کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام/ هەڵکشانی رێژەی تەڵاق و تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان

17:48 - 15 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: رەوتی هەڵکشانی تەڵاق لە ئێران هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی ئابووریی ئەو وڵاتە و رۆژانە ژیانی هاوبەشی دەیان بنەماڵە بەرە و تێکچوون دەچێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئامارە فەرمییەکانی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی رێژیمی ئێران لە پارێزگای ئیلام دەرخەری ئەوەن کە ئاماری تەڵاق و ئاماری تووشبوان بە ماددە سڕکەرەکان لە پارێزگای ئیلام، رووی لە هەڵکشان کردووە.

رێژەی لە رادەبەدەری تووشبوان بە ماددە سڕکەرەکان و نەبوونی رەخساندنی هەلی کار لە پارێزگای ئیلام لە کاتێک دایە کە ئەو پاڕێزگایە لە بواری سەرچاوە ژێر زەوییەکانەوە یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێرانە.

کارناسانی پرسە کۆمەڵایەتییەکان لەو باوەڕەدان کە بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و تووش‌بوون بە ماددە سڕکەرەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە پارێزگای ئیلام یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو لاواندا بووە.

لە ساڵی رابردوودا ٤ هەزار و ٢٦٠ کەس لە پارگای ئیلام بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوون، بریندار بوون و سەردانی پزیشکی یاسایی‌یان کردووە.

بەرزبوونەوەی رێژەی گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان، بەرزبووەنەوەی تەڵاق و دزی، لەو دیاردە دزێوانەن کەلە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووەتە هۆی بەرز بوونەوەی دیاردەی تەڵاق لە پارێزگا کوردنشینەکاندا.

هەر لەو پێوەندییەدا، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، یەک هزار و ٥٠٠ حاڵەتی تەڵاق لە پارێزگای سنە رووی داوە.

هەروەها، ئامارەکان لە پارێزگای کرماشان دەرخەری ئەوەن لە بەرانبەر هەر چوار حاڵەت هاوسەرگیریدا یەک حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە.

ساڵی رابردوو ٦ هەزار و ٤١٣ حاڵەتی تەڵاق لە ئاستی پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە نیسبەت بە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە سەدا ١/١٤ هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە.

پێشتریش هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری وەزیری دادگوستەریی ئێران هەواڵی بوونی ١٤ میلیۆن دۆسیەی تەڵاق لە دادگاکانی ئێراندا بڵاو کردبووەوە.

سەرەڕای ١٠٢ هەزار لاوی بێ‌خێزان لە ئیلامدا کە زۆربەیان تووشی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بوون، ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم کەمترین رۆڵیان لە کۆنترۆڵ و بەڕێوەبەریدا سەبارەت بەو قەیرانانە هەیە.

کارناسانی کۆمەڵناسی، تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان، دەستێوەردانی دەرەکی، توند و تیژی، بەد گومانی بە هاوسەر، نەبوونی داهات، نەخۆشی و کێشەی رەوانی، هاوسەرگیری ئیجباری، بێکاری، کێشەی کولتووری و کێشەی جینسی لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی تەڵاق دەزانن.