کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەم رۆژی کۆنگرەی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات بەڕێوەچوو

20:34 - 9 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: یەکەم رۆژی کۆنگرەی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات لە وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو و لە پەراوێزدا ٣ رێکخراوی لاوانی کوردی بەشداری ئەو کۆنگرەیە بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر کۆبوونەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ یەکەم رۆژی کاری کۆنگرەی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات، ئەمڕۆ هەینی رێکەوتی ٩ی رەشەمە بە بەشداریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆپنهاگن پایتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەو کۆنگرەیەدا وتاری نوێنەری لاوانی سوسیال دێموکراتی دانمارک وەکوو خانەخوێی کۆنگرەکە لەلایەن \'\'کامیلیا برەنژەر\'\'ەوە پێشکەش کرا و دوا بەدوای ئەوە وتاری سەرۆکی گشتیی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات لەلایەن \'\'ڤیڤیانا پینێرۆ\'\'ەوە خوێندرایەوە.
لە پەراوێزی ئەو کۆنگرەیەدا سێ رێکخراوی لاوانی کورد، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان (باشوور) و لاوانی BDP، کۆبوونەوە و لەسەر باس کردنی پرسی کورد و کێشەکانی لاوان لە هەرچوار پارچەی کوردستان راوڕاوێژیان کرد.
بەپێی ئەم راپۆرتە کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی کۆمیتەی رۆژهەڵاتی نێوڕاستی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات بە بەشداریی ئەندامەکانی و لەوانە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دانیشتی خۆی پێکدەهێنیت و تێیدا نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسێک لەسەر دۆخی لاوانی هەر چوار بەشی کوردستان بەگشتی و لاوانی کوردستانی ئێران بەتایبەتی پێشکەش دەکات.