەن.
هەواڵدەرییەکانی رێژیمی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە، بە شێوی نێونجی ساڵانە زیاتر لە هەزار کەس لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی ئەمنییەت لە کاتی کردندا و لەبەر چاو نەگرتنی ستانداردەکانی کار گیانیان لە دەست دەدەن.

جێگری پەیوەندییەکانی کار لە وەزارەتی تەعاوون، کار و خۆش بژێوی کۆمەڵایەتی لەو بارەیەوە رایگەیاند، زیاتر لە شەش بەرابەری ئامارەی گیان لە دەستدانی کرێکاران کە بە هۆی رووداوی فیزیکی روو دەدات، بە هۆی نەخۆشییەکانی کار گیانیان لە دەست دەدەن.

ئەو بەرپرسەی رێژیم لە درێژەدا رایگەیاند، زیاتر لەسەدا ٤٠ی گیان لە دەستدانی کرێکاران بە هۆی رووداوی کار لە بەشی پیشەیی بیناکان روو دەدات.

بەپێی ئەوەیکە نرخی بەهرەوەریی هێزی کار لە ئێراندا بە شێوەی نێونجی یەک لەسەر چواری نرخی بەهرەوەریی هێزی کاری جیهانییە، ساڵانە ١٠ هەزار میلیارد تمەن بە هۆی گیان لە دەستدانی هێزی کار زیان بەو وڵاتە دەگات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵناگرن.

بەپێی رایگەیاندراوی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، گیان لە دەستدانی هەر کەسێک بە هۆی رووداو بە شێوەی راستەوخۆ یەک میلیارد تمەن زیان بە ئابووری ئەو وڵاتە دەگەێنێت و هەروەها لەو راپۆرتەدا هاتووە کە بە شێوەی نێونجی لەسەدا ٤ هەتا ٥ی بەرهەمی نەپاڵێوراوی نێوخۆیی تێچووی رووداوکانی کار دەکرێت کە بەپێی ئەوە ئامارە ساڵانە زیاتر لە ٣٠ هەزار میلیارد تمەن لە ئێران تێچووی رووداوەکانی کار دەکرێت.

لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی یاسای کار و داکۆکی لە مافی کرێکار، ئەگەر بۆ هەر یەکەیەکی بەرهەمهێنەر و سینفی ستانداردەکانی کار و بێهداشت و ئەیمەنی کار دابین بکرێت ٦ ساڵی پێویستە کە لە کاتی ئێستادا و بەهۆی قەیرانی ئابووری ئەو ڵاتە و نەبوونی بەڕێوەبەری و بەرنامەی کار،جێبەجێ نابێت و گیان لە دەستدانی کرێکاران بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی کار بە قەتڵی ئەنقەست (قتل شبە عمد) ئەژمار دەکرێت.

لەو پەیوەندییەدا، پزیشکی یاسایی ئێران ساڵی رابردوو بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٣٨٣ هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ١٢ هەزار ٤٣٧ کەس بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە زیاترین رێژەی مەرگی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩٢ بووە.

بە پشت‌بەستن بە ئاماری پزیشکی یاسایی، رووداوکانی کار لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گیانی یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکاری ئەستاندووە.

رەوتی هەڵکشانی مردن بە هۆی رووداوەکانی کار لە ماوەی ساڵی رابردوودا و بەرزبوونەوەی ئەو ئامارە لە ٦٩٧ کەس لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاویدا بۆ یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکار لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، دەرخەری دۆخی خراپ و نائەمنی کارگە و کارخانەکان و دابین نەکردنی ئیمەنی پێویست لەلایەن خاوەنکارەکانەوەیە.

چالاکانی کرێکاریی ئێران بەردەوام لە دۆخی نالەباری ئیمەنی کار لەو وڵاتەدا رەخنەیان گرتووە و ئەو رەخنانە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بەرز بووەتەوە.
مەرگی بێدەنگی کرێکاران (مرگ خاموش کارگران) چەمکێکە کە لە نێوان چالاکانی مافی کرێکاری ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ مردنی سەدان کرێکار لە ساڵدا بە هۆی رووداوەکانی کاتی کارکردن، کەڵکی لێوەر دەگیرێت.