کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"ئیسڵاحخوازەکان\" ڕاسانی ڕۆژهەڵات وەک هیوای عەرەبستان و ئیسرائیل و ترامپ ناوزەد دەکەن

16:46 - 11 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: حەمیدڕەزا جەلایی پور، فەرمانداری پێشووی مەهاباد و چالاکی ئیسڵاحخواز لە وتارێکدا لە ژێر ناوی بکش بکش‌های غیربهداشتی لەهەمبەر ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانی خۆی دەربڕی.

جەلایی پور لەم وتارەدا ئەوپەڕی ڕق و قین و ترسی مێژوویی خۆی لە بزوتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی گەلی کورد دەردەبڕێ و دەڵێ: هەر کاتێک بەهەر هۆیەکەوە، دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران لاواز بووبێت مەسەلەی کۆمارە قەومییەکان هاتۆتە ئاراوە؛ کاتێک ڕەزاشا ڕۆیشت، لە ئازەربایجان و کوردستان کۆمارییەت دامەزرا.

ئەم سپاییە ئاکادێمیسیەنە دەڵێ: کاتێک شۆڕشی ئیسلامی دەکرا, شا دەیگوت ئێران دەبێتە ئێرانستان و خودموختاری چەکدارانە لە کوردستان دەستی پێکرد و ئەگەر ئیمام و پشتیوانییە خەڵکییەکانی شۆرش نەبوایەتن بەڕاستی ئێران دەبووە ئێرانستان.

ناوبراو لەم وتارەدا وتوویەتی: ئێمە کە لە بیرمان نەکردووە و وەک ڕۆژ ڕوونە. نابی گاڵتە بکەین. ئێستا بەفەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەکەکانیان هەڵگرتووەتەوە؛ عەرەبستان و ئیسرائیل و لەوانەیە ترامپیش دڵیان بەوانە خۆش کردووە.

ڕاسان ناوی هەستانەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی جەمارانە کە پاش ٢٠ ساڵ ڕاوەستانی خەباتی چەکدارانە، حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵدا لە شاخە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند.

حیزبی دێموکرات لە نامەیەکدا ڕوو لە خەڵک و رێکخراوە سیاسییەکانی ئێران ڕایگەیاند: خەباتی حدکا لە ناخی خۆیدا خەباتێکە بۆ هەموو ئێران، بۆ هەڵدانی ئاڵایەک کە سەرەڕۆیی زاڵ چەندین دەیەیە هەوڵی بەچۆکدا هێنانی دەدات.

لەم پێوەندییەدا کاوە ئەهەنگەری، چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتاریکی لە ژێر ناوی قاتل دیروز و دکتر امروز بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا ڕوو لەم پاسدارە ئاکادێمیسیەنە دەڵێ: ناوبراو وەکوو پاسدارێکی ئاکادیمیسیەن، ئاماژە بە ڕۆڵی ئیمامەکەیان دەکات و وەکوو فەرماندەکانی سپا، خەباتی حیزبی دێموکرات بە عەرەبستان و ئیسرائیل و ڕەنگە لە داهاتووشدا ترامپ دەبەستێتەوە.

ناوبراو دەزانێ کە شوناسخوازی لە ئێراندا بوونی هەیە و ئاماژە بە بەشێکی زۆر بچووک لە کێشەکان دەکات و ڕێکارێکی لەم چەشنە دەخاتەڕوو: ڕووی قسەم لە هێزە بەڕێزە شوناسخوازەکانە کە بێن با پیکەوە ئەم کێشانە بە هاوکاری دەوڵەت، کۆمیسیۆنەکانی مەجلیس و نیهادە مەدەنییەکان و لە چوارچێوەی فڕاکسیۆنێکی یەکگرتوو بێنینە گۆڕێ و چارەسەری بکەین.

ئەمەش بەو واتایە دێت کە ناوبراو بەدانی وەها پێشنیارێک نەتەنیا هەموو هەوڵەکانی چالاکانی کورد لە نێوخۆ – کە لە ڕێگەی بڵاڤۆکەکان ، نیهادەکان و ئەنجومەنەکان کە زۆربەیان داخراون – تاکوو دامەزراندنی فڕاکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی شەشەمدا بە هیچ دەزانێت، بەڵکوو وتووێژەکانی دوکتور قاسملووش لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامیش نابینێت کە دواجار بە تێرۆری ڕێبەری حیزبی دێموکرات لە سەر مێزی وتووێژ کۆتایی پێهات.

حەمیدڕەزا جەلایی پوور لە تەمەنی کەمتر لە ٢٥ ساڵدا لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە وەکوو فەرمانداری مەهاباد دیاری کرا و بە حوکمی ناوبراو ٥٩ لاوی مەهابادی لە سێدارە دران.

بەوتەی ئەم ئیسڵاحخوازە، ئەو لاوانە کە ئەندامی حدکا و کۆمەڵە بوون و لە بواری سیاسیدا چالاکییان هەبووە و پاش دەسبەسەرکران لە دادگای شۆڕشی تەورێز بە تاوانی چالاکی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ حیزبە کوردییەکان موحاکمە کران و هەر لەوێشدا ئێعدام کران.