کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان بێبەشکرانی مامۆستایانی کوردی لە وانەوە وتنەوە مەحکووم کرد

22:14 - 6 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانانی کوردستانی ئێران لەبارەی بێبەش کردنی ژمارەیەک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی سەقز و بۆکان لە وانەوتنەوە، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەنراوە کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

مامۆستایانی نیشمانپەروەری کوردستان

ئێمە وەک یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بێزاری خۆمان لە بێبەش کردنی چەند مامۆستای بە توانای قوتابخانەکانی سەقز و بۆکان لە وانە وتنەوە دەردەبڕین و پیشتیوانیمان لە داوا و ویستە رەواکانیان دووپات دەکەینەوە. ئەو چەند ماموستایە کە لە بە ئەمەگترین مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستانن، لەسەر کێشە و گرفتی ماموستا و قوتابییان لە قوتابخانەکانی کوردستاندا دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردووەتەوە و بە هەڵوێستی خۆیان، لە سەرچاکسازی قوتابخانە و ئیدارەی پەروەردە، پێداگرییان کردووە. هاودەنگی و چاونەترسی لەو چەشنە، لای خەڵک و قوتابییان جێگەی رێز و شانازی بووە. ئەو ماموستا دڵسۆزانە، لە بابەت و گرفتەکانی وەک زمانی زگماکی، سەرەڕۆیی کاربەدەستانی پەروەردە، رووداوی دڵتەزێنی قوتابخانەى شیناوێی پیرانشار، سکاڵاکردن لە بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە، بەردەوام خاوەنی هەڵوێست بوون. ئێمە وەک یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی سەرجەم مامۆستایانی نیشتمانپەروەر و هەڵوێستی بوێرانەی ئەو مامۆستایانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەهەمبەر سیستەمی پەروەردە لە ئێران و کوردستاندا. هەروەها هیوادارین ئەو هاوهەڵوێستی و یەکڕیزییەی کە بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا لە نێوان مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستاندا بینراوە، هەروا بەردەوام بێت و رێگە نەدەن کەسانی هەلپەرست، خۆویست و بەرژەوەندیخواز پەیوەستی ریزەکانتان بن و زەربە لە هاودەنگی و یەکریزیتان بدەن.

بە هیوای بە دیهاتنی هەموو داوا پیشەیی و نەتەوایەتییەکانمان

یەکیەتیی پێشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
٥ی جۆزەردانی ١٣٩٣
٢٠١٤/٥/٢٦