کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكرات بە بۆنەی كۆچی دوایی خاڵۆ حوسەین كۆكەن ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە

18:55 - 6 گەلاوێژ 2716

كوردستان میدیا: كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی كۆچی دوایی حوسێن عوسمانی ناسراو بە خاڵۆ حوسەین كۆكەن ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەی خوارەوەیە:

بە بۆنەی كۆچی دوایی خاڵۆ حوسێنەوە


مخابن ڕۆژی سێ شەممە، ڕێكەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، حوسێن عوسمانی ناسراو بە خاڵۆ حوسێن كۆكەن، لە نەخۆشخانەی شاری پاوە كۆچی دوایی كرد.

خاڵۆ حوسێن، لە گوندی دڕۆڵەی نزیك لە شاری پاوە لە دایك بووە. ئەو لە دڵی شاخێكی نزیك شارۆچكەی باینگانی سەربە شاری پاوە خانوویەكی دروست كرد كە چەندین ژوور و حەمام لە خۆ دەگرێت و تەنانەت قەبری خۆشی هەر لەوێ هەڵكەندبوو، هەر ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی كە ناسناوی فەرهادی سەردەمی پێ بدرێت. خاڵۆ حوسێن لە كۆتاییەكانی پاییزی ڕابردووەوە بە هۆی كەوتنە خوارەوە لە تاشەبەردێك، لە جێگادا كەوتبوو و دوای ٨٥ ساڵ تەمەن، ماڵئاوایی لە نێشتمان كرد.

جێی ئاماژەیە كە خاڵۆ حوسێن جیا لە هونەرەكەی، كەسایەتییەكی شۆڕشگێڕ و مرۆڤێكی خەباتكار بوو. ماوەیەك لە باشووری كوردستان بەشداریی لە شۆڕشی ئەیلوولدا كردووە. بۆ ماوەیەكیش شانبەشانی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە چەند جەولەیەكی نیزامیدا بەشداری كردووە. دوای ئەوەی كە درۆڵە گیرایەوە، وێڕای بنەماڵەكەی ڕوویان كردە گوندی بانەوڕێ و لەوێوە دەستی بە هەڵكەندنی شاخ كرد.

دام و دەزگاكانی رێژیم، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵیان دا ئەو شاخە و بەرهەمەكەی بكەنە ژێر مەجمووعەی ئاسەوارە مێژووییەكان، بەڵام كۆڵی نەدا و پێی ڕاگەیاندبوون كە ئەو شاخە موڵكی كوردە و وەك بۆ خۆی ڕایگەیاندووە، ژوورێكیشی تایبەت كردووە بۆ ڕێبەری حیزبی دێموكرات. جێی ئاماژەیە كە هەڵوێستی شۆڕشگێرانە و خەباتكارانەی خاڵۆ حوسێن ببووە جێگای هیوا و دڵگەرمی بۆ لاوان و تێكۆشەرانی ناوچەكە.

لێرەدا بە ناوی كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە سەرەخۆشی لە كەس و كاری خوالیخۆشبوو و خەڵكی ناوچەكە و سەرجەم نیشتمانپەروەرانی كوردستان دەكەین. گومان لەوەدا نییە كە كۆچی دوایی خاڵۆ حوسێن خەسارێكی گەورە بۆ كۆمەڵگای كوردستان بوو و خەمێكی گەورەی لە سەر دڵی لاوانی بە هەست و شۆڕشگێڕی كوردستان دانا.

هیوادارین كە ئاكار و كردەوە و ڕەوشتی بەرز و شۆڕشگێڕانەی خاڵۆ حوسێن ببێتە ڕێچكەیەك لە بەردەم لاوان و خەڵكی شۆڕشگێڕی كوردستان. یادی بەرز و ڕەوانی ئارام بێت.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمیسیۆنی تەشكیلات
٦ی گەلاوێژی ١٣٩٥