کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢٠ ئەسبی كاسبكارانی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ‌ بە تەقەی هێزەكانی رێژیم، بە كوشت چوون

22:28 - 28 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران كۆڵبەر و كاسبكارانی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ‌یان دایە بە دەستڕێژی گولـلە.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ژمارەیەک كۆڵبەر و كاسبكاری ئاوایی خانەگیی سەر بەناوچەی تەرگەوەڕ لە شوێنێك بەناوی هەوارگەی جیرانچەپ لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە درانە بەر دەسترێژ و لەئەنجامدا بیست سەر لە ئەسبی بارهەڵگری كاسبكارانی كورد بە كوشت چوون.
لەلایەكی دیكەوە هاوكات لەگەڵ ئەو هێرش كردنە، ژمارەیەك كاسبكاری دیكەش كە خەڵكی ئاوایی سولكێ‌ لەناوچەی تەرگەوەڕ بوون، دراونەتە بەر دەستڕێژ.

ئەو كاسبكارانەش لە هەمان شوێن واتە لە هەوارگەی جیرانچەپ هەڵكەوتوو لە چیای شەهیدان لەسنووری توركیە و ئێران، لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە تەقەیان لێ‌كراوە و لەئەنجامدا سەد سەر ئەسبی ئەو كاسبكارانەش بە كوشت چووە.

هاووڵاتییەكی ناوچەی تەرگەوەڕ بە ماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، هەوارگەی جیرانچەپ لەچیای شەهیدان شوێنێكی زۆر دڵڕەفین و كەش و هەوایەكی تەندروستی هەیە، بەڵام ئێستاكە بە هۆی كەلاكی ئەو ئاژەڵانە كە بە تەقەی هێزە نیزامییەكان بە كوشت چوون، هیچ كەس ناتوانێ‌نزیكی ئەو شوێنە ببێتەوە.
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: مەڕدارانی ئەو ناوچەش بە هۆی پێس بوونی چیای شەهیدان و بوونی ئەو ئەسبە كوژراوانە ناتوانن مەڕوماڵاتەكانیان بۆ لەوەڕاندن ببەنە ئەوێ‌.