کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسماعیل بێشکچی سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد

20:44 - 28 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ئیسماعیل بێشکچی سیاسەتمەدار، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناسراوی تورک سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئیسماعیل بێشکچی سیاسەتمەدار، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناسراوی تورک بە یاوەریی ئیبراهیم گورپوس سەرۆکی سەنتەری ئیسماعیل بێشکچی، سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە گەرمی پێشوازی و بەخێرهاتنی کرا.

لە دانیشتنێکی دۆستانەدا بێشکچی ئاوڕێکی لە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی شەهید د. عبدولڕەحمان قاسملوو، د. سادق شەرەفکەندی دایەوە و گەلێک بیرەوەری سیاسیی خۆی لەگەڵ د. قاسملوو باس کرد و ئەم ڕێبەرە گەورەیەی وەک مرۆڤێکی شوێندانەر لەسەر پرسی کورد و دێموکراسی ناوزەد کرد.

پاشان لەسەر باکووری کوردستان و پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕێبەرانی کورد و ڕێگەچارەی ئاشتیانەی پرسی کورد و ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پارلمانی تورکیە و ئەو دەنگانەی بزووتنەوەی کورد (HDP) لەو هەڵبژاردنانەدا بەدەستیان هێنا و دواتر بەهۆی دەست پێکردنەوەی شەڕ لە بەینی (PKK) و ئەرتەشی تورکیە، ئەو پڕۆسەیەی پەک خست دوا و گوتی؛ ڕێگەچارەی کۆتایی گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانەیە.

لەو پێوەندییەدا ئیسماعیل بێشکچی ئاماژەی بە هەوڵەکانی د. عبدلڕحمان قاسملوو کرد کە زۆر بە وردبینییەوە بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد هەوڵیدا و سیاسەتەکانی ڕەوایی بە پرسی کورد دا لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا، و ڕێبەرانی کوردی باکووریش پێویستە لە دیالۆگ و وتووێژدا بە شێوەیەک بجووڵێنەوە کە پشتیوانیی ڕای گشتی بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و بیانوو بە دەوڵەتی تورکیە نەدەن ئاستەنگ لە ڕێگەی گەیشتن بە مافەکانیان پێکبێنێ. هەروەها سەبارەت بە گەیشتنی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دەسەڵاتی نەتەوەیییان و کۆمەڵێک نەتەوەی دیکە لە ئاسیا و ئووروپا قسەی کرد، بەڕێزیان لە درێژەی قسەکانیدا وتی؛ من لەو باوەڕەدام خەباتی کورد بە ئامانجەکانی دەگا و وەدی هێنانی ئەم ئامانجانە، یەکیەتی و یەکڕیزیی گەلی کوردی پێویستە.

دوای ئەو باسە پڕنێوەڕۆکەی ناوبراو؛ مستەفا هیجری گوتی؛ لە ڕوانینی ئێمەوە بۆچوون و نووسین و هەڵوێستەکانی بەڕێز بێشکچی کۆمەڵە بەهایەکن کە بۆ ئێمەی کورد و گەلانی مافخوازی دیکە جێی شانازییە و هیوادارین نموونەی ئەم کەسایەتییە مرۆڤ دۆستانە زۆر بن. بێگومان ڕوانگە و قوتابخانەی ئیسماعیل بێشکچی بۆ نەوەکانی داهاتوویش کە خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری و مافی گەلان دەکەن، ئەزموونێکی بەنرخن و وەک مێژوویەکی پڕ لە سەروەری دەمێنێتەوە.

دوای ئەو باسەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئیسماعیل بێشکچی لەسەر پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگە و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمەڵێک پرسیاری لە مستەفا هیجری کرد و لە لایەن سکرتێری گشتیی حیزبەوە بە وردی وەڵامی پرسیارەکانی بەتایبەت لەسەر کار و تێکۆشانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەم دواییەدا درایەوە. دواتر بێشکچی گوتی؛ هیوادارم بە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانتان، چوونکە خەباتی ئێوە مێژوویەکی درەوشاوەی هەیە، هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەدەوە تا ئێستا، و حیزبی ئێوە دەتوانێ ڕۆڵی مێژوویی لە پڕۆسەی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگێڕێت.

لە کۆتایی ئەو باسەدا جارێکیتر مستەفا هیجری سپاسی بێشکچی کرد بۆ سەردان و بەسەر کردنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هیوای تەمەن درێژی و سەرکەوتنی زیاتری لە خزمەت کردن بە ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەری و داکۆکی کردن لە کورد بۆ گەیشتنی بە مافەکانی کرد، و هەروەها ئیسماعیل بێشکچیش سەبارەت بە ڕوونکردنەوەکانی بەگەرمی سپاسی مستەفا هیجری کرد.