کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسراییل: لە ئەگەری شکست هێنانی دیپلۆماسی، بەتەنیا هێرش دەکەینە سەر ئێران

16:54 - 10 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسراییل رایگەیاندووە، لە ئەگەری شکستی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی بەرنامەی ناوکیی ئێران، بەتەنیا بەرەوڕووی رێژیمی ئێران دەبینەوە.


زێیۆ ئەلکەین وتی: ئیسراییل لەو بڕوایە دایە دەکرێ لە رێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەی بەرنامەی ناوکیی ئێران چارەسەر بکرێ، بەڵام لە ئەگەری شکستی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، ئیسراییل تەنیا ساتێکیش لە هێرش کردن بۆسەر ئێران دوڕدونگی ناکات.
پێشتریش سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رێژیمی ئێران بە دروستکردنی چەکی ناوکی تاوانبار کرد و وتبووی ئەگەر ئیسراییل لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئێراندا بە تەنیا بمێنێتەوە، هێرش نیزامی دەکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران.
ئەلکەین وتیشی: ئیسراییل لەو بڕوایە دایە کە ئەگەری چارەسەر کردنی ئەو پرسە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە لە ئارا دایە بەڵام ئەم مەسەلە بە زەردەخەنە و کەم کردنەوەی گوشارەکان چارەسەر نابێت و دەبێ بازنەی گەمارۆکان زیاتر لە جاران تەنگتر بکرێتەوە.
ناوبراو هەروەها پڕژایە سەر ئەوەش، کە ئیسراییل ئیزنی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی نادات و ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم مەسەلەیەدا هاوکاریمان نەکات ئەرکی خۆی بەجێ نەگەیەنێت، ئێمە لە کاری خۆماندا شارەزاین و بە بێ دوڕدونگی هێرشی نیزامی دەکەینە سەر دامەزراوە نیزامییەکانی ئێران.