کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی قوربانییانی ئەنفال و هەڵەبجە لە زانینگەی تەورێز بەرز راگیرا

15:11 - 18 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە زانینگەی تەورێز لە رێوڕەسمێکدا یادی قوربانییانی ئەنفال و کارەساتی هەڵەبجەی بەرز راگرت.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کانوونی زاگرۆس رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٤ی رەشەمە، بەبۆنەی ساڵیادی کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە، رێوڕەسمێکی لە زانینگەی تەورێز بە بەشداریی خوێندکارانی ئەو زانینگەیە بەڕێوەبرد.
سەرەتای ئەو رێوڕەسمە بە خوێندنەوەی چەند ئایەت لە قورئان دەستی پێ کرد، بەڵام حەراسەتی زانکۆ ئیزنی راوەستانی بە بەشداران لەمەڕ رێزگرتن لەو قوربانییانە نەدا.
حامید کۆنەپۆشی کە وەکوو میوان بانگهێشتی ئەو رێوڕەسمە کرابوو چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و بە شێوەیەکی زانستییانە، کۆمەڵناسیی ئەنفال و کارەساتی هەڵەبجەی تاوتوێ کرد.
لە نێوئاخنی ئەو رێوڕەسمەدا چەندین کلیپ و شێعر کە لەلایەن خوێندکارانی کوردەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش کران.
پاشان پەیامی کانوونی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لەلایەن \'\'ئەردەڵان ئاقاپوور\'\'ەوە خوێندرایەوە.
بەرپرسان و حەراسەتی زانینگەی تەورێز سەرەڕای ئەوەی کە ئیزنی راوەستانیان بە خوێندکاران لەمەڕ رێزگرتن لە قوربانییان نەدا، گوشارێکی لە رادەبەدریشیان خستبووە سەر خوێندکاران و پێیان راگەیاندبوو کە ئیزنی لەبەرکردنی جلەبەرگی کوردیتان لەو رێوڕەسمەدا نییە.