کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکرات: کەرامەتی ژنی کورد و مافەکانی بارتەقای کەرامەتی نەتەوەی کورد و مافەکانی بۆمان گرینگە

21:17 - 31 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە هەڵوێستی ژمارەیەک ژن بە ناوی چالاکڤانانی ژنی ڕۆژهەڵات، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا داکۆکی لە مافی ژنان دەکا و داوا دەکات کە پشتیوانی لە مافی ژنان نەکرێ بە ئامراز بۆ هێرش بۆ سەر خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بیانوو داتاشین بۆ دژایەتی کردنی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردستان و حیزبەکانی ئەم پارچەیە لە کوردستان.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

هەڵوێستێک و وەڵامێک


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای بڵاو کرانی مەبەست دارانەی گرتە ڤیدیۆیەک لە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ژمارەیەک ژن لە ژێر ناوی چالاکڤانانی ژنانی ڕۆژهەڵات،وەک ئەوەی کەشفێکی گەورەیان کردبێ،ئەو مەسەلەیان کردە بیانوو بۆ ئەوەی دژایەتی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی کورد بەگشتی و خەباتی بەردەوام و شوێن دانەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاشکراتر بکەن و رق و کینەی خۆیان بەرانبەر بەم بزووتنەوەو بەم حیزبە هەڵبڕژێنن.

ئێمە وەک یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەی هەرجۆرە بەکەم گرتن و بێرێزی بە تاکی ژن رەت دەکەینەوە و بەکارێکی نەشیاوی دەزانین و لەهەمان کاتدا ئەوەش لە ئەخلاقی سیاسی و رەوتی چالاکیەکانی واقعی ژن بە هەر ناو و بەهەرناو گروپێک بەدوور دەبینین کە بیانوویەکی ئاوەها بکرێتە ئامرازی چەواشەکاری و هەڵکووتانە سەر بزووتنەوەی ملی- دێموکراتیکی کوردستان وحیزبە ناسراوو جێگای باوەرەکەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

ئەوەی لەبڵاو کراوەی ئەم چەند ژنەدا بەروونی و بەئاشکرا خۆی دەنوێنێ، بیانوو داتاشینە بۆ دژایەتی کردنی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردستان و حیزبەکانی ئەم پارچەیە لە کوردستان.

بۆیە بەپێویستی دەزانین لە وڵامی ئەم بڵاوکراوەیەدا ئاماژە بەچەند خاڵ بکەین:

یەکەم:قسەیەکی زارەکی هەرچەند ناشایستی ئەندامی حیزبێک لە مەحفەلێکی دو سێ کەسی و لە هەلو مەرجێکی تایبەتی دا،لەلایەن هیچ مرۆڤێکی سیاسی و هەڵسوراوێکی واقعبین بەسیاسەتی گشتی هیچ حیزبێک دانانرێ.

خۆ ئەگەر ئەو چەند ژنە شتی لەو بابەتە بە سیاسەتی گشتی حیزبێک دەزانن، ئەدی لێدوانی بەرپرسانی پلە یەکی هێندێ لە ئەحزابی دیاری کراو بەدژی ژن و مافەکانیان،چ بۆچونێکیان هەیە و هەڵوێستیان لەسەر ئەوانە چیە؟

دووهەم:بابەتی ئاماژە پێکراو لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە نە لەبەر قسەو قسەڵۆکی ئەم و ئەو بەڵکو بە پێی پرینسیبەکانی حیزب بەدواداچونی بۆکراوە و لێپرسینەوەی بەدوادا هاتووە و جیا لەوە سیاسەت و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات بەرانبەر بە ژن و بەمافی ژن هەر لەسەرەتایی دامەزراندنی ئەو حیزبەوە روون و ئاشکرا بووە.

ئەوەی هەندێ لایەنی دیکە بە زارەکی لێی دەدوێن و شانۆسازی پێوە دەکەن، حیزبی دێموکرات بە کردەوە ئەنجامی داوە و رێو شوێندانەری ئەم کردەوەو هەنگاوانە لە کۆمەڵگای کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەزەقی خۆی نیشان داوە هەربۆیەش شانازی پێوە دەکا.

