کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەشەی ٢٧%ی نەخدینەیی و چوونەسەری تێچووی مانگانەی خانەوارەکان لە ئێراندا

22:23 - 10 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: مامۆستایانی زانکۆ و ئابووری‏ناسان هاوکات لەگەڵ چوونەسەری ئاستی تێچووی مانگانەی خانەوارەکان لەمەڕ زیادبوونی ئاستی نەخدینەیی لە ئێران هۆشدارییان دا.

بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە کۆتایی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا ڕایگەیاند؛ ئاستی نەخدینەیی لە ئێران گەیشتۆتە ٩٥٠ هەزار میلیارد تمەن و ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، ٢٧.٢% زیادی کردووە.

ئەم ئامارە لە کاتێکدا بڵاو بوونەتەوە کە، بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی حکوومەتی مێهر، ئاستی تێچووی مانگانەی هەر خانەوارێک لە ئێران بەشێوەی مانگانە سنووری ٣ میلیۆن تمەنی تێپەڕاندووە و تەنیا بۆ دابین کردنی خۆراکی مانگانە ٧٥٤ هەزار تمەن پێویستە.

لەلایەکی دیکەشەوە هەواڵدەرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئاشکرایان کردووە کە دەوڵەت بەنیازە لە بەرەبەری ساڵی نوێدا پارەی نوێ بڕژێنێتە نێو بازاڕ کە ئەمە بەپێی زانستی ئابووریی کەڵان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە کەرتی بەرهەم هێنان ڕێڕەوی بەپێچەوانە دەپێوێ، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی هەڵاوسان.

وەحید شەقاقی، مامۆستای زانکۆ و ئابووریناس لەمبارەوە دەڵێ: بوونی سیستمی بانکیی ناکارامەی ئێستای ئێران، دامەزراوە نایاساییەکان، بازاڕی سەرمایەی ناکارامە و کەڵک وەرگرتن لە ئابووریی سەوداگەرانە، ئەم هەواڵانە پێمان دەڵێن کە ئابووریی ئێران لە لێواری مەرگ نیزیک بۆتەوە.