کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆبوونەوەی بەردەم كۆنسولخانەی ئێران لەئەفغانستان بە توندوتیژی كێشرا/‌ژمارەی كوژراوەكان سێ‌كەس راگەیەندراوە

17:22 - 16 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: ژمارەیەك هاووڵاتیی ناڕازیی ئەفغانی لەبەردەم كۆنسولخانەی رێژیمی ئێران لە هێرات كۆبوونەوە و لەئەنجامدا ئەو كۆبوونەوەیە بەتوندتیژی كێشرا و ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.

سایتی هەواڵی شینهوا بڵاوی كردەوە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە رێكەوتی١٦ی خەرمانان لەشاری هێرات هەڵكەوتوو لە رۆژئاوای ئەفغانستان ، ژمارەیەكی بەرچاو لەهاووڵاتیانی ئەفغان بە مەبەستی بەدوادا چوون بە كاروباری ویزاكانیان لەبەر دەم كۆنسولخانەی رێژیمی ئێران كۆبوونەوە.

ئەو كۆبوونەوەیە لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەكانەوە بە توندوتیژی كێشرا و لەئەنجامدا سێ‌كەس كوژران و ژمارەیەكیش بریندار بوون.

لەلایەكی دیكەوە چەند سایتی ناوچەیی ئەفغانستانیش ژمارەی كوژراوەكانیان دوو كەس راگەیاندووە.

شایەتحاڵان بەو سەرچاوە ناوچەیانەیان راگەیاندووە، ژمارەی خۆپیشاندەران زیاتر لە ٥٠٠ كەس بوون و خوازیاری ئەوە بوون كە پارەی ویزاكانیان كە رێژیمی ئێران لێی ئەستاندوون بۆیانیان بگەڕێندرێتەوە.

بەشێكی بەرچاو لەو ناڕازیانە ئەو كرێكارانە بوونە كە لەئێران كار دەكەن و لەوێ‌لەگەڵ كێشەی جیدی بەرەوڕوون و ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیمی ئێران بە بەردەوامی كێشەیان بۆ دروست دەكەن.

ماوەیەك لەمەوبەریش زیاتر لە ١٣ ئەفغانی لەسەر سنوور لەلایەن هێزەكانی رێژیمی ئێرانەوە كوژرابوون و كەس و كاری ئەو هاووڵاتیانە چەندین جار لەبەردەم كۆنسولگەری ئێران لە هێرات كۆبوونەوە و خوازیاری وەرگرتنەوەی تەرمی رۆڵەكانیان بوون.

6463.jpg