کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كەبوودوەند لەگرتووخانەی ئێوینەوە بەیانییەیەكی لەپێوەندیی توندوتیژی و تیرۆری دكتور قاسملوو بڵاو كردەوە

22:29 - 22 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: سەرۆكی بەندكراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا تیرۆری چالاكانی سیاسی و رێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێرانی بەتایبەتی دكتور قاسملووی مەحكووم كرد.

نوسخەیەك لەو بەیاننامەیە بەماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.
دەقی بەیاننامەكە

سەركوتی خەڵكی و توندوتیژی و تیرۆر مەحكوومە
توندوتیژی، شەڕ و تیرۆر لەچەند دەیەی رابردوودا زیاتر لەهەر كاتێك بە سەر خەڵكی و چالاكانی سیاسی و كۆمەڵگەی كوردیدا سەپاوە و لەو شێوازە بۆ سەركوت كەڵك وەرگیراوە. بەشێوەیەکی روون و دیار سەرجەم هەوڵە ئاشتیخواز و بزووتنەوە سیاسیی و مەدەنییەكانی كورد بە جۆرێك لەجۆرەكان بە تێكهەڵچوون و شەڕ و تیرۆرەوە وڵام دراوەتەوە. هەر وەكوو دیتمان كە هەیئەتی دانوسانكاری نوێنەرایەتیی كورد لەساڵەكانی سەرەتای شۆڕشدا كە ویست و داخوازی كوردەكان مەبەستی ئەوان بوو، بەهێرشی نیزامی بۆ سەر كوردستان و سەپاندنی شەڕ وڵام درایەوە و ئەو شەڕە دەرئەنجامەكەی كوشتاری دەیان هەزار كەس لەخەڵكی كوردی لێكەوتەوە و چەندین دەیە سەركوت و توندوتیژی سیاسیی و ئەمنیەتی بەرهەمی ئەو شەڕە بۆ كوردەكان بوو.

لەهەمان كاتدا هەوڵەكانی هێندێ‌لەكەسانی سیاسیی و مەزهەبی و نەتەوەیی كورد بۆ راگرتنی ئەو شەڕە و سەركوتی خەڵكی و كردنەوەی بەستێنێكی سیاسیی بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە، نەتەنیا هیچ دەسكەوتێكی نەبوو بەڵكوو چالاكانی ئەو بوارە خۆیان كردە قوربانی توندوتیژی و سەركوت كران. گرتنی چالاكانی سیاسیی كورد لە ناوخۆی وڵات و تیرۆری رێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ وێنە دكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لەكاتی وتووێژ لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران جێگای هەڵوێستە و لێكدانەوەیە.
دكتور قاسملوو بەو باوەڕمەندی بە رێگا چارەی سیاسیی و شێوازكانی ئاشتیخوازانە بەمەبەستی چارەسەریی پرسی كورد چووە ناو پڕۆسەی وتووێژەوە، بەڵام وادیارە لە هەمبەر راستی و دروستی و نیەت پاكی ویستی كوردەكان و لۆژیكی وتووێژ ودیپڵۆماسی، توندوتیژی تەنیا رێگا چارە بوو كە لە 22‌ی پووشپەڕی 1368‌ی هەتاوییدا وڵامی درایەوە و لە پێوەندیی سەركوتی مەدەنیشدا دەتوانین ئاماژە بە سەركوتەكانی پووشپەڕی ساڵی 1384ی خەڵكی كوردستان بكەین كە لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنیەتییەكانیەوە بە توندترین شێوە سەركوت كران.
سەرجەم بززوتنەوە مەدەنیی و ئاشتیخوازانەكانی خەڵكی كورد، حیزبە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنیی لەماوەی سی ساڵی رابردوودا بە شەڕ و توندوتیژی وڵام دراوەتەوە. خەڵكی كورد زۆر ناخۆشی و تاڵیان لەپێوەندیی میزی وتووێژ و دانوستاندا بینیوە ولەراستیدا بوونەتە قوربانی دەستی وتووێژ. هەر بۆیە ویژدانی كۆمەڵگەی كوردی و كۆمەڵگەی مەدەنیی تیرۆر و سەپاندنی شەڕ و توندووتیژی بۆ سەر خەڵكی و تیرۆری چالاكانی سیاسیی و رێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن رەت دەكاتەوە و هاوكاتیش مەحكوومی دەكات.

محەممەد سەدیق كەبوودەوەند، گرتووخانەی ئێوین

١٨‌ی پووشپەڕی ٣١٩٢ی هەتاوی