سێهەم: لە بڵاو کراوەی ئەو چەند ژنەدا ئاماژە بەوە کراوە کە شتی لەو بابەتە هەر بەحیزبێک بەرتەسک نابێتەوە،بەڵکو لەلایەن لایەنی دیکەشەوە هەبووە یا هەیە،قسە ئەوەیە ئەگەر ئەو ئیدیعایە راستە،ئەو پرسیارە دێتە پێش کە بۆچی بێجگە لەو بابەتە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،هەر ئەو ژنانە هیچ نارەزایەتیەکیان بەرانبەر هیچ لایەنی دیکە دەر نەبڕیوە،هەر ئەمەش ئەو راستیە دەسلمێنێ کە مەسەلەی ئەو ژنانە نەمافی ژنانە بەڵکو بیانوویەکە بۆ دژایەتی بزووتنەوەی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکرات بەتایبەتی، بڵاو کراوەکەشیان بەراسپاردە و بۆ مەبەستی تایبەتی و لە هەلو مەرجێک دا هاتووەتە ئاراوە کە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە گەشە و بەرینتر بوونەوەیە کە هەندێ لایەن چاوی دیتنیان نیە.

چوارەم:ئەگەر چاوی دیتن و خوێندنەوەی دروست هەبێ، نابێ ئەو چەند ژنە لە بیر و بۆچونی \'\'پێشەوا قازی موحەمەد\'\' و \'\'دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و رێبەرانی دیکەی ئو حیزبە ئاگادار نەبن، بەڵام ئەو بەرێزانە ئەوانە بە سیاسەتی گشتی حیزب نازانن، قسەی ئەندامێکی حیزب لە مەحفلێکی بچوکی چەند کەسی دا دەکەنە بیانوو بۆ هەڵپژانە سەر حیزبی دێموکرات.

لە بەرانبەر دا نابێ ئەو ژنە بەرێزانە لە بۆچوونی راشکاوانەی رێبەری لایەنێکی دیکەی کورد کە بەوتەی خۆی دەریبڕیوە و بەدەستی خۆی نوسیویە چلۆن کەرامەتی ژن دەشکێنێ و جێگە و پێگەی مرۆڤانەی دادەبەزێنێ، ئاگادار نەبن و بە سیاسەتی ئەو لایەنەی دانەنێن.


ئەو سیاسەتە بانێک و دو هەوا نیە؟!

بەو حاڵەش ئەو ژنەن بەرێزانە لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیان دا داوا دەکەن ئەو بەیانیە دوور لە خوێندنەوەی حیزبایەتی و کێشە حیزبایەتیەکان وڵامی شیاوی بدرێتەوە.

هەروا بزانە کە بڵاو کراوەکەی خۆیان بەدوور لە حیزبایەتی و کێشە حیزبایەتیەکان نوسراوە.

ئێمە وەک یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان کە لە پێناو پاراستنی کەرامەتی ژن و دابین بوونی مافە ئینسانیەکانی خەبات دەکەین، راشکاوانە دژ بە هەر بێ حورمەتیەک بە ژن بە گشتی دەوەستینەوە، بەڵام هەرگیز وا ناکەین کە مەوردێک لە ژێر زەرەبین ببینین و چاو لە هەڵوێستی گەورەتری دژ بەژن دا بخەین.

راشکاوانە رایدەگەنین ک هەر بەو رادەیە کە کەرامەتی ژنی کورد ومافەکانیمان لەبەر چاوە، بەو رادەیەش کەرامەتی نەتەوەی کورد ومافەکانیمان بۆ گرینگە، چونکە بەشداری لە خەباتی نەتەوایەتی هەرگیز نەبووەتە هۆی کز کردنی ئیرادەی ژنی کورد لە پێناو هەوڵدان بۆ یەکسانی و مافەکانی.

باشترە ئەوەیەلەسەر ئەو باوەرە بین کە هەر کات نیوەی کۆمەڵ جا چ پیاو بی و چ ژن،خاوەنی ماف و دەسەڵاتی خۆی بێ و نیوەکەی دیکە هیچ، هیج کات کۆمەڵگایەکی بەختەوەرمان نابێ.

ئەوەی دەتوانێ کۆمەڵگا بەختەوەر بکا مرۆڤ تەوەریە.

هیوادارین رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە کەرامەتی ژن زیاتر لەگەڵ یەک لە پەیوەندی دابین و مەسەلەکان بەیەکەوە تاو توێ بکەین و لە هەموو گۆشەکانەوە بە واقعبینیەوە سەیری کێشەکان بکەین و دارێک هەموو دارستانەکەمان لە بەر چاو وون نەکا.

یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی